گۆڤارەکانی کوردجینیەس بڵاوکرانەوە

09:53 - 2022-12-04
ڕاپۆرت
525 جار خوێندراوەتەوە

راپۆرتی/ ئەسرین محەمەد

لە سەروبەندی قەیرانی خوێندنەوە و کەمبوونی گۆڤارە پەروەردەیی و ئەدەبییەکاندا کۆمەڵگەی پەروەردەی کوردجینیەس یەکەمین دیداری دوو گۆڤاری بەناونیشانی (ئێستا، لەپێناو ئایندەیەکی باشتر)دا ئەنجامدا، بە ئامادەبوونی بەرپرسانی پەروەردەیی و نووسەران و مامۆستایان و خوێندکاران پێشوازی لە ژمارە سێی گۆڤارەکانی(کوردجینیەس) کرد، گۆڤارەکان بەبێ بەرامبەر دابەشدەکرێن.

برەودان بەخواستی خوێندنەوە
سۆزان ئەبوبەکر مەولود سەرپەرشتیاری گشتی کۆمەڵگەی پەروەردەیی کوردجینیەس و سەرپەرشتیاری هەردوو گۆڤارەکە وتی، پەرۆشیمان بۆ برەودان بە خواستی خوێندنەوە و کەمکردنەوەی دەرئەنجامە نەرێنیەکانی تۆڕەکۆمەڵایەتیەکان لەسەر خوێندکاران بیرۆکەی هەردوو گۆڤاری (کوردجینەس)مان خستەڕوو بەو ئومێدەی قوتابیانمان لە باخچەوە هەتا دوا قۆناغەکانی خوێندن لێی سوودمەندبن.
سەرپەرشتیارانی گۆڤارەکانی کوردجینیەس هەوڵدەدەن هەموو ژمارەیەک نوێکاری زیاتر لە چۆنیەتی و چەندایەتی گۆڤارەکاندا بکەن.
هاوژین حەسەن مامۆستا و سەرنووسەری هەردوو گۆڤارەکە وتی، راگەیاندنی نووسراو گرنگیەکی تایبەتی هەیە لە ناوەندەکانی خوێندندا و لەنزیکەوە دەتوانێت سەرنجی خوێندکاران بۆ خوێندنەوە و نووسین و هەوڵی خۆ رۆشنبیرکردن رابکێشێت، ئامانجەکانمان گەورەن و هەوڵدەدەین بەردەوامبین.
ئەمین محەمەد نووسەری بواری منداڵان و ئەندامی دەستەی نووسەرانی گۆڤارەکان ئاماژەی بەوەکرد، منداڵان نەوەی دواڕۆژن بۆیە بەبایەخەوە یەکێک لەگۆڤارەکان تایبەتکراوە بە دنیای منداڵان و بەرهەمی ئەو نووسەرانەی تێدابڵاودەبێتەوە لەبواری منداڵاندا دەنووسن لەگەڵ چالاکی و بەهرەی خودی منداڵان لەبوارە جیاوازەکاندا.

