وەفدێکی باڵای هێزەکانی حەفتا سەردانی بەغدا دەکات

08:48 - 2022-11-27
عیراق
369 جار خوێندراوەتەوە

وەفدێکی باڵای ھێزەکانی حەفتا بە سەرۆکایەتی لیوا روکن عومەر ساڵح سەرۆکی دەستەی ئەرکان، کە پێکھاتبوون لە  لیوا روکن مەریوان محەمەد فەرماندەی ھێزەکانی پشتیوانی دوو، وەھاب ھەڵەبجەیی بەڕێوەبەری گشتیی دژەتیرۆر ، دیار عومەر جێگری فەرماندەیی ھێزەکانی کۆماندۆی کوردستان، سەردانی بەغدایانکرد و لەگەڵ ھەریەک لە د. لەتیف جەمال رەشید سەرۆک کۆمار، سابت محەمەد سەعید عەباسی وەزیری بەرگری، عەبدولئەمیر شەمەری وەزیری ناوخۆ، فەریق یەکەمی روکن عەبدول ئەمیر یارەڵڵا سەرۆکی ئەرکانی سوپا، عەبدولوەھاب ساعیدی سەرۆکی دەزگای دژەتیرۆر عیراق کۆبوونەوە.
لە کۆبوونەوەکاندا گفتوگۆ لەبارەی بارودۆخی ئەمنی و سەربازی و ریشەکێشکردنی پاشماوەکانی داعش و ئۆپەراسیۆنی ھاوبەش کرا و جەختکرایەوە لە بەردەوامی پەیوەندیی و ھەماھەنگییە سەربازی و ھەواڵگرییەکان و فراوانکردنی ھاریکارییەکان لەپێناوی سەقامگیری زیاتری ئاسایش و ئارامی لە وڵاتدا.
کۆبوونەوەکان پلان و بەرنامەی نوێی سەربازی خستەبەرباس و ھەموو ئەو رێوشوێنە ئەمنییانە تاوتوێکران کە پێویستە بگیرێنەبەر بۆ پاراستنی خاکی عیراق و ھەرێم، بەتایبەت لە ناوچە دابڕێندراوەکان کە بۆشایی ئەمنییان تێدایە و بڕیاردرا ژووری ئۆپەراسیۆنەکان فراوانتربکرێن و کاری پێکەوەیی و کردەی سەربازی، پشت بەستوو بە زانیارییە ھەواڵگرییەکان بکرێت بۆ ریشەکێشکردنی تیرۆر و رووبەڕووبوونەوەی پاشماوەکانی تیرۆریستانی داعش.
پارێزگاریکردن لە سەروەریی یاساو جێبەجێکردنی بڕیارەکانی دادگاو دەستگیرکردنی لە یاسا ھەڵھاتووان و تاوانکاران و تیرۆریستان بەشێکی تری تەوەری کۆبوونەوەکان بوو، کە ھەڵسەنگێنراو بڕیاردرا لەو چوارچێوەیەدا ھەماھەنگییەکان لە نێوان ھەرێم و عیراق زیاتربکرێن بۆ دەستگیرکردنی تۆمەتباران و تاوانباران کە یاسا داوایان دەکات و بەدواداچوونی زیاتربکرێت بۆ ھەموو ئەو کەیسانەی پەیوەستن بە  تیرۆرو کاری تاوانکاری، رێوشوێنی ئەمنی و سەربازی توندوتۆڵتریان بەرامبەربگیرێتە بەر و رێگەنەدرێت قانوون شکێنان سوود لەدەرفەت وەربگرن و خۆیان لە شارەکانی ھەرێم و عیراق حەشاربدەن لەو رووەوە بڕیاری پێویست درا بۆ جێبەجێکردنی.
ھاوکاریکردنی ھێزی پێشمەرگەو پێشخستنی توانا سەربازییەکان و سوود وەرگرتن لە راوێژکارانی سەربازی عیراق لەکۆبوونەوەکاندا تاوتوێکرا و پێویستی بەردەوامی مەشق و راھێنانەکان دووپاتکرایەوە و بۆ ئەوەش لەسەر چەند خاڵێک رێکەوتن.

بابەتە پەیوەندیدارەکان