بەهرەمەندەكانی مۆندیالی قەتەر

10:18 - 2022-12-14
وەرزش
401 جار خوێندراوەتەوە

یادگار ساڵح

بەشداریكردن و یاریكردن لەدوا یارییەكانی مۆندیالدا خەون و ئاواتی سەرجەم یاریزانانی تۆپی پێیە، تابتوانن تێیدا بەهرەی خۆیان نمایش بكەن و ببنە ئەستێرە، دواتر سەرنجی یانەكان بەلای خۆیاندا رابكێشن و بەرەو ناو و ناوبانگ و دەوڵەمەندی هەنگاو بنێن.
22 - یەمین مۆندیالیش لەدەركەوتنی بەهرەمەندی نوێ بێ بەش نییە، ئەوەتا پێنج یاریزان لەرێگەی دەركەوتنیانەوە بوونەتە ئەستێرە و لە لووتكەدا دبینرێن.

كاپتنێكی لاو
تایلەر ئادامس-ی تەمەن 23 ساڵ، یاریزانێكی بەهرەمەندی هێڵی ناوەڕاستی ئەمریكایە، لە یانەی لیدز یونایتدی ئینگلیزی یاری دەكات، بەهۆی ئاستە بەرزەكەیەوە كاپتنی هەڵبژاردەی ئەمریكاشە، لە مۆندیالی داهاتووی 2026 دا كە لەوڵاتەكەیان رێكدەخرێت، چاوەڕوانی ئەوەی لێدەكرێت ببێتە یەكێك لەو یاریزانانەی یانە گەورەكان ركابەری لەسەر بكەن.

سێ گۆڵ لەقۆناغی گروپەكاندا
كودی جاكبۆی هێرشبەری هەڵبژاردەی هۆڵەندا تەمەنی 23 ساڵە، بەئاستە بەرزەكەی سەرنجی هەمووانی بەلای خۆیدا راكێشاوە، لەقۆناغی گروپەكانی مۆندیالی قەتەر-یش توانیویەتی سێ گۆڵ لەهەر سێ یارییەكەی هۆڵەندا بەرامبەر سەنیگال و ئیكوادۆرو قەتەر تۆماربكات.

 یەدەگێكی بەهێز
ئینزۆ فێرناندێز-ی یاریزانی هەڵبژاردەی ئەرجەنتین، تەمەنی 21 ساڵە، لەقۆناغی گروپەكان و لەهەرسێ یارییەكەی تانگۆ بەرامبەر هەڵبژاردەكانی پۆڵەنداو مەكسیك و سعودیە، یاریزانی سەرەكی نەبووە، وەك یەدەك هاتۆتە نێو یاریگا، بەڵام لەدوای هاتنە نێو یاریگا توانیویەتی ئاستێكی بەرز پێشكەش بكات و لەیاری بەرمبەر مەكسیك گۆڵێكی جوانی تۆماركردو بوو بە خاوەنی ژمارەیەكی پێوانەیی  و لەدوای لیۆنێل میسی بەدووەم بچوكترین یاریزانی ئەرجەنتین دادەندرێت لەمۆندیالدا گۆڵ بكات.

دووەم بەشداریكردن 
یەكێكی تر لەیاریزانە بەهرەمەندو لاوەكان، بیلینگهامی یاریزانی هەڵبژاردەی ئینگلتەرایە، ئەم مۆندیالە دووەم پاڵەوانێتییە بەشداری تیادا دەکات، هەرچەندە ئێستا تەمەنی 19 ساڵە، بەڵام بۆتە یاریزانێكی گرنگ و ساوسگێت-ی راهێنەری ئینگلتەرا گرنگییەكی زۆری پێ دەدات و متمانەیەكی زۆری پێیەتی.
لەساڵی 2020ەوە بۆ هەڵبژاردەی ئینگلتەرا بانگهێشتكراوە، لەقۆناغی گروپەكانی مۆندیالی قەتەر و لەهەر سێ یارییەكەی هەڵبژاردەكەی بەرامبەر ئەمریكاو ئێران و وێڵز یاریزانی سەرەكی بووەو گۆڵێكیشی لە ئێران كردووە.

بەرگریكارێكی پۆڵاین
گۆسكۆ گڤاردیۆل-ی بەرگریكاری هەڵبژاردەی كرواتیا كە ئێستا تەمەنی 20 ساڵە، وەك یەكێك لەبەرگریكارە بەهرەمەندو لاوەكانی مۆندیال دەركەوتووە، بەتایبەت لەیاری بەرامبەر بەلجیكا بووبووبە بەربەستێكی پۆڵاین لەبەردەم هێرشەكانی ئەو هەڵبژاردەیەدا و رۆمیلۆ لۆكاكۆی خستبووە نێو بازنەیەكی داخراو، هەرچەندە هەفتەیەك بەر لەدەستپێكردنی مۆندیال دووچاری پێكانێكی قورس بوو، بەڵام لە مۆندیالدا لەئاستی پێویستدا بینرا.

#مۆندیال

بابەتە پەیوەندیدارەکان