شه‌هید یوسف خدر كه ناسرابوو به هه‌ڵۆ، هه‌ر له ته‌مه‌نی هه‌رزه‌كارییه‌وه خاوه‌نی جیاوازییه‌ك بوو له تێڕوانین و بیركردنه‌وه له چاو هاوته‌مه‌نه‌كانی خۆی، بیركردنه‌وه له كوردایه‌تی و هه‌ڵگیرسانه‌وه‌ی شۆڕش، زۆرجاریش به هه‌سته نه‌ته‌وایه‌تی و شۆڕشگێڕییه‌كه‌ی پێش كه‌سانی له‌خۆی گه‌وره‌تریش ده‌كه‌وته‌وه، به‌رده‌وام هه‌ستی شۆڕشگێڕی و قاره‌مانییه‌تی له ناخیدا گه‌شه‌ی ده‌كرد و هاوته‌مه‌نه‌كانی هانده‌دا بۆ ئه‌وه‌ی ملكه‌چی به‌عسییه‌كان نه‌بن.
پێشمه‌رگه‌ی دێرین هه‌ڤاڵ جه‌لال شێراوه‌یی كه هاوڕێ و هاوته‌مه‌نی شه‌هید یوسفه، ده‌رباره‌ی ئه‌و وتی: شه‌هید یوسف له بنه‌ماڵه‌یه‌كی دڵسۆزی كوردایه‌تی و ده‌روێشانه‌ی رێبازی مام په‌روه‌رده ببوو، بۆیه هه‌رله سه‌ره‌تاوه وه‌ك گه‌نجێكی چالاك ده‌ركه‌وت، ده‌ستێكی باڵای هه‌بووله نه‌خشاندنی وێنه‌ی جوان و هۆنینه‌وه‌ی شیعری به پێز، له ساڵی 1980دا په‌یوه‌ندیكرد به هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستانه‌وه له هه‌رێمی 8ی ئه‌وكات، كه رۆیشت نه‌هاته‌وه سنووره‌كه تا ساڵی 1982 به فه‌رمانی شۆڕش له‌گه‌ڵ ئیسماعیل خۆشناو هاتنه‌وه بۆ ئه‌نجامدانی چالاكی.
دوا نیوه‌ڕۆی 7/4/1982 داوای كرد بمبینێ، منیش چووم و یه‌كتریمان بینی، باسی شۆڕش و به‌ره پێشچوونه‌كانی رێكخستنه‌كان و ته‌شكیلاته‌كانی ئه‌وسا و زۆر بابه‌تی تری بۆكردم، دوای ماوه‌یه‌ك من له لای رۆیشتم، به‌ڵام به‌داخه‌وه هه‌ر چه‌ندسه‌عاتێكی پێچوو هه‌واڵم بیست جاش چوارده‌وریان گرتوون و هه‌رووكیان ده‌ستگیركراون واتا یوسف و ئیسماعیل، پاش شه‌ش مانگ ته‌رمی هه‌ردووكیان له‌یه‌ك گۆڕدا‌و له نزیك سێقوچان دۆزرایه‌وه، كه ئه‌وه كاره‌ساتێكی گه‌وره بوو بۆ خانه‌واده‌كانیان و بۆ یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان.
هاوڕێكه‌ی شه‌هید یوسف وتیشی: زۆر شتی شه‌هید یوسفم له بیره‌و وه‌ك یارده‌وه‌رییه‌كی جوان بیر‌و هۆشم جێناهێڵن، یه‌كێك له‌وانه به‌هره‌مه‌ندییه‌كه‌ی له بواری شیعردا و یه‌كێك له شیعره‌كانیشی بۆ خۆشه‌ویسته‌كه‌ی نوسیبوو كه زۆرجوان بوو.
ژیاننامه‌كه‌ی
یوسف خدر سادق قادر ناسراو به هه‌ڵۆ، له‌دایكبووی ساڵی 1958ی ناحیه‌ی عه‌ینزاله‌ی پارێزگای موسڵ، به‌ڵام دوای 25 رۆژ له له‌دایكبوونی ماڵیان چۆته گوندی شێراوه‌ی سه‌ر به ناحیه‌ی قوشته‌په‌ی هه‌ولێر.
ده‌رچوونی قۆناغی ناوه‌ندییه، ساڵی 1980 په‌یوه‌ندیكردووه به رێكخستنه‌كانی كۆمه‌ڵه‌ی ره‌نجده‌رانی كوردستانه‌وه و له‌مانگی 11ی هه‌مان ساڵدا بووه به پێشمه‌رگه له هه‌رێمی هه‌شتی ئه‌وكاته‌ی هه‌ولێر، ساڵی 1981 چۆته ئێران بۆ بینینی خولێكی سه‌ربازی.
شه‌وی 7\8/ 4/ 1982 له‌گه‌ڵ پێشمه‌رگه‌یه‌كی تری هاوڕێی به‌ناوی ئیسماعیل خدر خۆشناو له‌گوندی شێراوه كه‌وتنه ده‌ستی جاشه‌وه و پاش شه‌ش مانگ ته‌رمه‌كانیان له گۆڕێكدا له رێگه‌ی سه‌ره‌كی پردێ- گرده‌سۆر له پشتی گوندی سێقوچان-ی سه‌ربه‌ناحیه‌ی قوشته‌په دۆزرانه‌وه، دواتر رووفاته‌كه‌ی شه‌هید یوسف له گۆڕستانی (پردێ- سه‌ید ئه‌حمه‌د) به‌خاك سپێردرایه‌وه.
حه‌یده‌ر مه‌نتك