روخانی ئیمپراتۆرییەتی تۆپی پێی ئەڵمانیا

11:39 - 2022-12-19
وەرزش
451 جار خوێندراوەتەوە

یادگار ساڵح

كرانە دەرەوەی هەڵبژاردەیەكی بەهێز و ناوداری وەك ئەڵمانیا (مانشافت) بۆ دووەم مۆندیالی یەک لەسەر یەک کاتێک ناتوانێت قۆناغی سەرەتا وگروپەکانیش تێپەرێنێت، شارەزایان بەرووخانی ئیمپراتۆریەتی تۆپی پێی ئەڵمانیای ناوی دەبەن.
بەر لەدەستپێكردنی ركابەرییەكانی مۆندیالی قەتەر، مانشافت یەكێك بوو لە پاڵێوراوە بەهێزو سەرەكییەكان بۆ بەدەستهێنانی نازناوی پاڵەوان، بەڵام هەموو بۆچوونەکان پێچەوانە بوونەوە کاێک لەم مۆندیالەدا لە قۆناغی گروپەکاندا ماڵئاوایی کرد.

پلان و شێوازی یاریكردن
لەو کاتەوەی هانزی فلیك –ی راهێنەری مانشافت پاش یواکیم لۆف پۆستی راهێنەری ئەڵمانییەکانی وەرگرت، نەیتوانی مامەڵەیەكی باش و كاریگەر لەسەر ئەو پێكهاتەیە بكات كە لەبەر دەستیایەتی، لەهەر سێ یارییەكەی قۆناغی گروپەكاندا بەیەك شێواز و پلان چۆتە نێو یاریگا ئەویش پلانی     4-2-3-1 بووە، بەڵام لەبەكارهێنانی ئەركی یاریزاندا لەنێو یاریگادا وەك پلانی دووەم شێوازەكەی گۆڕیوە.
زۆرترین رەخنەش کە لەفلیك-ی راهێنەر گیرابێت لەسەر گۆڕانكاری و پێكهاتەی سەرەكی و هێڵی ناوەڕاستی تیپەکەی بووە، لەئەنجامی لێكۆڵینەوەیەكدا دەركەوتووە كە لەدوای مۆندیالی 2014 وە ئەڵمانیا نەیتوانیوە هێڵی بەرگری و هێرشبردن بە یاریزانی نوێ بەهێز بکات، نەیتوانیوە یاریزانی لێهاتوو بدۆزێتەوەو بیانكاتە جێگرەوەی ئەو یاریزانانەی جامی مۆندیالیان بەدەستهێنا، بەتایبەت جێگرەوەی فیلیپ لام و كلۆزە و مۆلەر.

بەپێچەوانەوە
ئەڵمانیا خاوەنی مێژوویەكی پڕ لەسەروەری و دیارو زێڕینە، تائێستا 112 یاریی لەدوا یارییەكانی مۆندیالدا کردووە، لەو رووەشەوە لە پلەی دووەمدایە، لەو ژمارە یارییە 68 بردنەوەی هەیە، 21 یاریش یەكسانبووە، 22 یاریشی دۆڕاندووە.
یاریزانانی مانشافت توانیویانە 231 گۆل بكەن و لەبەرامبەردا 126 گۆڵیان لێكراوە، هەروەها خاوەنی ریکۆردی زۆرترین گەیشتنن بە یارییە كۆتاییەکانی مۆندیال و تائێستا هەشت جار یاریی كۆتاییان کردووەو چوار نازناو و چوار پلەی دووەمیان هەیە، تاكە هەڵبژاردەشە 13 جار گەیشتۆتە قۆناغی پێش كۆتایی.
مانشافت لە دوو مۆندیالی رابردوودا زۆر جیاوز بوو لە مانشافتەکانی تر، لەمۆندیالی 2018  - روسیادا بە كۆریای باشوور و مەكسیك دۆڕا و تەنیا لە سویدی بردەوە، لەكۆتایدا نەیتوانی قۆناغی گروپەكان ببڕێت و ماڵئاویكرد، لەمۆندیالی 2022 -  قەتەریش بەهەمان شێوە لە قۆناغی گروپەاندا بە ژاپۆن دۆڕاو لەگەڵ ئیسپانیا 1-1 یەكسانبوو،  4-2 لە كۆستاریكای بردەوە و ماڵئاوایی کرد.

داوای دوورخستنەوەی بەرپرسان دەكەن
دوای ماڵئاوایی لەمۆندیالی قەتەر، میدیاکانی ئەو وڵاتە و شارەزایانی تۆپی پێی ئەڵمانیا پێیانوایە ئێستا هەڵبژاردەیەكی لاوازیان هەیە، بۆیە پێویستە بەر لە یۆرۆی 2024 كە لە وڵاتەكەیان رێكدەخرێت، پێویستە گۆرانكاری لەپێكهاتەی یەكێتی تۆپی پێی ئەڵمانیادا بكرێت و دواتریش گۆرانكارییەكی ریشەییش لەپێكهاتەی مانشافتدا بكرێت.

گورزی كوشندەی هەڵبژاردەكانی ئاسیا
هەڵبژاردەی ئەڵمانیا لەهەردوو مۆندیالی 2018 و 2022 دا بەرامبەر هەڵبژاردەكانی ئاسیا دووچاری شەرمەزاری و كرانەدەرەوە بووە، ئەوەتا لەمۆندیالی روسیا - 2018  دا هۆكاری سەرەكی نەگەیشتن بە قۆناغی 16 ئەوەبوو 0-2 بە كۆریای باشوور دۆڕا، لەمۆندیالی قەتەر-یش لەیەكەم هەنگاوید 1-2 بەژاپۆن دۆڕا، دواتریش هەر ژاپۆن بووە هۆكاری دوورخستنەوەی ئەڵمانیا لەم مۆندیال كاتێك لە ئەنجامێکی چاوەڕواننەکراودا ژاپۆن 2-1 لە ئیسپانیای بردەوە.

#مۆندیال

بابەتە پەیوەندیدارەکان