کورتەی حیکایەتی عەلی بابا و مەرجانە

12:31 - 2022-12-18
دووتوێ
591 جار خوێندراوەتەوە

ئا: دیانا ئەحمەد

 عەلی بابا لەگەڵ مەرجانەی ژنی لە یەكێك لە شارەكانی ئێران دەژیان، ژیانی عەلی بابا لەگەڵ ژیانی قاسمی برای جیاواز بوو، چونكە عەلی بابا باری دارایی خراپ و نەبوو بوو و كاری رۆژانەی عەلی بابا بریتی بوو لە دار كۆكردنەوە كە لە گوێدرێژەكەی بار دەکرد و دەیفرۆشت، بەڵام قاسمی برای عەلی بابا یاریی بە پارە دەكرد، چونكە زەماوەندی لەگەڵ كچی یەكێك لە گەورە بازرگانەكانی ئەو شارەدا كردبوو، پاش مردنی بازرگانەكە، سەروەت و سامانەكەی بۆ قاسم و ژنەكەی مایەوە، ئەمەش وایكرد قاسم لە سایەی سەری ژنەكەی و خەزوورییەوە، یاریی بە پارە بكات.
سەرەتای حیکایەتەکە
رۆژێكیان عەلی بابا رۆیشت بۆ كارەكەی وەكو هەمیشە تاوەكو دار كۆبكاتەوە و بیفرۆشێت، بەڵام لەپڕ دەنگی زرمە زرمی پێی ئەسپ هات و عەلی بابا لە ترسدا رایكردە پشت بەردێكی ئەو نزیكانە تاوەكو خۆی حەشاربدات. دواتر سەیری كرد چەند پیاوێكی دەموچاو هەڵبەستراو رۆیشتنە ناو ئەشكەوتێكەوە كە دەمی ئەو ئەشكەوتەکە بە بەردێكی گەورە گیرابوو، بەڵام ئەمان بە ئاسانی بەردەكەیان بۆ لابرا و چوونە ژوورەوە، تەنها بە وتنی وشەیەكی نهێنی و لەگەڵ هاتنە دەرەوەیان چەندین کوپەڵە ئاڵتوونیان لەگەڵ خۆیان باركرد و دووبارە بەردە گەورەكە گەڕایەوە شوێنی خۆی و ئەشكەوتەكەی داخستەوە، عەلی بابا دوای رۆیشتنی ئەو پیاوانە، وتی: با منیش بڕۆم و تاقیبكەمەوە، بەشكم شانسم هەبێت وەكو ئەوان بۆم بكرێتەوە چەند کوپەڵە ئاڵتوونێک بەرم؟ عەلی بابا رۆیشت و وشە نهێنییەكەی وت و بەردەكە لابرا و دەمی ئەشكەوتەكە كرایەوە، تووشی شۆك بوو لەو هەموو زێڕە و چەند کوپەڵە زێڕێكی لەگەڵ خۆی برد، لەگەڵ بینینی ئەم دیمەنە بەخێرایی رایكرد تاوەكو بەسەرهاتەکە بۆ مەرجانەی ژنی بگێڕێتەوە،  پێی وت:
 مەرجانە پێویستە تۆ بڕۆیت بۆ ماڵی قاسمی برام بۆئەوەی داوای سندوقێکی لێبكەیت و ئێمەش ئاڵتوونی تێدا كۆبكەینەوە. پاشان مەرجانە دەچێتە لای ژنەکەی قاسم، بەڵام ژنەكەی قاسم بەهۆی زۆرزانییەكەیەوە هەست دەكات شتێك هەیە، بۆیە لە دڵی خۆیدا دەڵێ: عەلی بابا خاوەنی هیچ نییە سندوقی بۆچییە؟ پێش ئەوەی سندوقەکە بداتە دەست ژنەكەی عەلی بابا تۆزێك هەنگوین دەڕژێتە ناو سندوقەکەوە و پاش تەواو بوونی عەلی بابا و مەرجانە لە كارەكەیان سندوقەکە دەگەڕێننەوە بۆ ژنەكەی قاسم، بەڵام كاتێك ژنەكەی قاسم سندوقەکە دەکاتەوە سەیر دەکات شوێنی هەنگوینەكە پارچە ئاڵتوونێکی پێوە لکاوە، بەخێرایی قاسم ئاگاداردەكاتەوە، كاتێك قاسم دەچێت بۆ ماڵی براكەی تاوەكو بزانێت نهێنی ئەم ئاڵتوونە چییە، بە زمانە لووسەكەی وادەکات عەلی بابا بە دڵە سافەکەی هەموو شتێكی بۆ باس بكات، بەڵام عەلی بابا قاسمی برای ئاگاداردەکاتەوە كە بەتەنها نەڕوات بۆ ئەو شوێنە، چونكە مەترسیدارە، بەڵام قاسم بە هۆی چاوچنۆكییەكەیەوە بە قسەی عەلی بابا ناكات، قاسم بە وشە نهێنییەكە دەتوانێت بڕواتە ناو ئەشكەوتەكەوە، شت لەگەڵ خۆی دەبات بۆئەوەی پڕی بكات لە ئاڵتوون، بەڵام كاتێك دەیەوێت لە ئەشكەوتەكە بچێتە دەرەوە وشە نهێنییەكەی بیردەچێتەوە، چەند جارێك هەوڵدەدا بەردی ئەشكەوتەكە لابچێت، بەڵام بێهودە دەبێت، چونكە بە بێ وشە نهێنییەكە ناکرێتەوە.

