قەیرانی سەدە، دەگمەنیی ئاو و گەڕانە بەدوای چارەسەردا

10:40 - 2022-12-07
ئابووری
549 جار خوێندراوەتەوە
مرۆڤ بەدەست کەمیی ئاوەوە دەناڵێنێت

فەیسەڵ عەلی

نەتەوە یەکگرتووەکان گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا و ئاوی بەیەکەوە گرێدا، بەوەی پەیوەندییەکی توند   هەردووکیانی بەیەکەوە بەستۆتەوە، بارگۆڕانی کەشوهەوا بنچینەی قەیرانی ئاوە. ئەمینداری نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ رێکخراوی جیهانیی چاودێریی کەش و هەوا،  گۆڕانی کەشوهەوای لە چوارچێوەی ئەو شێواوی و ناڕێکییەدا وەسف کرد بەسەر ئاو و هەوادا هاتووەو ساڵانێکە بۆتە دیاردەی سروشتی، وەک شەپۆلی زۆر گەرم و لافاوی زۆر و بارانی وەرزی ناڕێک و توانەوەی خێرای شاخەسەهۆڵەکان دەگرێتەوە.

کۆچی دانیشتوان زیاد دەکات
لە سۆنگەی ئەوەوە، بارگۆڕانی کەشوهەوا لافاوی لێدەکەوێتەوە، بە جۆرێک کە ناتوانرێ بە شێوەیەکی دروست پێشبینی بکرێت. یان دەبێتە هۆکاری پیسبوونی ئاو، کە لە کۆتاییدا هەڕەشە لە رووەک و ئاژەڵ و مرۆڤ دەکات، ئەوجۆرە وێرانکارییە کاریگەریی لەسەر هەموو شتێک دەبێت و ژێرخانی شارەکان و کێڵگەکان وێران دەکات و بەروبوومەکان لەناو دەبات. دەگمەنیی ئاو، بەشێوەی وشکانی دەردەکەوێت، کە ناسەقامگیریی کۆمەڵگەکان و زیادکردنی کۆچی دانیشتوانی چەندین ناوچەی لێدەکەوێتەوە، هەروەها کەوتنەوەی ئاگری لێدەکەوێتەوە لە دارستانەکان و سەوزایی لەناو دەبات، لە هەمان کاتدا رێژەی ئاوی ژێر زەوی کەم دەکات و دیاردەی بە بیابانبوون و داخوران و راماڵینی خاکیش زیاد دەکات.
ناوچەیەک نامێنێت لە جیهاندا لەو دیاردە و بارگۆڕانەی کەشوهەوا و دەرهاویشتەکانی بەدوور و پارێزراو بێت، هەموو ناوچەکانی جیهان دیاردەی کەشوهەوای پەیوەست بە ئاویان بەخۆوە دیوە. لە کاتێکدا راپۆرتەکانی رێکخراوی چاودێریی جیهانی کەشوهەوا ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن، کە %74ی هەموو کارەساتە سروشتییەکانی نێوان ساڵانی 2001 تا 2018 پەیوەست بوون بە ئاوەوە. 

رۆژ بە رۆژ خراپتر دەبێت
پێگەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ ئاو پێشبینی دەکات، ئەوانەی رووبەڕووی مەترسیی لافاو دەبنەوە، تا 2050 لە 1.2 ملیارەوە بۆ 1.6 ملیار کەس زیاد دەکات، لە کاتێکدا 1.9 ملیار کەس کە دەکاتە %27ی دانیشتوانی جیهان لەو ناوچانە دەژین کە کەمئاون، یان لەم ساڵانەی دواییدا تووشی کەمئاوی بوون، ئەو ژمارەیە رۆژ بە رۆژ لە زیادبووندایەو دەگاتە 3.2 ملیار کەس، ئەوەش لە کاتێکدایە کە ئێستا 3.6 ملیار کەس لانیکەم لە ساڵێکدا یەک مانگ ئەویش بە زەحمەت وەک پێویست ئاویان دەست دەکەوێت. پێشبینی دەکرێت ئەو ژمارەیە تا ساڵی 2050 بۆ زیاتر لە پێنج ملیار کەس بەرزبێتەوە. 
سەبارەت بە کاریگەرییەکانی لەسەر بەرهەمی ناوخۆیی، راپۆرتەکانی بانکی نێودەوڵەتی ئاماژە دەکەن بەوەی، دەگمەنیی ئاو بەهۆی گۆڕانی کەشوهەواوە زیاتر بووە، ئەوەش وای کردووە هەندێک ناوچە کۆی بەرهەمی ناوخۆیی تەنیا رێژەی %6ی پێداویستییەکانی پڕدەکاتەوە، ئەو پاشەکشەیەش لە بەرهەمدا کۆچ زیاتر دەکات و ململانێکانیش گەرمتر دەکات. 

کاریگەرییەکانی لەسەر کەرتی پیشەسازی
بەپێی داتاکانی یۆنسکۆ، لە دەوڵەتانی پێشکەوتوودا کەرتی پیشەسازی %59 کۆی ئاوی بەکارهاتووی وڵاتەکەی بەردەکەوێت، ئەمەش بەڵگەیە لەسەر ئەوەی دەگمەنیی ئاو کاریگەری لەسەر رەوشی ئابووری دەبێت، هەروەها لەسەر پرۆسەی بازرگانیی جیهانیش کاریگەریی دەبێت، ئەمەش تێچوونی کارکردن بەرز دەکاتەوە، کاتێک نرخی ئاو بە شێوەیەکی زۆر بەرزدەبێتەوە، یان بەهۆی تێچوونی مانەوەی پیشەسازی لەو شارانەی رووبەڕووی لافاو و زریانی بەردەوام دەبنەوە دیسانەوە تێچوون لە کەرتی کار و پیشەسازیدا زیاد دەکات.

رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بە پێویستی دەزانێت، دەوڵەتان لەڕێی سنوورە نێودەوڵەتییەکانیانەوە هاوسەنگیی نێوان پێداویستیی کۆمەڵگەکانیان لە ئاو و کەرتی پیشەسازی و کشتوکاڵی و سیستمی ژینگە دەستەبەر بکەن

بەو جۆرە مرۆڤی ئەمڕۆ لە نێوان وشکەساڵی و لافاودا دەژی، هۆکارە سەرەکییەکەشی هەر ئاوە، چ بەهۆی دەگمەنیی، یاخود بەهۆی زیادبوونی تێكڕای ئاوەوە، نەتەوە یەکگرتووەکان و رێکخراوەکانی سەر بەو رێکخراوە، جەخت لەسەر ئەوە دەکەنەوە، کە ئەو دیاردە دژبەیەکانە بە گۆڕانکاریی کەشوهەواشەوە، هۆکارەکەی بەرزبوونی پلەی گەرمای سەر هەسارەی زەوییە، کە ئەویش بە هۆی چالاکییەکانی مرۆڤەوە روو دەدات.

پێویستی بە هاوکاریی نێوان گەلانە
ئەو بارگۆڕانە یەک لەدوای یەکانە کاریگەریی لەسەر ئابووریی دەوڵەتان و هەموو لایەنەکانی ژیانی رۆژانەی مرۆڤ دەبێت، لە سایەی ژینگەیەکی ئابووریی لەوجۆرەدا، تاکە رێگەو دەرفەتی دۆزینەوەی چارەسەر هاوکاریی نێوان گەلان و کۆمەڵگەکانە، تا بتوانن ئاسەوارە نەرێنییەکانی ئەو بارگۆڕانەی کەشوهەوا چارەسەر بکەن.
لەم رێڕەوەدا، پێگەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ ئاو، بە پێویستی دەزانێت دەوڵەتان لەڕێی سنوورە نێودەوڵەتییەکانیانەوە هاوسەنگیی نێوان پێداویستیی کۆمەڵگەکانیان لە ئاو و کەرتی پیشەسازی و کشتوکاڵی و سیستمی ژینگە دەستەبەر بکەن، هەروەها پێویستە لەسەر دەوڵەتان پارێزگاری لە سەرچاوەی سروشتی خۆیان بکەن و دیواری کارای سروشتی بۆ رێگرتن لە دیاردە توندە سروشتییەکانی وەک لافاو و راماڵین و داڕمانی خاک دروست بکەن، هەروەها پارێزگاری لەو رووەکانە بکەن کە بەشداری لە رێکخستنی رێڕەوەکانی ئاودا دەکەن. هەروەها دەبێ دەوڵەتان هەوڵەکانیان لە بواری کۆکردنەوەی ئاوی باراندا زیاد بکەن، چونکە باراناو زۆر سودبەخشە بۆ ئەو ناوچانەی تێیدا رێژەی بارانبارین ناجێگیرە، تا ئاو  بۆ کاتی وشکانی و نەبارین هەڵبگرن، ئەمەش لەڕێی دروستکردنی بەنداوی خۆڵینەوە دەکرێت تا تەوژمی ئاوەکە خاو بکرێتەوە و رێ لە داخوران و راماڵینی خاک بگیرێت و لێوەی دووبارە ئاوی ژێر زەوی زیادبکرێت.

سنوورێک بۆ بەهەدەردانی خۆراک دابنرێت
بەوجۆرە، بۆ بەرەنگاری ئەو بارگۆڕانەی کەشوهەوا، دەبێ مرۆڤ بەشداری لە هەوڵە سودبەخشەکان بکات، هەروەها هەوڵی دۆزینەوەی چارەسەری بەردەوام بدات بۆ زیادکردنی ئاو، کار بۆ زیادکردنی کەفائەتی ئاو بکرێت، وەبەرهێنان لە دەستپێشخەری کشتوکاڵی زیرەکدا بکرێت و تەکنەلۆجیای ئاودێری بە دڵۆپاندن بەگەڕبخرێت، سنوور بۆ بەهەدەردانی خۆراک دابنرێت، پاشەڕۆکان بۆ سەرچاوەی خۆراکدان یان بۆ زیندەوزە یان زیندەگاز بگۆڕدرێت، چارەسەری ئاوی ئاوەڕۆکان بکرێت بۆ مەبەستی پیشەسازی و شارەوانییەکان بەکاربهێنرێتەوە، ئاوی ژێر زەویش بەشێوەیەکی دروست بەکاربهێنرێت و سنوورێک بۆ خراپ بەکارهێنان و پیسبوونی دابنرێت. ئەو هەوڵانە، نەک هەر سنوورێک بۆ بارگۆڕانەکانی کەشوهەوا لەسەر ئاو دادەنێت، بەڵکو لە بنچینەدا ئەوانە رەفتاری ئابووریین، کە دەرفەتی نوێی کارکردن دەڕەخسێنێت و بەشداری لە پشتیوانیکردنی داهێنان و ئەو بەرهەمهێنانە پیشەسازییانە دەکات، کە رووی لە چارەسەری ئەو پرسە هەستیارانەیە، بە واتایەکی دیکە ئەو هەوڵانە کارکردنە بە ئاراستەی چارەسەر بۆ قەیرانی ئاو کە قەیرانی سەدەیە.

بابەتە پەیوەندیدارەکان