جوانترین دیمەنی مۆندیال

12:14 - 2022-12-07
وەرزش
468 جار خوێندراوەتەوە

لەم مۆندیالەی قەتەردا دیمەنی جوان و سەرنج راكێش و لە بەرامبەریشدا چەندان دیمەنی قێزەون و ناشرین هەبوون.
لە نموونەی دیمەنە قێزەون و ناشیرینەكان ئەوەبوو پاش دۆڕاندنی ئۆرۆگوای 0-2 بە غانا دۆڕان، كاڤانی لە كاتی هاتنە دەرەوەیدا لەیاریگا و چوونی بۆ ژوری خۆگۆڕین، بۆكسێك دەکێشیت بە تەلەفزیۆنی ڤاری یاریگادا و دەیدات بە زەویداو زیانی پێدەگەیەنێت، چەند یاریزانێكی تری هاوڕێشی پاش تەواو بوونی یارییەكە، لەناو یاریگادا زۆر بەخراپی مامەڵە لەگەڵ ناوبژیوان و یاردەدەرانی دەكەن و چەندین قسەی نەشیاویان ئاراستە دەكەن.
دیارە چ دیمەنە جوانەكان و چ دیمەنە نەشیاو و قێزەونەكانیش سەرنجی هەموانی راكێشاوە، بەڵام جوانترین دیمەن  تائێستا لە یاریی بەرازیل و كامیرۆندا تۆمار كراوە.
یارییەكەی بەرازیل و كامیرۆن دوا یاریی هەردوو هەڵبژاردە بوو لە قۆناغی گروپەكاندا (گروپی حەوتەم) و كامیرۆن 1-0 یارییەكەی بردەوە.
دیمەنەكە ئەوەبوو لە سێیەم دەقیقەی نۆ دەقیقە زیاد كراوەكەی یارییەكەدا، كاتێك فیسینت ئەبو بەكر گۆڵی بردنەوەی كامیرۆنی کرد، لەبەر ئەوەی پێشتر كارتێكی زەردی هەبوو، كە گۆڵكەش دەكات لە خۆشی گۆڵەكە لەكاتی ئاهەنگی خۆشی گێڕانیدا درێسەكەی دادەكەنێت و خۆشییەكی هستیری دەردەبڕێت، ناوبژیوانی یارییەكە ئیسماعیل ئەلفەتحی ئەمریكی كارتی زەردی دووەمی دەداتێ و دەیكاتە دەرەوە.
ئالێردا دیمەنە جوانەكان بە ئاشكرا بینران، یەكەمیان ئەوەبوو ناوبژیوان بە رویەكی گەش و پێكەنیناوییەوە كارتی زەردی دووەم و پاشان سورەكەی بۆ بەرز دەكاتەوە و دەستی رێزیش دەبات بۆ دەم و چاوی، ئەبو بەكریش لەو جوانتر بەپێكەنینەوە پێشوازی لە ناوبژیزان دەكات و لەكاتی چوونە دەرەوەیشیدا تەوقە لەگەڵ ناوبژیوان دەکات و دواتر سڵاوی لێدەكات و دەچێتە دەرەوەی یاریگا.

#مۆندیال

بابەتە پەیوەندیدارەکان