فراكسیۆنی یەكێتی: یاسای هەڵبژاردن هەمواربكرێتەوە و هەڵبژاردن لە كاتی خۆیدا بكرێت

08:37 - 2022-04-07
ڕاپۆرت
843 جار خوێندراوەتەوە

هەولێر: تەها عەبدوڵڵا

فراكسیۆنی یەكێتی لە پەرلەمانی كوردستان، تەئكید لە بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن لەكاتی خۆیدا، دەكاتەوە و بۆ ئەوەش پێداگریی دەكات كە پێویستە یاسای هەڵبژاردن هەمواربكرێتەوە و سازانی لەسەر بكرێت، راشیدەگەیەنێت كە هەمواركردنەوەی یاسای هەڵبژاردن خواستی زۆربەی لایەنەكانە، بەوەش دەتوانرێت هەڵبژاردنێكی پاك و بێگەرد بكرێت.

تەنها پارتی لەگەڵ هەمواركردنەوەی یاسای هەڵبژاردندا نییە
دوێنێ لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەنووسیدا لە پەرلەمانی كوردستان، زیاد جەبار سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتی لە پەرلەمانی كوردستان ئاشكرایكرد: لەكاتی پێكهێنانی حكومەتی هەرێم و لەمیانەی رێكەوتنی نێوان یەكێتی و پارتیدا، تەئكیدكراوەتەوە كە ئەو یاسایانەی رەهەندی نیشتمانییان هەیە، پێویستە بە سازان یەكلابكرێنەوە، لەوانە یاسای هەڵبژاردن، تەنانەت لە رێكەوتنی نێوان پارتی و گۆڕان لەلایەك ‌و یەكێتی و گۆڕانیش لەلایەكی تر، جەختی لەسەركراوەتەوە. وتیشی: لە رابردوودا لە كۆبوونەوەی سەرۆك فراكسیۆنەكاندا، جارێكیتر جەختی لەسەركراوەتەوە و لە یەكێك لە كۆبوونەوەكانی سەرۆك فراكسیۆنەكاندا، یاداشتێكمان داوەتە سەرۆكایەتیی پەرلەمان و ئاگادارمان كردۆتەوە كە بەوپێیەی یاسای هەڵبژاردن و كاراكردنەوەی كۆمسیۆن رەهەندی نیشتمانییان هەیە، پێویستە سازانیان لەبارەوەبكرێت، یەكەم سەرۆك فراكسیۆنیش كە ئیمزای لەسەر كرد، سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی بوو، بەڵێنیشمان لە سەرۆكایەتیی پەرلەمان وەرگرتووە، كە هیچ كۆبوونەوەیەك ناكرێت تا فراكسیۆنەكان لەسەری رێكنەكەون، بەڵام دواتر پارتی هەڵوێستێكی تری دەربڕی بەوەی لەگەڵ هەمواركردنەوەی یاسای هەڵبژاردندا نییە، لەكاتێكدا زۆرینەی فراكسیۆنەكان (یەكێتی، گۆڕان، یەكگرتوو، كۆمەڵ، نەوەی نوێ و سەربەخۆكان) لەگەڵ هەمواركردنەوەی یاسای هەڵبژاردندان.

«زەحمەتە بتوانرێت هەڵبژاردنێكی پاك بەو یاسایەی ئێستا بكرێت»
وتیشی: 3/11/2021، لە كۆبوونەوەی سەرۆك فراكسیۆنەكاندا لەگەڵ دەستەی سەرۆكایەتی، بۆچوونی یەكێتیمان لەبارەی یاسای هەڵبژاردنەوە خستۆتەڕوو و لەگەڵ زۆربەی لایەنەكان لەگەڵ ئەوەبووین كە پێویستە یاسای هەڵبژاردن هەمواربكرێتەوە، بۆئەمەش پڕۆژەی هەمواركردنەوەی یاسای هەڵبژاردنمان ئامادەكرد، كۆكراوەی پڕۆژەی سەرجەم لایەنەكان وەك پڕۆژەیەكی نیشتمانی ئامادەكرا، بۆ ئەوەشی رێكەوتن بكرێت، پێشكەشكردنی پڕۆژەكەمان دواخست تا دوو رۆژ پێش كۆتاییهاتنی ئەو ماوەیەی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمان دایناوە بۆ پێشكەشكردنی پڕۆژە، بۆیە لە 28/3/2021 ئاراستەی سەرۆكایەتیی پەرلەمان كرا. روونیشیكردەوە: ئەوەی لەو سازانە لایداوە، پارتییە و داوای هەموارنەكردنەوەی یاسای هەڵبژاردن دەكات، لەكاتێكدا زۆربەی لایەنە سیاسییەكان و خەڵكی كوردستانیش پێیانوایە زەحمەتە بتوانرێت هەڵبژاردنێكی پاك و بێگەرد بەو یاسایەی ئێستا بكرێت.

