بەشی دووەم
تۆ بەیانییەك لە خەو هەڵدەستیت و دەبینیت چالاكترین، پیشەییترین، باشترین یەكەی هێزی تایبەتی راهێنراو لە سەرتاسەری عیراقدا - كە هێشتا لە دژی داعش شەڕ دەكەن، رووبەڕووی تیرۆریستان دەبنەوە- بەیانییەك لە خەو هەڵدەستیت و دەبینیت بودجەكەیان بڕاوە.
هەر لەم ماڵەدا، بیرمە لەگەڵ مام جەلال و كاك مەسعود و جەنابی كاك كۆسرەت دانیشتبووم. بیرمە مام جەلال بە كاك مەسعودی گوت، دەبێت كارێك بكەین كە هەولێر وەك سلێمانی لێ بكەین.
بەڵام سەرنج بدە چۆن بارۆمەترەكە تا ئێستا بە یەك ئاراستەدا رۆیشتووە. من گاڵتە لەگەڵ قوباد دەكەم، كە ئێمە هێشتا لە چاوەڕوانیی جادەیەكداین، هەولێریش خەریكە ئەركێكی مرۆیی دەنێرێت بۆ مەریخ. ئەزانی من خوازیاری ئەوەم كوردێك ببێتە كەشتیوانی فەزایی، بەڵام تكایە رێگەكەی منیش دروست بكەن، باخوێندكارەكانیشم یارمەتییەكانیان وەرگرن؟
بە روونی ئێستا لە حكومەتدا چەقبەستووییەك هەیە، قوبادیش یەك دوو هەفتەیە ناچێتە كۆبوونەوەكانی حكومەت، منیش بە تەواوی پشتگیریی دەكەم. ئێمە خەڵك دەنێرین بۆ كۆبوونەوەكان، تەنها بۆ چاودێریكردن و دڵنیابوون لەوەی ئەگەر هەر بڕیارێكی شێتانە درا ، لانیكەم زانیارییەكمان هەبێت. ئەو كەسانە هەموو هەفتەیەك لەلایەن كاك قوبادەوە دەستنیشان دەكرێن. بەڵام قوباد ناگەڕێتەوە بۆ ئەم كۆبوونەوانە تا ئەو كاتەی جۆرێك لە دادپەروەری فەراهەم دەبێت.
هەروەها دەزانن یەكێتی بەڕاستی بێزارە لە دۆخی ئەمنیی هەولێر. دەزانی كاتێك كەسێكی دەركراو لە خاكی یەكێتی دەسەڵاتی كۆكردنەوەی هێز دەدات بەخۆی لە دووریی 200 مەتر لە ماڵی براكەمەوە. ئەمە قبووڵ ناكرێت. ئەمە سەلمێنەری پشوودرێژیی یەكێتییە، ئامادەیی ئێمە پیشان دەدات كە تەنها بیر لە تۆڵە نەكەینەوە و نەچینە ناو ئەو هەڵە گەمژانەیەوە.
لە وەڵامی پرسیارێكیشدا سەبارەت بە تیرۆركردنی هاوكار جاف و هاتنی وەهاب هەڵەبجەیی بۆ هەولێر، لە كاتێكدا لە هەولێر فەرمانی دەستگیركردنی بۆ دەرچووە، سەرۆك بافڵ تاڵەبانی ئاماژەی بەوەكرد سەبارەت بە پرسی هاوكار - ئێمە بە تەواوی رەتمان كردۆتەوە و داوای لێكۆڵینەوەی هاوبەشمان كردووە، ئێمە هێشتا داوای لێكۆڵینەوەی هاوبەش دەكەین. بەڵام پارتی دیموكراتی كوردستان نایەوێت ئەو كارە بكات. بەڵكو خۆیان بە فیلمێكی گاڵتەجاڕانەی بۆڵیودەوە سەرقاڵ كردووە، كە ئێمە هەموو هەڵەكانی ئەو فیلمەمان ئاشكرا كردووە.