قاسم لە ئەشکەوتەکەدا عاسی دەبێت
 دواتر دزەكان دێنەوە، لەگەڵ بینینی قاسم لەناو ئەشكەوتەكەدا بێ ئەوەی یەك و دووی لێبكەن دەیكوژن، دواتر عەلی بابا دەچێت بەدوای براكەیدا دەگەڕێت، چونكە دیار نەماوە، پاشان دەچێت بۆ ئەشكەوتەكە و دەبینێ براكەی كوژراوە و لەسەر زەوییەكە فڕێدراوە عەلی بابا زۆر دەگری، ناچار دەبێت تەرمی براكەی هەڵگرێت و بیبات تاوەكو بینێژێت، دواتر كە دزەكان دەگەڕێنەوە بۆ ئەشكەوتەكە دەزانن ئەو پیاوەی كوژراوە هاوبەشێكی هەیە و دەچنە ناو شار بۆی بگەڕێن و پرسیار دەكەن تاوەكو زانیاری تەواو لەسەر قاسم كۆدەكەنەوە، پاشان دەزانن كە قاسم برایەكی هەیە ناوی عەلی بابایە، دەڵێن بێگومان براكەی هاوبەشیەتی، دواتر یەكێك لە دزەكان بە دەباشیر خەتێك لەسەر دەرگای ماڵی عەلی بابا دەدات تاوەكو هەموو دزەكان بزانن ئەوە ماڵەكەیەتی و شەو لەناوی ببەن، بەڵام مەرجانەی ژنی عەلی بابا ئەم جارە بە زیرەكانە رەفتار دەكات و لەسەر هەموو دەرگاكان هەمان نیشانە دەنووسێت، تاوەكو دزەكان لێیان تێكبچێت، دواتر یەكێك بە میوانی دێت بۆ ماڵی مەرجانە بۆ ئەوەی عەلی بابا بكوژێت و لە ژوورێكدا دزەكان چاوەڕێی دەنگی میوانەكەی عەلی بابا دەبن تاوەكو بڵێت وەرن بیكوژن، بەڵام بۆ جاری دووەمیش مەرجانە فریای دەكەوێت و عەلی بابا رزگار دەكات، چونكە گوێی لێبووە میوانەكە بە دزەكانی وتووە كاتێتی وەرن بیكوژن، خۆشبەختانە مەرجانە فریای دەكەوێت و دەیانکوژێ، بەم شێوەیە مەرجانە و عەلی بابا لە كۆتاییدا خۆشترین ژیان پێكەوە بەسەر دەبەن.
سەرچاوە:mawdoo3.com

#کەشتیی نـــوح

بابەتە پەیوەندیدارەکان