سەرۆك كۆمار: زۆرێك لە وڵاتان لەگەڵ پێشخستنی پەیوەندییەكانیاندان لەگەڵ عیراقدا

10:12 - 2023-11-05
عیراق
458 جار خوێندراوەتەوە

د.لەتیف رەشید سەرۆك كۆمار، دوێنێ لە بەغدا بەشداریكرد لە حەوتەمین كۆنفرانسی باڵیۆزەكانی عیراق لەژێر ناونیشانی «دیپلۆماسیەتی عیراق، پەیوەندییە نێودەوڵەتییە هاوسەنگەكان و پەرەپێدانی ئابووریی بەردەوام».
لە كۆنفرانسەكەدا، سەرۆك كۆمار وتەیەكی پێشكەشكرد و جەختیكردەوە كە دیپلۆماسیەتی عیراق لە روانگەی سیاسەتی دیموكراسیی وڵاتەكەمانەوە توانی پەیوەندییەكانی لەگەڵ زۆرێك لە وڵاتان دەستپێبكاتەوە، ئەوەش بە ئامانجی پاراستنی نەریتەكانی پێكەوەژیان و هاریكاریی نێوان وڵاتان. ئاماژەی بەوەش كرد كە سیاسەتی دەرەوەی عیراق لەسەر بنەمای هەماهەنگی بونیادنراوە، مەبەستیش لەوە زاڵبوونە بەسەر قەیرانەكاندا لەڕێگەی دیالۆگی بونیادنەرانە و بەرژەوەندییە هاوبەشەكان، كە عیراق چالاكانە كاربكات بۆ چارەسەركردنی قەیرانەكان و هاریكار بێت لە دروستكردنی ژینگەیەكی پێكەوەژیانی ناوچەیی، هەروەك بەرنامەی حكومەتی عیراق بەشێوەیەكە جەخت لە گرنگیی پەیوەندییەكان لەگەڵ وڵاتانی جیهان دەكاتەوە، وەك سەرۆكایەتیی كۆماریش زۆر بە جدی كارمان لەسەر كردووە تا وڵاتەكەمان بەدووربگیرێت لە سیاسەتی جەمسەرگیری.
سەرۆك كۆمار، دووپاتیشیكردەوە كە ئەوەی ئێستا یارمەتیدەرە بۆ باشتركردنی پەیوەندییەكان، ئەو سەقامگیرییە گەورەیەیە كە لە بارودۆخی ئەمنیدا بەدەستهاتووە، زۆرێك لە وڵاتانیش ویستی خۆیان دەردەبڕن بۆ زیاتر پێشخستنی پەیوەندییەكانیان لەگەڵ عیراقدا، كە ئەوەش دەكرێت گەشەی پێبدرێت لە بوارەكانی سیاسی، ئابووری، كەلتوری و بازرگانیدا.

بابەتە پەیوەندیدارەکان