ساڵێکی تر..

01:03 - 2022-12-27
دووتوێ
424 جار خوێندراوەتەوە

بەیان ئەحمەد


دیوارەکان پاک دەکەینەوە
دیواری تر هەڵدەچنین

تەونی جاڵجاڵۆکەیەک ژیانە
ئێمە تێکی دەدەین

ساڵێکی تر دێت
گوێ لە فەلەکناسەکان دەگرین
ئەستێرەکان سوڕانەوەیان پێچەوانە دەبێتەوە
ئەستێرەی بەختی من و تۆ دوورتر دەکەونەوە لەیەک

ژیان تەواو
زەوی بۆتە مەنزڵی ڤایرۆسەکان
تەفسیری خەونەکان
لەماڵی جەلادێکە،
جەلاد بەتامی سەرۆک

دارپرتەقاڵەکە وشک بوو
مناڵەکان لەسەر دیوار وێنەی پرتەقاڵ دەکێشن
باران دەیشواتەوە

لە شەوێکدا
تەفسیری رۆژ دەکەین
بەدیار مۆمێکەوە
هەموومان دەفتەری یادەوەریەکانمان
دەسووتێنین
یادەوەریش پەتایەکی کوشندەیە
بەسووتانیش سووتوەکەی لەسەر گوڵدانێک دەنیشێتەوە
گوڵەکان وشک دەکات

نۆتەکان دەدڕێنین
ئەو ئاوازانە لەیادەکەین
کە بەشێک بوون لە گوێگرتنی من و تۆ
ژیان شێدارە
بۆنی  کەڕووی لێدێت
هەموو وەرزێک یۆتۆبیایەک
بۆ ئینجانە دروست دەکەین
پێی دەڵێین ژیان جوانە
ئێستا زەردبوون نییە

پاوانەیەک لەقاچی ئەو منداڵەدایە
هەست دەکەم خەبەری رۆشتنی 
پێیە

نوێنەکان پڕ بوون لە زیندەوەری بچووکی
ترسناک هێرش دەبەن، ئارامی دەدزن
ناهێڵن بنووین

ژیان دەکەینە زەرفێکی نامەوە
بۆیەکتری رەوانە دەکەین
وەک ژەهر
لەمەوە بۆ ئەو دەڕوات
ژیان جوانە
بەپێی رۆژمێری ساڵی نوێ

بابەتە پەیوەندیدارەکان