بۆچی پێش ژنهێنان و شووکردن، پشکنین بکەن؟

08:00 - 2022-04-10
ڕاپۆرت
1341 جار خوێندراوەتەوە

هەولێر – رەوەست نەوزاد
پشكنینی پێشوەختەی پزیشكی بۆ تەندروستی مرۆڤ سوودێكی زۆری هەیە كە دەتوانرێت بەهۆیەوە دەستنیشانی زۆر نەخۆشی بكرێت، بەڵام پشكنینی پزیشكی بۆ كچان و كوڕان بەر لە شوکردن و ژنهێنان سوود و گرنگیەكی زیاتری هەیە بەهۆیەوە كچان و كوڕان لە ئەگەری لەدایكبوونی منداڵ و وەچەی ناتەندروست و نەخۆش و شێواو یا كەمئەندام ئاگاداردەكاتەوە، کە نەخۆشخانەی تایبەتی بۆ کراوەتەوە لە شارەکانی هەرێم.

رێگریکردن لە تووشبون بە تالاسیمیا
هەندرێن تەحسین بەڕێوەبەری كارگێڕی سەنتەری شەهید مەئمون دەباغ بۆ پشكنینی پزیشكی پێش شوکردن و ژنهێنان بە كوردستانی نوێی راگەیاند: بەر لەساڵی 2007 تەنها چەند پشكنینێكی سەرەتایی بۆ بووك و زاوای تازە دەكرا، بەڵام دوای ئەو ساڵە بنكەی تەندروستی بەو ناوە كرایەوە دواتر لە ساڵی 2013 كرا بەسەنتەر كە پشكنینی زیاترو ئامێری پێشكەوتووتری بۆ دابینكرا بۆ پشكنینی هاوسەران.
وتیشی: ئێستا پشكنین بۆ نەخۆشیە ڤایرۆسیەكان و پشكنینە سەرەكیەكانی خوێن cbc  و تالاسیمیا و سۆنار و تۆی پیاوەتی زیادكراوە، بۆیە ئێستا بۆتە سەنتەر كە مەبەستمان لە كارەكانمان لە داهاتوودا نەوەیەكی تەندروست دروست ببێت بۆ ئەوەی دووربین لەمنداڵی ناكام و ناتەندروست، ئێمە بەتایبەتی كار لەسەر نەخۆشی تالاسیمیا دەكەین، تا بتوانین  منداڵی تووش بوو بە نەخۆشی تالاسیمیا کەمبکەینەوە ئەوەش بە هاوكاری خەڵكی دەبێت.
سەڕەرای ئەو پشكنینە وردانەی ئەو سەنتەرە بۆ ئەو کچ و کوڕانەی دەکات کە بڕیاری پێکەوە ژیانیان داوە، بەڵام ماوەیەکە لەو سەنتەرە پشکنینی تالاسیمیا ناکرێت و پێویستە کچ و کوڕەکە لە نەخۆشخانە تایبەتەکان پشکنینەکە بکەن.
هێمن تەها گەنجێكی شاری هەولێرە لەگەڵ ئەو کچەی بڕیاری پێکەوە ژیانیان داوە بۆ پشکنینە تەندروستییەکان چوونەتە سەنتەری تایبەتمەند و دەڵێت، لەگەڵ دەستگیرانم جگە لەوەی لە سەنتەرە حکومەییەکە پشکنینمان کرد، بەڵام دواتر ناردیانین بۆ نەخۆشخانەی تایبەت و لەوێش پشکنینی ترمان کرد ئەوەش بووە دوو خەرجی لەسەرمان، سەبارەت بەمە هەندرێن تەحسین وتی، ئێستا بەهۆی نەبوونی ئەو مەوادە پزیشکییانەی پشکنینی تالاسیمیای پێ دەکرێت بە ناچاری کچ و کوڕەکان دەنێرینە دەرەوەی نەخۆشخانە بۆ پشکنین و بریارە لە ماوەیەکی نزیکدا بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی هەولێر بۆمان دابین بکات و وەک رابردوو هەر لە سەنتەرە حکومییەکە پشکنینەکانی تالاسیمیاش دەکرێت.
پرۆسەی پشکنینەکە بە رێکاری یاساییدا تێدەپەڕێت و هەر کچ و کوڕێک نیازی ژیانی پێکەوەییان هەیە پێویستە سەرەتا سەردانی دادگای تایبەتمەند بكەن و نووسراوی رەسمی دادگاكە بۆ ئەو سەنتەرەی تایبەتە بە پشکنینە تەندروستییەکان ببات، دوای پشكنینیان بە رەسمی وەڵامی دۆخی تەندروستی کچ و کوڕەکە دەنێردرێتەوە بۆ داداگا پێش مارەکردنیان بۆ بڕیاردان لەسەر کردن یا رەتكردنەوەی پڕۆسەكە.

