بڕیاری تێکدانی حەوزەکانی ماسی دەرچووە و خاوەن پڕۆژەکانیش ناڕازین

10:44 - 2022-12-05
ڕاپۆرت
461 جار خوێندراوەتەوە

راپۆرتی، هێمن ئەحمەد
لە دێر زەمانەوە ژینگەی عیراق لەبار بووە بۆ بەخێوكردنی ماسی بەتایبەت لە دەریا و رووبار و گۆماوەكاندا، بەڵام وشکەساڵی وایکردووە ئێستا زۆرتر ماسی لە حەوزی دەستكرد دا گەورە بکرێت بەرهەمێكی باشی هەیە و دەخرێتە بازاڕەوە، بەڵام نازانرێت تا چەندێك دەرهاویشتەكانی بە ئەرێنی و نەرێنی رەنگدەداتەوە لەسەر بەرهەمی سامانی ماسی و تاچەند ئاستێكی بازرگانی دەپێكێت.
بەپێی بەدواداچوونەکان دەرکەوتووە نەتوانراوە وەک پێویست بە شێوازی تەندروست و زانستی ماسی لە حەوزە دەسکردەکاندا بەخێو بکرێت.
لە سنووری پارێزگای کەرکوک نزیکەی 700 حەوزی دەستکردی بەخێوکردنی ماسی هەن پڕۆژەی کەرتی تایبەتن و هەریەکەیان بیری تایبەتیان لێداوە بۆ بەڕێوەبردنی پڕۆژەکەیان و تەنها ژمارەیەکی کەمیان مۆڵەتی کارکردنیان هەیە.
 بەهۆکاری دروستبوونی وشکەساڵی، کۆنتڕۆڵکردنی کاری پڕۆژەکانی بەخێوکردنی ماسی و رێگریکردن لە زیانگەیاندن بە ئاوی ژێر زەوی بەڕێوەبەرایەتی کشتوکاڵی کەرکوک بە نوسرای رەسمی خاوەنی ئەو پڕۆژانەی ئاگادار کردووەتەوە لە ماوەی مانگێکدا حەوزەکانیان تێکبدەن.
زیانەكانی روخاندنی گەورەن
محەمەد حەوێز خاوەن حەوزی ماسییە لە قەزای داقوق دەڵێت: ماوەی 10 ساڵە حەوزی ماسیم هەیە و لەو بوارەدا کاردەکەم، نزیكەی 15 ملیۆن دینارم لە پڕۆژکەدا خەرجکردووە، بەهۆی ئەوەی بەباشی شارەزا نەبوو سەرەتا تووشی گەلێك زەرەر و زیان بووم تاوەكو توانیم لەسەر پێی خۆم بوەستم.
وتیشی، ئێستا بەرپرسانی ناوچەكە بەسووك و ئاسانی دەیانەوێت رەنجی چەند ساڵەمان بە فیڕۆ بدەن و حەوزەكانمان تێكبدەن بەبێ ئەوەی تێبگەن لێمان و چارەسەرمان بۆ بدۆزنەوە كە هەموو داكۆكی كردنێكیان تەنیا ئەوەیە گوایە وشكە ساڵییە و ئاوێكی زۆر بەفیڕۆ دەچێت، لە كاتێكدا ساڵانی رابردووش کە هەر وشکەساڵی بوو هەمان کارمان کردووە و كەس رێگریی لێ نەكردووین، بۆیە لەمساڵدا بەبێ تێگەیشتن ماوەی چەند مانگێكیان بۆمان دیاریكردووە بۆ ئەوەی حەوزەكان تێكبدەین و ماسییەكان بفرۆشین، كە زەرەو زیانێكی زۆر بەخاوەن حەوزەكانی ماسی دەگەیەنێت، جگە لەوەش نرخی ماسی بەرزدەبێتەوە لەبازاڕو زەرەرمەندی یەكەم خەڵكییە.
ناعەدالەتی لە بڕیارەكەدا هەیە