سەبارەت بە وەهاب هەڵەبجەییش ئەو لەگەڵ من چووە بۆ هەولێر بۆ سەردانی خێزانی یەكێك لە پێشمەرگە بریندارەكانمان. ئێمە هەرگیز فەرمانی دەستگیركردنی سیاسی، بە جددی وەرناگرین. وەهاب لە فڕۆكەخانەوە هات، بە رەسمی، لەگەڵ مندا هات. بە قاچاخ نەهێنرایە ناو هەولێر. من بە بازگەكاندا نەمبرد. دەمتوانی بە یەكێك لە فڕۆكە جەنگییەكانم بێم و لەگەڵ وەهابدا لەناو مەكتەبی سیاسیدا بنیشێمەوە و كەسیش پێی نەدەزانی.
سەبارەت بە فەرمانی گرتن، من هەمان فەرمانی دەستگیركردنم هەیە، قوبادیش هەروەها. كەواتە پرسیارەكە ئەمەیە كە ئاخۆ یاسا هەیە؟ یاخود یاسا نییە؟ چونكە ئەگەر یاسایەك هەبێت ئەوا نەدەبوو منیش بچمە كۆبوونەوەی هەولێر و قوباد دەوام بكات. من پێم خۆشە خەڵك لە دادگا دادگایی بكرێن، نەك لە تەلەفزیۆن، ئەگەر وابڕوات سەرەنجام بەم نزیكانە لە تیك تۆكیشدا تاقی دەكەینەوە.
با لێكۆڵینەوەیەكی هاوبەش بە ئەنجام بگەیەنین. من هەرگیز ناپاكی لە هەڤاڵەكانم ناكەم، دەرهەق بە قارەمانەكانی كوردستان بێ وەفا نابم، تەنها لەبەرئەوەی كەسێك لە پارتی دیموكراتی كوردستان بەیانییەك لە خەو هەڵدەستێ و بڕیار دەدات چەند تۆمەتێك بخاتە پاڵمان كە ئێمە بە تەواوی لێی بێبەرین.
ئەوەی جێی سەرسوڕمانە هەموو ئەوانەی قسەم لەگەڵ كردوون - تەنانەت لەناو پارتی دیموكراتی كوردستانیشدا، یەك كەس ناتوانێت پاساوی ئەوەمان پێبدات كە بۆچی پێیان وایە ئێمە ئەو كارەمان كردووە، یان سوودی بۆ یەكێتی چی بووە، سوودی بۆ پارتی چی بووە، سوودی بۆ دژەتیرۆر چی بووە.
لە وەڵامی پرسیارێكیشدا سەبارەت بە یەدەکی غازی كێڵگەكانی كۆرمۆر كە لەژێر كۆنترۆڵی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستاندان، سەرۆك بافڵ تاڵەبانی وتی:
لە راستیدا ئەو كێڵگانە لە ژێر كۆنترۆڵی یەكێتیدا نین، بەڵكو كەوتوونەتە ناو جوگرافیای یەكێتییەوە. دەنا بەڕاستی، یەكێتی دەستی لە هیچ كام لە گرێبەستەكانی غازدا نییە.
من زۆر نائومێدم لە سیاسەتی نەوت. سیاسەتی نەوتم بەدڵ نییە، پێموانییە سیاسەتێكی كاریگەر بێت لە بواری نەوتدا. من لەوەش تێناگەم كە بۆچی ئامادە نین لەگەڵ بەغدا كاربكەن.
من پسپۆڕی دارایی نیم، بەڵام دەزانم بەسرە هەزار جار لە هەموو كوردستان دەوڵەمەندترە. بە تەنها بەسرە. ئەگەر سەرۆك وەزیران بێت بۆلام و بڵێ ئادەی بافڵ ئەم قۆریە بچووكەی خۆت بخەرە سەر ئەم مێزە و دوای ئەوە دەتوانیت لەم مێزە گەورەیەدا هاوبەش بیت، بە بەسرەشەوە، ئەوە بۆ من دەستكەوتێكی گەورەیە.
ئەمە خراپ بەڕێوەبردنە، گرێبەستەكان تەنها بە ئارەزووی خۆیان واژۆ دەكرێن، سەرنج لەو ژمارانە بدەن كە دكتۆر ئاشتی چەند ساڵێك لەمەوبەر خستوویەتیە روو، ئەوەی بەڵێنی پێداوین لە كوردستان بێتەدی، بەراوردی بكە لەگەڵ واقیعدا.
تاكە كێشەی ئێمە لەگەڵ پرسی غازدا ئەوەیە، نامانەوێت بەو شێوەیە خراپ بەڕێوەببرێت. ئەوە تاكە كێشەی ئێمەیە لەگەڵ غازدا. چونكە تاكە سەرچاوەیە كە ماوە و ئەگەر ئەم كەرتە خراپ بەڕێوە ببرێت بۆ هەرێم كارەساتبار دەبێت.