گرووپی خوێن گونجاو بێت
بە وتەی ئەو بەرپرسەی نەخۆشخانەی مەئمون دەباغ باشتر وایە گرووپەكانی خوێنی هەردوو هاوسەرەكە كێشەیان لەگەڵ یەكتری نەبێت و گونجاوبن، زۆربەی خوێنی ئێستای هاوسەران لەگەڵ یەك گونجاون و وتیشی: دوای پشكنینی ورد بۆ کچ و کوڕەکە ئەگەر گرفتی تەندروستییان هەبوو بانگی بەخێوكەریان دەكەین پزیشكی پسۆڕو تایبەتمەند بۆیان شیدەكاتەوە كە كێشەکانیان چی دەبێت، ئەو كاتە دەگەڕێتەوە سەر بەرپرسیاریەتی خۆیان كە ئەو شووکردن و ژنهێنانە دەکەن یان هەڵیدەوەشێننەوە ئەو كاتەش بە فۆڕمێكی تایبەت و بە راپۆرتێك ئاگاداری دادوەر دەكەین كە بەپێی پێشبینیەكان لەداهاتوودا منداڵەكانیان لەدوای لە دایكبوونیان بەو شێوەیە دەبێت دوابڕیاریش بەدەست دادوەرە دەسەڵاتی هەیە لەسەر بڕیاری لیژنەی پزیشكی ئەو شووکردن و ژنهێنانە نەکرێت كە ئێمە نازانین چەندیان تائێستا رەتكراوەتەوە.
بەپێی ئامارێك لەساڵی 2021 دا ئەو سەنتەرەی هەولێر پشكنینی بۆ 29 هەزار و 296 کچ و کوڕ کردووە دەكاتە 14 هەزارو 648 ژیانی هاوژینی، لە دوو مانگی یەكەمی ساڵی 2022 شدا پشكنین بۆ 5 هەزار و 292 کچ و کوڕ كراوە كە دەكاتە 2 هەزار و 646 ژیانی پێکەوەیی، کە کچ و کوڕەکان لەناو سەنتەری شاری هەولێر و دەوروبەری بوون كە جگە لە خەڵكی هەولێر هەر كەسێكی بیانیش لە شاری هەولێر شوو بکات یان ژن بهێنێت هەمان پشکنینی بۆ دەکرێت.
بە وتەی هەندرێن تەحسین یەكێك لەو نەخۆشیانەی كە بۆ وەچە خستنەوە خراپە ئەوەیە كە هەردوو هاوسەرە تازەكە هەڵگڕی نەخۆشی تالاسیمیا بن، بۆیە ئەو دەڵێت: لەساڵی 2021 دا 52 حاڵەت هەبووە و لەدوو مانگی 2022 شدا 14 حالەت هەبووە و دیاریكراوە كە ئێمە رێگری لەو پێکەوەبوونە دەكەین، هەرچەند لە کۆتایشدا بڕیار بەدەست خۆیانە .
ئەوەشی ئاشكراكرد  پێشتر دەوترا جیاوازی خوێن كچ و كوڕ بۆ تەندروستی منداڵ خراپە ئەو كات و ئێستاش كێشەی نییە، چونكە پێشتر دەرمان و چارەسەری كەمتر دەستدەكەوت، بەڵام ئێستا ئەگەر خوێنەكانیان جیاواز بێت ئێمە رێنماییان دەكەین لە سەرەتای دروستبوونی منداڵەكە لە سكی دایكی لە سێ حاڵەتی تایبەتدا كە لەبارچوون و خوێن بینین و دوای منداڵبوونە سەردانی نەخۆشخانەی لەدایكبوون و منداڵان بكەن پشكنینی تایبەتیان بۆ دەكرێت ئەگەر پێویست بێت دەرزی تایبەت وەردەگرن.

كێشەی كۆمەڵایەتی لێ دەکەوێتەوە
هەرچەندە پشكنینی خوێن بۆ هاوسەران بەر لەپڕۆسەی شووکردن وژنهێنان دەکرێت، بەڵام بە وتەی بەرپرسانی ئەو سەنتەرەی هەولێر پشكنینی نەزۆكی بۆ هاوسەران تا ئێستا ناکرێت، چونكە بەڕای ئەوان تائێستا تاكەكانی كۆمەڵگەكەمان بەپێدانی ئەو زانیاریە لە ئەنجامی پشكنینی لەو جۆرە رازی نابن و بەهۆیەوە كێشەی كۆمەڵایەتی لێ دروست دەبێت هەروەك تائێستاش لە هەرێمی كوردستان یاسایەك نییە دەسەڵات بەنەخۆشخانەكانی تایبەت بەو بوارە بدات پشكنین بۆ هاوسەران لەبارەی نەزۆكی كچ یا كوڕان بکەن، بۆیە ئەو سەنتەرەی هەولێر تەنیا پكشنینی لەو جۆرە بۆ ئەو هاوسەرانە دەكات كە تەمەنیان بچووكە و لە خوار 17 ساڵەوەن و دادگا نووسراویان بۆ دەكات بۆ لای ئەوانی دەنێرێت كە ئەو حاڵەتەش رێژەكەی زۆرە لە شاری هەولێر یا ئەو پیاوانەی ژنی یەكەمیان تەڵاقداوە و منداڵیان نەبووە و دووبارە ژن دەهێننەوە.
بەڕێوەبەری كارگێڕی سەنتەری شەهید مەئمون دەباغ وتیشی زۆرجار ئەو كچ و كوڕانەی كە هەردووكیان هەڵگری تالاسیمیان پزیشكی تایبەت ئاگاداریان دەكاتەوە كە لە داهاتوو منداڵەكانیان لەوانەیە هەڵگری تالاسیمیا یا نەخۆشی تالاسیما بن، بەڵام زۆربەیان قسەکانمان بەهەند وەرناگرن تەنانەت لە 10 كەس، یەك كەسیش لەو کچ و کوڕانە بە قسەمان ناكەن و ژنهێنان و شووکردنی خۆیان دەکەن.

#ژیانی هاوژینی

بابەتە پەیوەندیدارەکان