لە كرێكاری پاكردنەوەوە بۆ راهێنەرێكی ناودار

12:17 - 2022-12-07
وەرزش
320 جار خوێندراوەتەوە

یادگار ساڵح

چیرۆكی سەركەوتن و دەركەوتنی یاریزان و راهێنەرە دیارەكانی تۆپی پێ جیاواز و سەرنجڕاكێشن، زۆربەی ئەستێرەكانی تۆپی پێ بەرێگایەكی سەخت و دژوار گەیشتونەتە لووتكە، بەهەژاری و لەكۆڵانە هەژارنشینەكانەوە دەركەوتن و مەینەتی و خراپی گوزەرانی ژیان بەشێك بووە لەبیرەوەرییەكانیان، یەكێك لەوانە هێرڤی رێنارد-ی فەرەنسی و راهێنەری هەڵبژاردەی سعودیە یە.

نازناوی رێوی
رێنارد نازناوی (رێوی)ی هەیە، رۆنار بەزمانی فەرەنسی واتا رێوی، دوای بردنەوە مێژووییەكەی هەڵبژاردەی سعودیە 2-1 لە ئەرجەنتین لەم مۆندیالەی 2022 قەتەردا، رێنارد بۆتە مانشێتی رۆژنامە و باس و خواس و هەواڵی كەناڵەكانی راگەیاندنی جیهان.
ئەو راهێنەرە چەند چیرۆكێكی ناخۆش و سەرنجڕاكێش لەژیانیدا هەیە، ئەو بۆ بژێوی ژیانی خۆی لەساڵانی نەوەدەكانی سەدەی رابردوودا كاری پاككردنەوەو گواستنەوەی سەتڵی خۆڵی لەنوسینگەی كۆمپانیایەک كردووە، لەگەڵ ئەو كارەدا درێژەی بەیاریكردن داوە و لەریزی یانەی كان–ی فەرەنسی دەردەكەوت، بەڵام لەیاریكردن بەردەوام نابێت و لەتەمەنی 30 ساڵیدا وەك راهێنەر خۆی دەناسێنێت.
ساڵی 1999 یەكەم ئەركی راهێنەری لەگەڵ یانەی دراگۆن-ی فەرەنسی بووە، پێشتریش وەك یاریزان لەریزی ئەو یانەیە یاریی كردووە، لەهەمان كاتدا وەك كارگوزارێكی پاككەرەوە بەردەوام دەبێت تا ساڵی 2001، دواتر دەبێتە خاوەن كۆمپانیایەكی تایبەت بەخۆی، كۆمپانیاكەش بۆ پاككردنەوە بووە.

ئەو دوو رووداوەی بیری ناچێتەوە
رێنارد دوو رووداوی بیرناچێتەوە، یەكێكیان خۆشترین رووداوە و باس لەوە دەكات هیچ كاتێك ئەوەی بیرناچێتەوە سەرپەرشتی هەڵبژاردەی كۆت دیڤواری كردووە، ساڵی 2015 توانیویانە جامی وڵاتانی ئەفریقا بەدەستبهێنن، ناخۆشترین سەردەمی راهێنەرایەتیشی لەگەڵ یانەی لیل-ی فەرەنسی بووە، دوای 13 یاریی دەستبەرداری ئەركەكەی بووە.

دوو ئەرکی جیاواز
هێرڤی رێنارد بەوە ناسراوە لەگەڵ ئەو هەڵبژاردانەی ئەو راهێنەریان بووە، لە ئەركەكەیدا سەركەوتوو بووە، بەتایبەت لەگەڵ كۆت دیڤوار كە بۆتە پاڵەوانی ئەفریقا، لەگەڵ مەغریبیش دوای 20 ساڵ ئەو هەڵبژاردەیەی گەیاندۆتەوە دوا یارییەكانی مۆندیال، لەگەڵ سعودیەش لەمۆندیالی 2022 ئەنجامێكی چاوەڕواننەكراوی تۆماركردو ئەرجەنتنیان دووچاری شكست كرد، بەڵام لەگەڵ یانەكان ئەو ئاستەی نەبووەو ئامانجەكەی نەهێناوەتە دی، بە تابەتی لەگەڵ یانەكانی لیل و سوشوی فەرەنسی و ئیتیحادی جەزائیر.

دەستدرێژیكردنە سەر كچەكەی
یەكێك لەرووداو و چیرۆكە ناخۆشەكانی ژیانی رێنارد كە خۆی باسی كردووەو هیچ کاتێك بیری ناچێتەوە، هەوڵی دەستدرێژیكردنە سەر (كاندید)ی كچی بووە.
كاتێك كچەكەی ساڵی 2018 بەشداریی بەرنامەیەكی بەناوبانگی فەرەنسا بەناوی (koh-lanta) دەكات و سەرقاڵی وێنەگرتن دەبێت ، یەكێك لە هاورێكانی هەوڵدەدات دەست درێژی سێكسی بكاتە سەری، بەوهۆیەشەوە وێنەگرتنەكە دەوەستێت و بەرنامەكەش بەجێدەهێڵێت، ئەمەش رێنارد ناچار دەكات شكات بكات و دواتریش لەلایەن پۆلیس-ەوە تاوانبار دەستگیركرا و سزا درا.

#مۆندیال

بابەتە پەیوەندیدارەکان