رۆژی 1/12/2022 به بۆنه‌ی یه‌كه‌م ساڵه‌ی كۆچی دوایی تێكۆشه‌ری دیاری كۆمه‌ڵه‌ی ره‌نجده‌رانی كوردستان و یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستانه‌وه (هه‌ڤاڵ مامۆستا موحسین عه‌لی ئه‌كبه‌ر)، له هه‌ردوو شاری سلێمانیa و خانه‌قین مه‌راسیمی تایبه‌ت به‌و یاده به‌ڕێوه‌چوو كه مه‌راسیمه‌كان چه‌ندین بڕگه‌ی جۆراوجۆریان له‌خۆگرتبوو.
هه‌ڤاڵ عیماد ئه‌حمه‌د سه‌ركرده‌و تێكۆشه‌ری دێرینی كۆمه‌ڵه‌و ی.ن.ك و هاوڕێ و هاوشاریی مامۆستا موحسین، ئه‌م وتارەی لە مەراسیمەکەدا خوێندەوە:
له ساڵیادی مامۆستا موحسین‌دا
خوشك و برایانی ئازیز
ئێواره‌تان باش
هه‌موومان لێره بۆ به‌رز راگرتنی ساڵیاد و یاده‌وه‌ری مامۆستا موحسین كۆبووینه‌ته‌وه، به‌ناوی كه‌سوكار و هاوڕێ و دۆستانی مامۆستا موحسینه‌وه به‌خێرهاتنێكی گه‌رمتان ده‌كه‌ین.
سوپاس بۆ ئاماده‌بوون و ماندووبوونتان.
بۆ من ئاسان نییه له ساڵیادی كۆچی دوایی مامۆستا موحسین‌دا قسه بكه‌م، چونكه ئه‌و بۆ من هه‌م خاڵ و هه‌م باوك، له‌وانه‌ش زیاتر هاوڕێیه‌كی دڵسۆزی به‌نده بوو.
بۆیه نازانم له كوێوه ده‌ست پێبكه‌م و باسی كام وێستگه‌ی بیره‌وه‌رییه‌كانم بكه‌م له‌گه‌ڵ مامۆستا موحسین؟ باسی منداڵی و كاره‌ساتی هه‌تیوكه‌وتنمان و بێبه‌ش بوون له سۆز و خۆشه‌ویستی باوك، دواتریش بارگرانی ژیانی بێباوكی، یان رۆژگاری مقاوه‌مه‌ت و به‌رهه‌ڵستكاری رژێمی به‌عس و رێكخستنی كۆمه‌ڵه و هه‌رێمی پێشڕه‌و و رێكخراوی هه‌ڵۆی سوور یان باسی ده‌رده‌سه‌ری و هه‌ستكردن به نا دادپه‌روه‌ری له ژیانی سیاسی‌دا؟
له ژیانی خۆمدا زۆر پله و پێگه‌ی سیاسی و ئیداریم بینیوه، به‌ڵام لای من هیچیان به‌قه‌د ئه‌وه گه‌وره و پیرۆز نه‌بوون كه پێیان ده‌وتم خوشكه‌زای مامۆستا موحسینه!
ئاخر ئه‌و بۆ من سایه و سێبه‌ر و سه‌رچاوه‌ی ئیلهام و فێربوون بوو، خاڵێك بوو به به‌رزیی به‌مۆ، تێكۆشه‌رێك بوو به هیمه‌تی هه‌ڵۆی سوور، هاوڕێیه‌ك بوو به بۆنی ئازاد هه‌ورامی.
هه‌رچه‌نده مامۆستا موحسین پله و پایه‌ی شایسته به خه‌بات و ماندووبوون و به‌هره و ئاستی رۆشنبیری خۆی وه‌رنه‌گرتبوو، به‌ڵام قه‌ت بۆڵه‌بۆڵ و سكاڵای نه‌ده‌كرد چونكه باوه‌ڕی به خۆی هه‌بوو، پله و پایه‌ی لا مه‌به‌ست نه‌بوو، خه‌می گه‌وره‌ی ئه‌و به‌رژه‌وه‌ندیی كوردستان و یه‌كێتی و گه‌له‌كه‌ی بوو، بۆیه به‌دڵنیاییه‌وه ئه‌توانم له به‌رده‌می ئێوه‌ی به‌ڕێزدا ناوی بنێم سه‌ربازی ونی راسته‌قینه‌ی یه‌كێتی و كوردایه‌تی.
ئه‌و فره به‌هره و چرای چراخانی هاوڕێكانی بوو .
ئه‌و خوێنه‌ری حافزی شیرازی و سه‌یاب و مه‌حوی و مه‌وله‌وی بوو.
ئه‌و شاره‌زای مه‌قامات كوردی و وتنی گۆرانیی ئه‌ڵاوه‌یسی بوو.
ئای كۆرۆنای نه‌گریس چه‌ند ئازیز و هاوڕێمان گڵپۆش كردیت.
ئاماده‌بوانی به‌ڕێز
تۆماری ژیانی مامۆستا موحسین تۆماری تێكۆشان و خۆڕاگرییه، تۆماری پشوودرێژیه، له ژیانیدا تا فشار و نه‌هامه‌تییه‌كان زیاتر بووبن، ئه‌و خۆڕاگرتر و به‌هیمه‌ت تر بووه.
مامۆستا موحسنیش وه‌كو (ڤان كۆخ) بلیمه‌تی وێنه‌كێشی هۆڵه‌ندی ناو و پێناسه‌ی شارستانی خۆی نه‌بوو، به‌ڵكو هی برایه‌كی پێش خۆی بوو كه مردبوو، بۆیه نه ناو و نه رۆژی له دایكبونی هی خۆی نه‌بووو، وه‌ك ئاشكرایه ئه‌مه بۆ ڤان كۆخ بووه مایه‌ی خه‌مۆكی، به‌ڵام بۆ مامۆستا موحسین بووه مایه‌ی لێبوورده‌یی و لێو به خه‌نده‌یی.
ئێستا به‌سه‌ربه‌رزییه‌وه ئه‌ڵێم مامۆستا موحسین تاجی سه‌روه‌ری و سه‌ربڵندی بۆ خانه‌واده‌كه‌ی جێهێشت، وه‌كو وه‌فایه‌ك بۆ ئه‌و شاره‌ی كه له دڵی مامۆستا موحسین‌دا چه‌كه‌ره‌ی كردبوو و بۆ ئه‌وه‌ی روحی شاد بێت، ئێمه وه‌كو خانه‌واده ئه‌و تاجه پێشكه‌ش به‌شاره بێنازه‌كه‌ی خانه‌قی ده‌كه‌ین بۆ ئه‌وه‌ی خه‌رمانی سه‌روه‌رییه‌كانی بچنه سه‌ر شاخه‌رمانی سه‌روه‌ری و شانازییه‌كانی خانه‌قین.
له كۆتایدا ده‌ڵێم: مه‌رگ و ژین به میسلی سێبه‌ر و تاوه، ئه‌وه‌ی باقی بمێنێ هه‌ر ناوه.
هه‌زار سڵاو له روحی پاكی مامۆستا موحسین و گشت شه‌هیدانی رێگه‌ی كوردایه‌تی، عومری درێژیش بو هه‌رسێ چرای ژیانی مامۆستا موحسین و سه‌نا خان.. كاكه ئه‌له‌ند و سۆما و سۆز.
دووباره به‌خێربێن و سوپاس بۆ ئاماده‌بوونتان