سێیەم ژمارەیان بڵاوکرایەوە
گۆڤارەکانی کوردجینیەس بە بەرهەمە رەنگاوڕەنگ و هەمەجۆرەکانی توانیویەتی بەهرەی منداڵان دەربخات هۆنراوەی جوانی منداڵان و چیرۆکەکانی لەخەیاڵی ئەواندایە بڵاوبکاتەوە وێڕای رێنمایی جۆراوجۆر کە مژدەبەخشی ئایندەیەکی گەشە بەئاسۆی داهێنان لە هەرێمی کوردستان.
عوسمان ناریزادە نووسەر و سەرپەرشتیاری پەروەردەیی وەک بەشداربوویەک لەدیدارەکە وتی، هەردوو گۆڤاری کوردجینیەس بە بەشی منداڵان و پەروەردەیی خۆری گەشی سێیەم ژمارەیان هەڵهاتووە بەناوەڕۆکی بەپێز و دەوڵەمەندی پەروەردەیی و فێرکاریی لە ماوەی ئەم سێ ساڵەدا هەرسێ ژمارەکەی توانیویەتی بەو رووخسارە جوان و ناوەڕۆکە دەوڵەمەندە خەیاڵی منداڵ بجوڵێنێ و هانیان بدات و حەزی فێرکردنیان زیاتر گەشەپێبدات.
مەحمود عەبدولکەریم باجەڵان نووسەرو ئەندامی دەستەی نووسەران لە گۆڤارەکاندا لەسەر هەڵبژاردنی بابەتەکانی گۆڤارەکان وتی، بابەتەکان لە گۆڤارەکاندا لەسەر بنەمای زانستی و بابەتی و ئەدەبی هەڵدەسەنگێنرێن و زۆر بەلامانەوە مەبەستە نووسینەکان لەئاستێکی بەرزی زانستی و ئەکادیمیدابن.
ئەوەی جێی سەرنجە لەدوتوێی ئەم گۆڤارانەدا نوسەرەکانیان تەنها لەسنووری قوتابخانەکەدا نییە، بەڵکو سنورەکانی هەرێمی کوردستانی تێپەڕاندوە و بابەت و زانست و زانیارییەکانی تەژین لە خەمخۆرانی پەروەردە.

ئایندەیەکی گەش
شۆخان ئیسماعیل راهێنەری پەروەردەیی وتی، دیداری پەروەردە و ئایندەیەکی گەش بۆ داهاتووی رۆڵەکان، گڕوتینی نوێخوازان و پەروەردەکارانی ئەمڕۆی ناوەندەکانی کوردجینیەس و بەرهەمە پڕ باهاکانیان دووپاتیان کردەوە ئامانج روونە و سەرکەوتنی پەروەردە و ئەدەبی منداڵان لەڕێدایە، بەرهەمەکانی هەردوو گۆڤارەکە مایەی دڵخۆشین و بابەتگەلێکی بەسوودی تێدا بەدی دەکرێت، بەهیوام ئەم کاروانە بەردەوام بێت بۆ پێشخستنی پەروەردە و زانست و زانیاری .
 شێرزاد سەعید شارەزا لە بواری زانستی زانیارییەکان و کتێبخانە  باسی لەوەکرد، دیداری هەردوو گۆڤاری کوردجنییەس بووە هۆی زیاتر یەکترناسین بۆ ئەو قەڵەمانە و ئەو ستافەی خزمەت بەم گۆڤارە دەگەیەنن هەروەها چاولێکردنی نەوەی نوێ بۆ مامۆستا و رابەرەکانیان لاسایکردنەوەیان تاوەکو خۆیان دەبنە خاوەن رێبازێکی نوێ.

لە ئاستێکی چۆنیەتی زۆر باشدان
هاوکات عەلی حەمەڕەشید بەرزنجی شاعیر و نووسەری بواری منداڵان  وتی، هەردوو گۆڤارەکە لەئاستێکی چۆنیەتی زۆر باشدان و گرنگی بە هەردوو لایەنی روخسارو ناوەڕۆک دراوە و بابەتەکانی زۆر بەسوودن، هیوادارم بتوانرێت بگاتە دەست زۆرینەی ناوەندەکانی خوێندن و کتێبخانەکان بۆ ئەوەی زۆرترین کەس سوودمەندبێت لێیان.
کۆمەڵگەی پەروەردەیی کوردجینیەس گرنگی بە سەرجەم بوارە جۆربەجۆرەکانی پەروەردەیی و کارامەیی و تواناو لێهاتووەکانی منداڵان و قوتابیان و فێرخوازان دەدات بە ئامانجی بەدیهێنانی تاکێکی بڕوابەخۆ بوو خاوەن داهێنانی هونەری و ئەدەبی و رەوشی و خوێندنەوە و نووسین.

بابەتە پەیوەندیدارەکان