من شتێكت پێ دەڵێم كە پێشتر بە كەسم نەگوتووە. چەند مانگێك لەمەوبەر بە ئەنقەست لێدوانێكی توندم دا بۆ ئەوەی كاردانەوەكان بزانم.
ئەو ئەنجامەی بەدەستهێنا كە من ویستم. شاندێك لە هەولێرەوە هاتن وتیان "با باسی غاز هەناردە بكەین." زۆر دڵخۆش بووم.
دەزانیت، حەز دەكەم بیر بكەمەوە لەوەی كە رەنگە سەرەتا بتوانین كار لەسەر بازرگانی ناوخۆیی بكەین و كارەبای 24 سەعاتی و پاشان دەتوانین بیر لە هەناردەكردنی بكەینەوە، لە كوێ هەناردەی دەكەیت؟ باشە بەغدا پێویستی بە كارەبا و غاز هەیە. ئەوروپا پێویستی پێیەتی، توركیا پێویستی پێیەتی. رەنگە بتوانین شتێك بكەین.
من پێم وابوو قسەوباس لەسەر ئەم پرسانە دەكەین، بەڵام وا نەبوو، لەبری ئەوە قسە هاتە سەر ئەوەی پشكی یەكێتی چەندە و پشكی پارتی چەند دەبێت، راشكاوانە بڵێم، پێم وتن بۆ دەرەوە، من بۆ قسەكردن لەسەر ئەمانە نەهاتووم.
ئەو غازە موڵكی پارتی دیموكراتی كوردستان نییە. غازی یەكێتی نییە. غاز هی خەڵكی كوردستان و عیراقە. من خاوەنی نیم، دەسەڵاتم بەسەریدا نییە. ئەم عەقڵیەتە دەبێت بگۆڕێت. ئەوە نەبوونی دامەزراوەكانە كە رێگە بەم شتانە دەدات، نەبوونی دامەزراوەی راستەقینە، كاتێكیش سەروەریی یاسا نەبێت ئەمە بەردەوام دەبێت.
با چیرۆكێكی ترتان بۆ بگێڕمەوە، كە لەلایەن ئاسایشەوە بە ڤیدیۆ بەڵگەی لەسەر گیراوە. بەڕێزێك هەیە بە ناوی عەبدوڵڵا موبارەك لە چەمچەماڵ. هەندێك لە خزمەكانی، یان كەسێكی نزیك لێی، دەستی هەبووە لە كوشتنی ئەفسەرێكی ئاساییشدا و بەڵگەی ڤیدیۆیی هەیە، باشە فەرمانی دەستگیركردنەكەی چی بەسەر هات؟ بۆچی دەستگیر نەكرا؟ پێت دەڵێم فەرمانی دەستگیركردنی بەكوێ گەیشتووە. كەیسەكەی گواسترایەوە بۆ هەولێر و پاشان بە شێوەیەكی سەیر چارەسەرێكی خێڵەكیانەی بۆكرا، هەر ئەوەش نا، بۆ بەیانی كرا بە جەنەڕاڵ. شەو كابرا خێڵەكی بوو، تۆ بڵێ رێگرێك بوو، بەیانی بوو بە ژەنەڕاڵ و میلیشیاكەشی بە رەسمی بوون بە بەشێك لە هێزە ئەمنییەكانی حكومەتی هەرێم، ئەمە شێتییە. ڕاستگۆیانە بڵێم شێتییەكی تەواوە. سەرەتا ئەوە شەرمەزارییە بۆ پێكهاتەی سەربازیمان. ئەگەر ئازان سەبارەت چاكسازیی پێشمەرگە قسەم لەگەڵ بكەن؟ ئەمەیە چاكسازی لە ریزەكانی پێشمەرگەدا؟ رێگرێك لە شەو و رۆژێكدا بكرێتە ژەنەڕاڵ.
ئەو دەمەی لەسەر پرسی سەرۆكایەتی لە بەغدا ناكۆك بووین و نێوانی من و كاك مەسعود گرژ بوو، كێشەیەكی ئەمنی لە دەڤەرەكەی ئەوان دروست بوو، منیش تەلەفۆنم بۆ كاك مەسعود كرد و گوتم: پێم خۆشە لەگەڵ دژەتیرۆردا بچین ئەم كێشەیە چارەسەر بكەین، چونكە نامەوێت وا بیربكەنەوە كە كورد یەكگرتوو نییە.