 

پێویستە هەرێمی كوردستان بكرێتە چوار بازنە
روونیشیكردەوە: بە ئەزموون دەركەوتووە كە یەك بازنەیی بەهیچ شێوەیەك هاوسەنگی لە نێوان نوێنەرایەتیی پارێزگاكاندا ناهێنێتەدی، بۆیە پێویستە هەرێم بكرێتە چوار بازنە، تا هەر پارێزگایەك بەگوێرەی ژمارەی دانیشتوانی خۆی، نوێنەری بنێرێتە پەرلەمان. وتیشی: هەموولایەك پێمانوایە ئەم تۆمارەی هەیە پاك و پوخت نییە و ناوی مردوان نەسڕاوەتەوە، هاوكات جیاوازییەكی زۆر هەیە لەنێوان ئەو تۆمارەی هەڵبژاردنی 2018ی پێكراوە لەگەڵ هەڵبژاردنی 2021ی ئەنجومەنی نوێنەران، بۆیە تا هەڵبژاردنێكی پاك و بێگەرد بەڕێوەبچێت، پێویستە هەموو ئەو كەموكوڕییانە نەمێنێت. هەروەها هەمواركردنەوەی یاسای هەڵبژاردن وادەكات بایەخی زیاتر بە پێكهاتەكان بدرێت، چونكە ناكرێ نوێنەرایەتی ئەو پێكهاتانە تەنیا لە چەند پارێزگایەكدا كورت بكرێتەوە، لەكاتێكدا لە زۆربەی ناوچەكانی دیكەی هەرێم ئەو پێكهاتانە هەن و پێویستە نوێنەرایەتییان لە پەرلەماندا هەبێت، كە پێشتر یەكبازنە رێگربووە لەوەی نەتوانن بگەن بە پەرلەمان، مێژووش سەلماندوویەتی كە پێكهاتەكان خاوەن رێز و تەقدیرن، بەتایبەتی لە سەردەمی سەرۆك مام جەلال-دا كە چەند رێزیان لێدەگیرا ‌و داكۆكی لە مافەكانیان كراوە، تەنانەت ئەو نوێنەرایەتییانەی پێكهاتەكان لە كوردستان هەیانە، پێشنیازی رەوانشاد مام جەلال بووە، ئێستاش سیاسەتی حزبەكەی مام جەلال وایە كە داكۆكی لە مافەكانیان بكەین و نوێنەری راستەقینەی خۆیان بێتە پەرلەمان، نەوەك نوێنەری حزبێكی سیاسی.

پێویستە هەموولایەك هەنگاوێك بێتە پێشەوە
راشیگەیاند: ئەوەی پارتی داوای دەكات ئەوەیە، یان نایەوێ هەڵبژاردن بكرێت، یان ئەو سازانەی دەوێت كە هەموو هێزە سیاسییەكان دوای بۆچوونەكانی ئەو بكەون، بۆیە جارێكیتر داوا دەكەین هاوشێوەی زۆربەی هێزە سیاسییەكانی كوردستان، پارتی واز لەو عینادییەی خۆی بهێنێت، ویستی ئەو حزبە بۆ تێپەڕاندنی ئەو بابەتە بە تەنیا دەرخەری ئەوەیە كە نایەوێت هەڵبژاردن لەكاتی خۆیدا بكرێت. روونیشیكردەوە: بۆئەوەی بگەین بە رێكەوتن و كۆسپەكانی بەردەم هەڵبژاردن لاببەین، پێویستە هەموولایەك هەنگاوێك بێتە پێشەوە و نەرمی لە داواكارییەكانیدا بنوێنێت، تا سازش لەسەر هەندێك بۆچوونی بكات و هەندێكیشی شوێنی خۆی بگرێت.

داواكارییەكە خواستی زۆربەی لایەنەكانە
جەختیشیكردەوە، كە پەیامی فراكسیۆنی یەكێتی لە دوو خاڵدا چڕدەكەنەوە، یەكەم: جەخت دەكەنەوە و پێداگری دەكەن كە هەڵبژاردنەكان لەكاتی خۆی بكرێت، بۆ ئەمەش پێویستە هەردوو یاسای هەڵبژاردن و كۆمسیۆن بە سازان تێپەڕێنرێن، بەوپێیەی ئەو داوایە خواستی زۆربەی لایەنەكانە و هەموویان هاودەنگن، ئەگەر هەر هێزێك كێشە دروست بكات، واتە نایەوێت هەڵبژاردن بكرێت. دووم: ئێمە لە فراكسیۆنی یەكێتی لەگەڵ هاوڕێكانمان لە فراكسیۆنە جیاوازەكان كە لە پڕۆژەكەدا لەگەڵمانن، هیچ هێزێك رامان ناگرێت بۆ بەدیهێنانی ئامانجەكانمان، كە گۆڕانكارییە لە سیستم و شێوازی هەڵبژاردن، تا بتوانین هەڵبژاردنێكی پاك و بێگەرد بكەین و هەموولایەكمان دانی پێدابنێین.

#یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان

بابەتە پەیوەندیدارەکان