ئەو گەلەی خوێن فڕ دەکەن

11:26 - 2022-12-04
دووتوێ
556 جار خوێندراوەتەوە

بورهان ئەمین

لەکاتێکدا مرۆڤایەتی لەوپەڕی پێشکەوتندایە و کۆمەڵگەکانیان وا بردۆتە پێشێ کە جیهان وەک گوندێکی بێ سنوری لێبێت و تێکەڵاوی شارستانیەتەکان هەمیشە لەبرەودایە، بەڵام لەسایەی سیاسەتی هەندێ لە دەسەڵات و حکومەتەکان هۆز و تیرە و گروپ و کۆمەڵگەی وا هەن تائێستاش دابونەریتی هەزاران ساڵ لەمەوبەر پیادە دەکەن و لەهەموو جیهان دابڕاون، لە نزیک لێواری رووباری» ئۆمۆ» ی وڵاتی ئەسیوبیا هۆزێک هەن بەناوی» مۆرسی» ژمارەیان 10 هەزار کەس دەبێ ولە 18 تیرە پێکهاتوون، زمانی تایبەتی خۆیان هەیە بەناوی مۆرسی، ئەندامانی هەموو تیرەکان نیمچە رووتن و تەنها شوێنە هەستیارەکانیان دەشارنەوە، سەرچاوەی بژێوی ژیانیان بەخێوکردنی مانگاو گامێشەو بەشێکیشیان بۆ بەدەستهێنانی ژیان و گوزەران خەریکی کشتوکاڵن، زۆربەیان گەنمەشامی و نۆک و فاسۆڵیا دەچێنن و بەروبوومەکەشی تەنها بۆ ناوخۆی خۆیانەو لەگەڵ بەرهەمی ئاژەڵەکانیان پێی دەژین، لەناو کوخ و پوش و پەڵاش بە کۆمەڵ ئەخەون، ئەو هۆزە بەجۆرێک دواکەوتوون لە مرۆڤی سەرەتایی دەچن، لەوەتەی هەن گۆڕانکاری لە کەلتورو دابونەریت و شێوەژیانیان نەگۆڕاوە، هەر لەکۆنەوە وافێرکراون خواردنەوەی سەرەکیان شیرو خوێنی گامێشەکانیان بێت، ئەوان لە خۆڕا ئاژەڵەکانیان ناکوژن، بەڵام کاتێک نەخۆش دەکەون یان دەمرن یان لە بۆنە گرنگەکانیاندا لەت و پەتیان دەکەن و گۆشتەکەیان دەخۆن، خوێنەکەشیان لە کون و پەناگەکاندا هەڵدەگرن و ناوە ناوە دەیخۆنەوە، واتە خوێن وشیر سەرچاوەی پرۆتینە بۆ جەستەیان.

مارەیی کچانیان رەوە گامێشە
ئەوهۆزە گاوگامێشیان لەلا پیرۆزە و جوان بەخێویان دەکەن و هەرگیز ئازاریان نادەن، خۆراکی سروشتی ناو دارستان و لێواری رووباریان دەرخوارد دەدەن و خزمەتیان دەکەن، جگەلەوەی کەرتێکی ئابووری گرنگە بۆیان وەک چاوی خۆیان دەیانپارێزن و لە بۆنە میللییەکانیان رێزیان لێدەنێن، لە کاتی ژنوژنخوازی و مارەکردنی کچەکانیاندا رەوە مانگا دەکرێتە مارەیی و پێشەکی  خانەوادەکانیان دەکەن، ئاساییە هەر کچێک شو بکات دەبێت زاوا 30 تا 40 مانگا ببەخشێتە کەسوکاری بووک لەگەڵ پارچە چەکێک ئەویش بۆ پاسەوانیکردنی ئەو مانگایانەیە، کاتێک منداڵی کچیشیان دەبێت دەیکەنە بۆنەیەکی گەورە و بە رسق و بەرەکەتی دەزانن.

دەم زلەکان جوانترینن
کچانی ئەو هۆزە بەشێوازی جۆراوجۆر و سەیرو سەمەرە خۆیان دەڕازێننەوە، ئەوانەی دەم و لێویان ئەستورو گەورەبێت ئەوانە جوانترینن، بۆیە هەر لە هەڕەتی لاوێتیانەوە دەمی کیژۆڵەکانیان دەسمن و بەهۆی پارچە تەختە یان قاپێکی بچووک دەیئاخننە ژێر ددان و لێویانەوە دەمیان زل دەکەن و بەدرێژایی رۆژگار و تا ماوەی چەند ساڵێک کە هەراش دەبن دەمیان گەورە و لێویان ئەستورتر دەبێ و قەشەنگتر دەبن، هەرچەندە دەمیان زل بێت مارەییان گامێشی زیاترە، دەگێڕنەوە گوایە ئەوکلتورەیان لەکۆنەوە بۆ ماوەتەوەو پیاوەکانیان دایانهێناوە، کاتی خۆی کە کچ و ژنەکانیان بە کۆیلە بردوون ئەو رێگایانەیان دۆزیوەتەوە تاوەکو روخساری ژنەکانیان بشێوێنن و ناشیرینیان بکەن تاوەکو بەزۆر داگیریان نەکەن و بیانکەنە کۆیلە، بەڵام پیاوەکانیان قوڕو ریخی گامێشەکانیان وەک ماکیاژ لە روخساری خۆیان هەڵدەسون و بەنەخش ونیگاری جۆراوجۆری وەک تاتۆی ئێستا خۆیان کەشخەدەکەن، کاتێکیش گەنجێکیان بیەوێت ژن بێنێت دەبێت ئازایەتی خۆی تاقیبکاتەوە بە جۆرێک دار « کوتک» ێک بەناوی «تۆنجا» و دەبێت بکەوێتە زۆرانێ و ململانێ لەگەڵ گەنجێکی تر، براوەی زۆرانبازیەکە دەبێتەزاوای پاڵەوان و هەر کچێکی بوێت ئازادەو خۆی هەڵیدەبژێرێت. 

سەرچاوە: Travellers Archiv

#کەشتیی نـــوح

بابەتە پەیوەندیدارەکان