مەحمود عەلی، خاوەنی حەوزی بەخێوکردنی ماسییە دەڵێت: ئەگەر بێت ‌و بەراوردێك بكەین لەنێوان حەوزەكانی ماسی قەزای داقوق و كارگەكانی چەو لم دەبینین ئەوان لە ئێمە زیاتر ئاو بەكاردەهێنن بۆ شتنی چەو لمەكانیان، بەڵام كەس پرسیاری لێ نەكردوون ‌و گێچەڵیشیان پێنەكراوە، كە ئەمە خۆی لەخۆیدا نا عەدالەتییەكی گەورەیەو زیان بە سێ هەزار حەوزی ماسی دەگەیەنێت.
وتیشی: گەر بێت ‌و ئەم سێ هەزار حەوزی ماسییە لەناو بدرێت ئەوا نزیكەی 15 هەزار كەس بێكار دەبن، لەپاڵ ئەوەشدا كارگەكانی دروستكردن و بەرهەمهێنانی ئاڵف كە نزیكەی 27 كارگەیەو هەر كارگەیەك نزیكەی حەوت كرێكار كاری تێدا دەكات و بەم بڕیارەش بێت هەر هەموویان دەچنە ماڵەوە بێكار دەبن.
پیشەكە لە خەڵكە رەسەنەكە دەسەننەوە
جوامێر كەریم دانیشتووی قەزای داقوقەو لەسەر بڕیاری تێكدانی حەوزەكانی ماسی لەو ناوچەیە دەڵێت: لەبەر ئەوەی بەرهەمهێنانی ماسی لە داقوق دەنگدانەوەی گەورەی لە پارێزگاكانی دەوروبەریدا رەنگیداوەتەوە و كاریگەری بەجێهێشتووە لەسەر بەرهەمهێنانی هاوردەكردنی ماسی لەو پارێزگایانەوە بە تایبەتی لەخواروو و ناوەڕاستی عیراقەوە، هەروەها جۆری باشی بەرهەمەكەی لەچاو بەرهەمی ئێرانی خەڵكێكی زۆر پێشوازی لە بەرهەمی ماسی داقوق دەكەن، بۆیە تەنها لێكدانەوەیەكی سیاسی و بازرگانییە بۆ ئەوەی شوێنەكانی تر سوودمەن بن.
وتیشی: زۆربەی خاوەن حەوزەكانی بەرهەمهێنانی ماسی خەڵكی قەزاكەن و كورد و توركمانن، بۆیە دەیانەوێت ئەو پیشەیەش لەدەستی خەڵكە رەسەنەكەی دەربكەن و وشكە ساڵی بكەن بە بیانوو بۆ لەناودانی ئەو حەوزانە.
گرفتەکە لە نەبوونی ئاودایە
زوهێر محەمەد، بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتی كشتوكاڵی كەركوك رایگەیاند: ئەگەر بێت‌ و بەراوردێكی پارێزگاكە بكەین لەچاو شارۆچكەی داقوق ئەوا رێژەی 90 %ی حەوزەكان لەو شارۆچكەیەدان، لەبەرئەوەی لەمساڵدا رێژەی وشكە ساڵی زۆر زیادی كردووە و ئاستی ئاو لە شارۆچكەكە زۆر دابەزیوە.
وتیشی، پێویستمان بەڕێژەیەك ئاوی زۆر هەیە، ئەم سێ هەزار حەوزەش هەر یەكەی چوار بیری200 ـ تا 300 مەتری لێداوە و بەخێوكردنی ماسیش پێویستی بە رێژەیەكی زۆر ئاو هەیە، ئەمەش دەبێتە هۆی  بەهەدەردانی ئاو، چونكە لەم شارۆچكەیە پلەی گەرما بەرزترە لە ناوچەكانی تر، نەبوونی رووباری پێویست ئەوەندەی تر كێشەكەی ئاڵۆزتر كردووە، بۆیە هیچ چارەیەكمان نەماوە تەنیا تێکدانیان نەبێت یان دەبێت بەشێوەیەكی تر رێكبخرێنەوە و رێژەی پێویستی بەكارهێنانی ئاویان بۆ دیاری بكرێت و مۆڵەتیش لە بەڕێوەبەرایەتی كشتوكاڵی كەركوك وەربگرن بۆ ئەوەی بەشێوەیەكی زانستیانە سەرپەرشتی بكرێن و بتوانین كۆنتڕۆڵی رێژەی ئاو بكەین.

بابەتە پەیوەندیدارەکان