بایەکان لێرەوە هەڵدەکەن

01:02 - 2022-12-27
دووتوێ
355 جار خوێندراوەتەوە

پەری شێخ ساڵح

هێلانەی زۆرم بینی
لەناو کون و کەلەبەری درەختەکان
هەرچی بیر ئەکەمەوە
لە دوو زەڕنەقووتە زیاترم لەبیر نییە
باکان لێرەن خۆیان دەکەن بە هەموو جێیەکدا
گەڵاکان بە رەنگی زەردەوە
بە لەرزوو تایەکی زۆرەوە بە ئاسمانەوەن
بونەتە موسافیری وەرزی بێدەنگی
هەر بێدەنگییە بەناو رەگەکاندا  وەک کەڕو کوێر  تێدەپەڕێ
مەگەر چەند جار ژیان هەیە؟
ئەم هەموو کەوتنە خوارەوەیە
چەند رەنگی ماتی خۆر
دوو دەستی شکاوی خاک کە تەنانەت ناتوانێ تەرمی رەگەکان داپۆشێت
سمۆرە چاوزەقەکانیش لەوبەری درەختەکانی شارەوە هێندە دەڕوانن شێوەی گوێزیان لەبیرچۆتەوە
بێهودە گاز لە قەفی درەختەکان دەگرن
راوچیش لەهەیوانی ماڵەوە دانیشتووە
خەونەکانی لە گیرفانی تاپڕەکەیدا دەشارێتەوە
چاوەڕێی زەرنەقوتەکانە گەورەبن و 
ببنە نێچیر
دڵۆپەی سووری خوێنەکەی لەنێوان پەنجەکانییەوە بێتە خوارێ
تا یارییەکەی جوانتر بکات
ئێستا هەموو باڵندەکان و راوچیەکان
بوون بەو ئەکتەرانەی فیلمەکانیان
تەواونابێت .

بابەتە پەیوەندیدارەکان