کامیان دایکە و کامیان کچ؟

10:56 - 2022-12-25
دووتوێ
408 جار خوێندراوەتەوە

کەشتی نوح


زۆرجار وێنەی وا دێتە بەرچاومان کۆمەڵێک نەوە بەڕیز یەکەوەن نازانیت کێ دایکە و کێ کچ و کامەیە نەنک، تووشی سەرسوڕمان دەبیت، یاخود دایک و کچ دەبینیت وەکو دوو دەستە خوشک پێکەوەن کاتێک یەکێکیان بەوی دی دەڵێت «دایکە!» باوەڕ بە چاوی خۆت ناکەیت، یان دوو کەس لە هەمان تەمەندان یەکێکیان دە ساڵ لەوی دیکە گەورەتر دیارە تەنانەت جاری وا هەیە یەکێک بە چەندین ساڵ بەتەمەن لەوی دی گەورەترە، بەڵام بە روخسار گەنجتر دەردەکەوێت، ئاخۆ دەبێت هۆکاری ئەوە چی بێت؟ بێگومان کۆمەڵێک هۆکاری بۆماوەیی و تەندروستی و تەنانەت دەروونیش هەیە وا لە مرۆڤ دەکەن گەنجتر یان پیرتر لەتەمەنی خۆی دەربکەوێت لەوانە:
*جینات و هۆکارە بۆماوەییەکان کاریگەرییان هەیە کەسێک روخساری ئەوەی پێیدەوترێت «baby face» بێت واتا دەموچای منداڵانە بێت و چەندە بچێتە تەمەنەوە بە چەندین ساڵ گەنجتر لە تەمەنی خۆی دەربکەوێت، بێگومان پێچەوانەکەشی راستە هەندێ کەس لە خێزانەوە بەشێوەیەکی بۆماوەیی زوو هەڵکشانی تەمەنیان پێوە دەردەکەوێت.
* قەڵەوی و خۆراکی ناتەندروست هۆکارن بۆ زوو پیربوون، بۆیە هەمیشە کاتێک کەسێک کێش لەدەستدەدات گەنجتر دەنوێنێت، چونکە قەڵەوی دەبێتە هۆی نەخۆشی درێژخایەن و دواجار زوو پیربوون.
* جگەرەکێشان و خواردنەوەی مادە کهولییەکان و شەکر هۆکاری سەرەکین بۆ تێکچوونی پێست و زوو پیربوونی روخسار جگە لە کاریگەرییە خراپەکانی بۆ ئەندامەکانی ناوەوەی لەش، بۆیە وەرزشکردن و خواردنی تەندروست و بەگشتی ئاگاداربوون لە تەندروستی هۆکارە بۆ مانەوە بە گەنجی.
*بەکارهێنان و خواردنی ئەو ڤیتامین و کانزا پێویستانەی لەگەڵ هەڵکشانی تەمەندا لە جەستەدا کەمدەکەن، پێویستە لە ژێر رێنمایی پزیشکدا بەکاربهێنرێن وەکو ڤیتامین دی و ئۆمێگا 3 و زینک و کۆلاجین و هەر جۆرێکی دیکە کە دوای پشکنین دەربکەوێت کەمیی ئەو ڤیتامین یان کانزایانەت هەیە، بۆیە پێویستە لە تەمەنێکی زووەوە گرنگی بەو لایەنانە بدرێت و پشکنینی رێکوپێکی خوێن بکرێت.
*لایەنی دەروونی کاریگەری زۆری هەیە لەسەر روخسار و تێکچوون و پیربوونی پێست، هەروەها پیربوونی ئەندامەکانی ناوەوەی جەستەش، بۆیە دەوترێت ئەوەی دڵ و دەروونی رووناک بێت لەسەر روخساری رەنگ دەداتەوە، چونکە خەم و دڵەڕاوکێ و سترێس وا لە مرۆڤ دەکەن زوو هەڵکشانی تەمەنی پێوە دیاربێت و لەگەڵ هەر خەم و کارەساتێکدا بەشێک لە گەنجیی و جوانی ناوەوە و دەرەوەی جەستەمان لەدەست دەدەین، بۆیە تا دەتوانرێت لەو هۆکارانەی دەبنە هۆی خەم و دڵەڕاوکێ دووربکەویتەوە و لەرێی تێڕامان و هێورکردنەوەی ناخەوە وەکو یۆگا کردن و مەدیتەیشنەوە دەروون ئارام بکرێتەوە یان لە رێی پسپۆری دەروونییەوە دەروونت بە گەنجی بهێڵەرەوە.
*دواجار دەرکەوتووە ئەو کەسانەی لە گەنجیدا نەشتەرگەری جوانکاری و زۆر دەستکاری دەموچاویان دەکەن ناشیرینتر پیر دەبن لەوانەی دەستکارییەکی ئەوتۆی روخساریان نەکردووە، بۆیە بە کەسێک دەوترێت بەجوانی پیر بووە یان پیرێکی جوانە.

#کەشتیی نـــوح

بابەتە پەیوەندیدارەکان