ساڵیادی کۆچی دوایی مامۆستا موحسین عەلی ئەکبەر دەکرێتەوە

01:18 - 2022-12-01
کوردستان
599 جار خوێندراوەتەوە

وەک وەفایەک بۆ خەبات و تێکۆشانی هەڤاڵ مامۆستا موحسین عەلی ئەکبەر، سەرلەبەیانی ئەمڕۆ هەڤاڵ سەرکەوت زەکی ئەندامی مەکتەبی سیاسی و لێپرسراوی مەکتەبی رێکخستن بەهاوڕێیەتی ژمارەیەک لە ئەندامانی سەرکردایەتی و ئەندامان و کادیرانی مەکتەب، سەردانی یەکەمین ساڵیادی ئەو تێکۆشەر و و رووناکبیرەیان کرد لە گۆڕستانی سەلیم بەگ لە سلێمانی.

سەرکەوت زەکی دوای دانانی تاجەگوڵینەی مەکتەبی رێکخستن، باسی لە مێژووی خەباتی بێوچانی مامۆستا موحسین کرد کە مێژووێکی پڕسەروەریی بۆ خۆی و بنەماڵەکەی و یەکێتیش تۆمارکردووە، لە چەندین وێستگەی کوردایەتیدا بەشداریکردووە.

ئاماژەی بەوەش دا کە لە سەرەتای دروستبوونی کۆمەڵە و یەکێتیدا یەکێک بووە لە تێکۆشەرەکانی مەیدانی خەبات، لە دوای راپەڕینیش چەندین پۆست و پلەی حزبی و حکومی وەرگرتووە و سترکەوتوانە ئەرکەکانی جێبەجێکردووە.

مامۆستا موحسین لە خانەقینى ئەڵوەنەوە ساڵى 1950 چاوى بەدونیا هەڵهێناوە و قۆناغەکانى خویندنى سەرەتایی و ناوەندى و ئامادەیی لە خانەقین تەواو کردووە، لە سەرەتایی لاوێتییەوە هەستى بەو زوڵم و ستەمە کردووە کە دەرهەق میللەتەکەى دەکرێت، پەیوەندى بەشۆڕشی گەلى کوردەوە دەکات و تاوەکو لەو پێناوەدا تێیبکۆشێت و دۆزى رەواى گەل و نیشتمانەکەى بەئامانجى نەتەوەیی بگاتە مەنزڵى رزگارى و مافە زەوتراوەکان بسەنرێتەوە.

مامۆستا موحسین لە ساڵى 1971 لە ئەڵقە رۆشنبیریەکانى کۆمەڵەى رەنجدەرانی کوردستان وەرگیراوە و بۆ ساڵى دواتر بووە بە ئەندام، ساڵى 1974 خوێندنى پەیمانگاى پێگەیاندنى مامۆستایان لە هەولێر تەواو کردووە، ساڵى 1978 پەیوەندى بەڕیزەکانى هێزى پێشمەرگەى کوردستانەوە کردووە و دواتر گواستراوەتەوە بۆ مەکتەبى راگەیاندن و لەوێ بۆتە بەرپرسی بەشى کوردى لە ئیزگەى گەلى کوردستان.

لە ساڵى 1979 بۆ 1980 نوێنەرى یەکێتى بووە لە شارى سەردەشت لە خۆرهەڵاتی کوردستان و دواتر بوە بە نوێنەرى یەکێتى لە تاران.

لە ساڵى 1985 کراوەتە لیپرسراوى رێکخراوى چوارى سلێمانى کۆمەڵە، لە ساڵى 1986 کراوەتە ئەندامى دەزگاى ناوەندى رێکخستنى کۆمەڵە، ساڵى دواتر وەکو ئەندامى مەکتەبى راگەیاندن کراوەتە لیپرسراوى بەشى چاپخانە و تاکو 1990 لە پۆستەکەى بەردەوام بووە.

مامۆستا موحسین دواى ڕاپەرین بووە بەکارگێڕى مەڵبەندى سلێمانى، ساڵى 1996 بۆ 1998 لێپرسراوى مەڵبەندى گەرمیان بووە، ساڵى 1999 بوە بە لێپرسراوى مەڵبەندى شارەزور، هەر ئەو ساڵە پۆستى وەزیرى کاروبارى کۆمەڵایەتى وەرگرتوە لە حکومەتى هەرێم ئیدارەى سلێمانی.

 لە دواى روخانى رژێمى بەعس لە ساڵى 2003 تاوەکو 2006 بۆتە لێپرسراوى مەڵبەندى خانەقین، لە ساڵى 2005 بە ئەندامى پەرلەمانى کوردستان هەڵبژێردراوە، لە ساڵى 2010 بۆتە ئەندامى لیژنەى بالاى مەکتەبى رێکخستن، دواتریش لێپرسراوى مەڵبەندى رێکخستنى خانەقین بووە.

راستە مامۆستا موحسین سیاسی بوو  و وەزیر و چەندین پۆستى تری هەبووە، بەڵام لە پاڵ سیاسەتەکەیدا هونەرمەندێکى دەستڕەنگین و رۆشنبیر و نووسەر و ئەدیب بوو.

بابەتە پەیوەندیدارەکان