گەشتیاری تەندروستی لەبرەودایە

11:11 - 2022-12-25
دووتوێ
354 جار خوێندراوەتەوە

 بورهان ئەمین

ئێستا لە هەموو جیهان گەشتکردن بە مەبەستی چارەسەری نەخۆشیەکان گەشەی کردووە و بازاڕی ئەو کەرتە گەیشتۆتە نزیکی 120 ملیار دۆلار و چاوەڕواندەکرێت لە پێنج ساڵی داهاتوودا دوو ئەوەندە بێتەوە، ئەو شوێنە گەشتیاریانە نەخۆشخانەی تایبەتیان تێدا دروستکراوە کە تازەترین ئامێری تەکنەلۆژی و زیرەکترین پزیشکی شارەزا و جوانترین و خۆشترین شوێن، چارەسەری نەخۆشەکانیان تێدا دەکرێت.

تایلاند بۆ شێرپەنجە
ئەو وڵاتە بە باشترین و کاراترین وڵاتی دنیا هەژمار دەکرێت لەو بوارەدا و بەهۆی هەرزانی نرخەکەی ساڵانە زیاتر لە 2.4 ملیۆن نەخۆش رووی تێدەکەن، دەیان نەخۆشخانەی گەورە لەناو دیمەنی سروشتی جوانی ئەو وڵاتەدا نەخۆشەکانی چارەسەردەکەن، پزیشکەکان بە زۆربەی زمانەکان قسەدەکەن و زۆرترین نەشتەرگەری بۆ جۆرەکانی شێرپەنجە دەکەن.

سەنگافورە بۆ دڵ و خوێن
سێ ساڵ لەمەوبەر رێکخراوی تەندروستی جیهانی ریزبنەدی شەشەمی بەخشییە ئەو وڵاتە لەناو لیستی وڵاتە باشەکانی کەرتی تەندروستی، هەرچەندە تێچووی چارەسەریەکانیان گرانە، بەڵام کوالیتی باشیان هەیە لە نەخۆشخانە و شارەزا و پرۆفیسۆر و ئامێرەکان، بۆ نەخۆشییە کوشندەکانی گرێی دڵ و مێشک و خوێن لەجیهاندا هاوشێوەیان نییە.
ئەڵمانیا و ئەمریکا بۆ نەخۆشییە گشتییەکان
ئەمریکا کەرتێکی کارای تەندروستی هەیە و داهاتی ساڵانەی دەگاتە 4 ملیار دۆلار و لە هەموو لایەکەوە رووی تێدەکەن، وڵاتی ئەڵمانیا کەرتێکی تەندروستی سەرکەوتووی هەیە، بەوە ناسراوە لەسەرخۆ و بە وردی چارەسەری نەخۆشییەکان دەکەن و نەخۆشخانەکانی ئامێری تەکنەلۆژی بەرز و پرۆفیسۆر و پزیشکی شارەزا کاری تێدا دەکەن، ساڵانە نزیکەی یەک ملیۆن کەس لە دەرەوە بۆ چارەسەری نەخۆشی جۆراجۆر دەچنە ئەو وڵاتە، لە ریزبەندی وڵاتە باشەکاندایە بۆ چارەسەرکردنی جۆرەکانی شێرپەنجە و چاودێری و خزمەتی نەخۆش، لە باشی و کوالیتیدا پێنجەمینە لەسەر ئاستی جیهان،  داهاتەکەشی نزیکەی ملیارێک یۆرۆیە.

هیندستان بۆ چاندنی ئەندامەکانی جەستە
ئەو وڵاتە پێگەیەکی ئەلکترۆنی بۆ نەخۆشانی هەموو جیهان داناوە و ڤیزە بۆ خۆیان و بۆ یاوەرێکیان بۆ ماوەی دوو مانگ دابین دەکات، پزیشک و نەخۆشخانەکانی شارەزاییەکی باشیان هەیە لە چاندنی ئەندامەکانی لەش و چارەسەری نەزۆکی و چاو و شکستی ئێسقان، جگەلەوەی نرخەکانیان هەرزانە لەدوای چارەسەر نەخۆش و یاوەرەکەی چێژ لە دیمەنە کلاسیکییەکانی ژیانی خەڵکە جۆراوجۆرەکەی ئەوێ دەبینن و دەبێتە یادگاری شیرین بۆیان.

کۆریای باشور بۆ جوانکاری 
کۆرییەکان بەوە بەناوبانگن کە لەسەر ئاستی هەموو جیهاندا زۆرترین نەشتەگەری جوانکاری روخسارو لەشولار دەکەن، کەرتی تەندروستی ئەو وڵاتە بەو زانستە دەناسرێتەوە، جگە لە ناوخۆی خۆیان ساڵانە زیاتر لە 400 هەزار کەس لەجیهاندا بۆ ئەم مەبەستە سەردانی ئەو وڵاتە دەکەن، جگە لە جوانکاریش لە بڕبڕەی پشت و ئێسقان بەگشتی زۆر شارەزان. 

تورکیا بۆ چاندنەوەی قژ
کەرتی تەندروستی ئەو وڵاتە بۆ چادنەوەی قژ بەناوبانگە و باشترین پزیشک و شارەزاو نەخۆشخانەیان هەیە، نرخەکانیشیان لەچاو وڵاتانی تر هەرزانترە و سەفەرکردنیش بۆی کەمتر دەکەوێت، جگەلەوەش شاری ئیستانبوڵ لەسەر ئاستی هەموو ناوچەکە و ئەوروپا بۆ چارەسەری چاو ناوبانگی هەیە، ساڵانە نزیکەی 900 هەزار کەس بۆ لێزەر و دروستکردنی چاویلکە رووی تێدەکەن، لەناو ئەو شارەدا 600 شوێن و نۆرینگەی چاندنەوەی قژ هەیە.

 سەرچاوە: Statista 

بابەتە پەیوەندیدارەکان