بە گەمژەیی وەڵامی گەمژەیی نادەینەوە. من ئەو یارییە ناكەم و پێم وایە یارییەكی خراپە. پێموایە پارتی سەرەنجام درك بەوە دەكات كە ئەمە پێشینەیەكی باش نانێت.
لە وەڵامی پرسیارێكیشدا سەبارەت بە ئەگەری سەرهەڵدانەوەی شەڕی ناوخۆ، سەرۆك بافڵ تاڵەبانی وتی مەگەر بەسەر تەرمی مندا ئەوە رووبدات.
لە وەڵامی پرسیارێكیشدا سەبارەت بەو گرێبەستەی كە لەگەڵ كۆمپانیای كار بۆ راكێشانی بۆری گواستنەوەی غاز كراوە، سەرۆك بافڵ تاڵەبانی وتی دوای ئەوەی وەزارەتی سامانە سروشتییەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان گرێبەستی راكێشانی ئەو تۆڕەی بە كۆمپانیای كار رەوا بینی، كە لە پارتی دیموكراتی كوردستانەوە نزیكە، هێزە ئەمنیەكانی ژێر دەسەڵاتی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان رێگرییان لەو كۆمپانیایە كرد و بە كردەوە پڕۆژەكەیان پەكخست.
سەرۆك تاڵەبانی ئاماژەی بەوەشكرد كە ئەو خۆی دژی ئەو پڕۆژەیە بووە و باسی لەوەشكرد كە كۆمپانیاكە بەبێ تەندەرین ئەو گرێبەستەی پێ رەوا بینراوە، وتیشی لە راستیدا گروپی كۆمپانیاكانی كار ئەو گرێبەستەی پێ بەخشراوە، ئەوەش سووكایەتیكردنە بە خەڵكی هەرێمی كوردستان و عیراقیش.
هەر سەبارەت بە پرسی پەرەپێدانی كێڵگەكانی غاز و لە وەڵامی پرسیارێكدا كە لە واقیعی جوگرافیدا زۆربەی كێڵگە غازیەكان لە دەڤەری یەكێتین، سەرۆك بافڵ تاڵەبانی ئاماژەی بەوەكرد: رەنگە ئەمە ببێتە مایەی سەرسامی، پێم باشە حكومەت ئەو كارە بكات، بەڵام دەبێت هەست بكەم حكومەت حكومەتی منیشە، نەك تەنها حكومەتی هەندێک كەس. هەرچەندە ئەمە ئێستا ئاڵۆزە، بەهۆی بڕیارەكەی دادگای باڵای فیدراڵیی عیراقەوە. دەبێت ئاگاداری ئەم شتانە بین. كەواتە یەكەم شت بنەمای یاسایە. سەرەتا دەبێت بزانین لە كوێ وەستاوین، كاتێك زانیمان لە كوێ وەستاوین، ئەوا رەنگە بتوانین بڕیارێكی دروست بدەین.
ئەوەی من لێی دڵنیام ئەوەیە ئەگەر سەرمان بخەینە ناو لمەوە و بڵێین "نا، ئەمە لە بەغدا رووی نەداوە، هەموو شتێك باشە، با هەر بەردەوام بین" من زۆر دڵنیام كە ئەوە سەرەنجامی باش نابێت، سەرەتا با حكومەتی هەرێم رزگار بكەین، با ئەم حكومەتە رزگار بكەین. بەم دواییانە تۆمەتبار كرام بەوەی دەمەوێت حكومەت لەناو ببەم. دەمتوانی لە پێنج خولەكدا حكومەت لەناوببەم تەنها بە وتنی "یەكێتی وەرە دەرەوە". ئەوە بە هیچ شێوەیەك ئامانجی من نییە. ئەو پشوودرێژییەی كە یەكێتی پیشانی داوە، جێی شانازییە. ئێستا كەسانێ: هەن لەناو حكومەتدا كاری باش دەكەن بۆ لەناوبردنی حكومەتەكەی خۆیان و پێویستیان بە ئێمە نییە كە یارمەتیان بدەین، ئەوان بەبێ ئێمەش ئەو كارە دەكەن.