سەرۆك كۆمار: پشتگیری لە حكومەت

10:27 - 2022-12-05
عیراق
291 جار خوێندراوەتەوە

سەرۆك كۆمار، تەئكیددەكاتەوە لەسەر «پشتیوانی لە هەوڵەكانی حكومەت بۆ سەقامگیریی سیاسی و ئەمنی و گەیشتن بە ئامانجەكان».
كۆبوونەوەی سەرۆك كۆمار و نێردەی نەتەوەیەكگرتووەكان
د.لەتیف رەشید سەرۆك كۆمار، بەئامادەبوونی شاناز ئیبراهیم ئەحمەد خانمی یەكەمی عیراق، لە بەغدا، پێشوازییكرد لە جینین پلاسخارت نێردەی تایبەتی سكرتێری گشتیی نەتەوەیەكگرتووەكان لە عیراق و لە كۆبوونەوەیەكدا دوایین پێشهاتەكانی رەوشی سیاسیی عیراق و تەواوكردنی كابینەی نوێی حكومەتی عیراق و پشتیوانییكردن لە هەوڵەكانی حكومەت بۆ سەقامگیریی سیاسی و ئەمنی، گفتوگۆیان لەبارەوە كرا.
كۆبوونەوە لەگەڵ وەزیرانی ژینگە و ئاوەدانكردنەوە
لە كۆبوونەوەیەكی دیكەدا لەگەڵ نزار محەمەد وەزیری ژینگە و بەنگین رێكانی وەزیر ئاوەدانكردنەوە و نیشتەجێكردن و شارەوانییەكان و كار، سەرۆك كۆمار ئاماژەیكرد بە گرنگیی هەوڵە هاوبەشەكان لە هەموو ئاستەكاندا بۆ پشتیوانیكردنی حكومەت لەپێناوی جێبەجێكردنی بەرنامەی كارەكانی و گەیشتن بە ئامانجەكان كە ویستی هەموانە، بەتایبەتی ئەوانەی راستەوخۆ پەیوەستن بە بارودۆخی ژیان و خزمەتگوزاریی هاووڵاتیان و دابینكردنی پێداویستییەكانیانەوە.
پێشوازیكردن لە وەفدی نوێنەرایەتیی پێكهاتەی عیراق لە ئوردن
لەلایەكی دیكەوە و لەمیانی پێشوازی لە وەفدێكی نوێنەرانی پێكهاتەی عیراقی لە ئوردن، سەرۆك كۆمار جەختیكردەوە كە عیراقییەكانی دەرەوەی وڵات، هەڵگری پەیامێكی گرنگ و مەزنن كە رەنگدانەوەی وێنەی عیراق و قووڵایی شارستانیەتی و مێژووەكەیین، دووپاتیشیكردەوە كە وڵات پێویستی زۆری بە هەوڵ و تەقەلای هاووڵاتییەكانێتی بۆ بەشداریكردن لە بنیاتنان و پێشكەوتن و سەرخستنی عیراقدا.
كۆبوونەوە لەگەڵ ئەمینداری گشتیی ئەنجومەنی وەزیران
هەروەها، سەرۆك كۆمار و حامید نەعیم غەزی ئەمینداری گشتیی ئەنجومەنی وەزیران، لە كۆبوونەوەیەكدا جەختیانكردەوە لە پێویستیی بەهێزكردنی ژێرخانی ئابووری لە هەموو بوارەكاندا و دابینكردنی پێویستییەكانی هاووڵاتیان.
كێشەكان و شێوازی چارەسەركردنیان، تەوەرێكی دیكەی دیدارەكە بوو، لەوبارەیەوە سەرۆك كۆمار، گرنگیی كاری ئەمیندارێتیی گشتیی ئەنجومەنی وەزیرانی لە دابینكردنی خزمەتگوزارییە تەكنیكی و راوێژكاری و لۆجستیكییە پێویستەكاندا خستەڕوو و داوایكرد «بەهەموو شێوەیەك پشتیوانی لە حكومەت و كارەكانی بكرێت لەپێناوی جێبەجێكردنی بەرنامە خزمەتگوزارییەكەی و جێبەجێكردنی داواكارییەكانی هاووڵاتیان».
پێشوازیكردن لە ئەمینداری رێكخراوی  (ICESCO)
لە دیدارێكیشدا، سەرۆك كۆمار و سالم كوڕی محەمەد مەلیك ئەمینداری گشتیی رێكخراوی جیهانی ئیسلامی بۆ بواری پەروەردە و زانستی و فەرهەنگی (ICESCO) گرنگیی پتەوكردنی هاریكاری و پەیوەندییەكانی نێوان عیراق و رێكخراوەكە لە بوارەكانی پەروەردە، زانست، تەكنەلۆجیا، رۆشنبیری، ئاڵوگۆڕی ئەزموون و پەرەپێدانی سیستمی پەروەردە و پاڵپشتیكردنی ئەزموونە پێشەنگەكان، گفتوگۆی لەبارەوە كرا.
جەختیشكرایەوە لەسەر «پێویستیی هاندان و پەرەپێدانی زانست و كەلتور لەناو گەنجاندا بۆ ئەوەی بەشداریی بكەن لە بنیاتنانی كۆمەڵگەدا».

بابەتە پەیوەندیدارەکان