مارادۆنا لە مێژووی مۆندیالدا

10:36 - 2022-11-30
وەرزش
325 جار خوێندراوەتەوە

دییگۆ ئارماندۆ مارادۆنا، ئەو ناوەیە لە ئاسمانی یاریی تۆپی پێی جیهان و مێژووی مۆندیالدا هەمووانی سەرسام كردووە، لەم مۆندیالەی قەتەردا یادی كۆچی دواییەكەی بەرز راگیراو رێز لەو مێژووە دەوڵەمەندی نرا.
مارادۆنا لەمۆندیالی 1986 - مەکسیکدا ناوی بە تەواوی درەوشایەوە، رۆڵەكەشی ئاسایی نەبوو بەڵكو   رۆڵێكی نا ئاسایی بوو، تەنانەت مۆندیالەکە ناو نرا مۆندیالی مارادۆنا.
ئەو مۆندیالە ئەرجەنتین 7 یاری كرد، هیچ یارییەكیانی نەدۆڕاند، لەقۆناغی چارەكی كۆتاییدا لە ئینگلتەرا و لەقۆناغی پێش كۆتاییدا لە بەلجیكاو لەیاری كۆتاییشدا لە ئەلمانیای بردەوە و نازناوی پاڵەوانیان بەدەستهێنا، دییگۆ توانی پێنج گۆڵ بكات و لەپلەی دووەمی گۆڵكەراندا وەستا، پێنج گۆڵیشی بۆ هاوڕێ یاریزانەكانی درووستكرد، سەرەرای ئەوەی 53 بڕین (مراوەغە)ی سەركەوتووشی ئەنجامدا.
مارادۆنا  لەگەڵ سەروەرییە گەورەكانیدا، خاوەن ژمارەیەكی پێوانەیی خراپیشە، ئەو بە تاكە یاریزان دادەندرێت  كە زۆرترین هەڵە و فاوڵی کردبێت بەمشێوەیەیە:
*لەمۆندیالی 1982: 36 هەڵەو فاوڵی هەبووە
*لەمۆندیالی 1986: 53 هەڵەو فاوڵی كردووە
*لەمۆندیالی 1990: 50 هەڵەو فاوڵی هەبووە
*لەمۆندیالی 1994: 13 هەڵەو فاوڵی كردووە.
جێگەی باسە مارادۆنا كە لەرۆژی 20ی مانگی 11ی 2020 كۆچی دوایكرد، لەنێوان ساڵانی 1977 تا 1994 لەریزی هەڵبژاردەی ئەرجەنتیندا یاریی كردووە، لەو ماوەیەدا لە 91 یاریدا بەشداربووە، توانیویەتی 34 گۆڵ بكات، یاریی بۆ هەریەك لەیانەكانی: ئەرجەنتینۆس جونیۆرز و بۆكاجونیۆرز و بارسیلۆنا و ناپۆلی و سیڤییا و نیو ئۆڵد بۆیز كردووە.

#مۆندیال

بابەتە پەیوەندیدارەکان