شەب بۆچی باشە؟

10:43 - 2022-12-11
دووتوێ
995 جار خوێندراوەتەوە

ئا: بورهان ئەمین

جاران لە لەکوردەواری حەکیم و سەرتاشەکان بۆ ساڕێژکردنی برین و وەستاندنی خوێن «زاخ» شەبیان بەکاردەهێنا کە جۆرە بەردێکی سپی و جوانە و لەشێوەی کریستاڵە، لە کۆنەوە بۆ پاککردنەوەی ئاوی خواردنەوەش بەکارهاتووە، تائێستاش لە زۆر وڵات بۆ ئەم مەبەستە بەکاردێ و زۆربەی پاڵاوگەو سەرچاوەکانی ئاو ئەو بەردەیان تێدەکرێت بۆ پاککردنەوە، زاناو پزیشکە کۆنە یۆنانییەکان بەرلەزایین لە بواری تەندروستی و پاککردنەوە و پاڵاوتن بەکاریانهێناوە، شەب چەندین جۆری هەیەو هەر یەکەیان بۆ مەبەستێک سودی لێ وەردەگیرێت بۆ نموونە لە شێوەی پۆتاسیۆم هەیە کە بۆپاککردنەوەی ئاو و خوێنبەربوون بەکاردێت، هەیە لەشێوەی ئەلەمنیۆمەو دەکرێتە ناو گەچ و چیمەنتۆ تا پتەوتریان بکات، هەشە لە شێوەی سیلنیۆمە کە دەکرێتە ناو بۆن و بەرام و مادە پاککەرەوەکان، جۆری تر هەیە لەشێوازی سۆدیۆمەو پێکهاتەیەکی ترشەڵۆکی هەیە.
زانستیانە سەلماوە دژی بۆنی ناخۆشە و بۆ لابردنی زیپکەی دەموچاو و کوشتنی بەکتریا بەسودە، پەڵەی دەموچاو لادەبات و پێست جوان دەکات، بۆیە لە ماکیاژ و ماددە جوانکارییەکان بەکاردێت و پێست ساف و خاوێن دەکاتەوە، هەر بۆیە جاران پیاوان لە دوای ریشتاشین و بەنەرمی و دوای شوشتنی بە ئاوی شلەتێن بۆ ساتێک شەبیان بەدەموچاوی خۆیاندا دەهێنا، ژنان وردو خاشیان دەکرد و لەشێوەی پۆدرە دەیانکردەناو سپیاو، ئێستا دەرکەوتوەکە ئەو جۆرە بەردە ئەگەر ناوەناوە بۆ روخسار و پێست بەکاربێت کاری ئەرێنی دەکات نایەڵێت زوو چرچ و لۆچی و روشاوی دروست ببێ و پێست بە گەنجی دەهێڵێتەوە، کۆمپانیاکانی دروستکردنی دەرمان بڕێک لەو بەردە دەکەنە ناو ماددە کیمیاوییەکانی ناو ڤاکسینەکان بۆ بەهێزکردنی بەرگری لەش و لەناوبردنی خانە شێرپەنجەییەکان باشە.

سەرچاوە: ماڵپەڕی Stoerte Bekker  

#کەشتیی نـــوح

بابەتە پەیوەندیدارەکان