هەر یەکجار بژیم، نەک رۆژانە بمرم

01:05 - 2022-12-27
دووتوێ
349 جار خوێندراوەتەوە

كه‌سان

لەهەزارکانی ئەو گەرمیانە!
هەموو رۆژێ..
لاوێکی قۆزی باڵابەرز
سەرو سیما نورانی
باڵا بڵند دامێنی هەور..!
تژی لەئاکاری بەرزو
زاری لێوان پەیڤی جوان!
مرۆڤێک سینەسافیەکەی
گەورە گەورە وەک دیوەخان!
ماڵ و سامان و ژیانی
لەخزمەت خاک و نەتەوەو
لێقەوماوان
دڵی گوندێک
(حاتەمی تەی) بۆ میوان و
بێنەوایان
دێیەکی تەریکی کردە
دوورگەی فریادڕەسی
بێدەرەتانانی هەڵاتووی
دەست دوژمنان
مرۆڤێک لەگوندێک تواوە!
گوندیش لە ئەو
پێناسەیان هێندە مەزن!
قەڵای بەرگری نیشتمان
مرۆڤێک سیمای چەلەنگی
هێمای جوانی نەتەوەیەک!
مرۆڤێک هەرچەند سەدەیەک
تەنیاجارێ..
لەنێوماندا..
دەژی و دەژی و دەژێتەوە
شێخ حسێن کۆتا تەمەنی
هێند جوانتر بوو
لەپێش خۆمان!
وا دوژمنانی سەرسامکرد
ئیرەیی بەمێژووی ببەن!
مەردایەتی و خۆنەویستی و
جوامێری ئەو!
ئەنفالی رەشی 
ئەنفال کرد!
*      *     *
ئەوە بڕیارو مەرسومی ئەوە
بڕیاری ژینی خۆم و خێزانم
بەدەستی منە!
(وەڵامی شێخ حسێن بۆ مەرسومی لێبووردنی خۆی و خێزانی لەلایەن سەدام حسین-ەوە کە خۆی لە خەڵکی ئەنفالکراو جیانەکردەوەو مەرگی هەڵبژارد!).
*           *         *
لە (قاید فەیلەق)ەوە
بۆ(قیادەی عولیا)
ئەنفالی قات و قڕی کورد
بێ سوودبوو
شێخ حسێنی هەزارکانی
ئەنفالی رەشی
روو زەرد کرد !
(قاید فەیلەق)ی یەک
*            *         *
قەومینە بێ خەم بن
چیتر بێکەس نین
شێخ حسێن-مان لەتەکە
شێخ حسێنی هەزارکانی!
(پیرەمێردێک لەقۆرەتوو)
*           *          *
سوێند بەناوت
بەخاکی گەرمیانی ماندووی
دڵ سووتماکت
تا ناوی تۆ لەبیرمابێ
غەیری تۆ
چیترسوێند ناخۆم!
بەهیچ ناوێ
(داپیرەیەکی ئەنفال کراو لەقۆرەتوو)
*           *         *
چیترسوێند ناخۆم
بە خەلیفە و نەوەکانی!
تەنیا سوێند دەخۆم
بەغیرەتی..
شێخ حسێنی هەزارکانی
(مامۆستایەکی ئایینی ئەنفالکراو)
*        *       *
لەسەر خۆمانا
دڵی غەریبیم 
بە عاسی مەلامستەفا دەسووتێ!
ئای لە زامی تەنیایی چەند سەختە
(خەمی رۆحیانەتی شێخ حسێن بۆعاسی مەلامستەفا کە لە ساڵی 1982 لەشەڕی ئێران عیراقدا دیل دەکرێ، کە ساڵی 1990 دەچێتەوە گوندەکەیان بۆ لای خێزانەکەی دەبینێت ئەنفالکراون، تاکو مرد نیمچە شێتێک ژیا!).
*          *         *
ئاجداخ و سەگرمە و بەرانان
لە (حەمەی هەواس) کۆبوونەوە!
بە لووتکەی زەردەسوێندیان خوارد
ناوی سنوورەکەیان بکەن
بە شێخ حسێنی هەزارکانی!
(وەفای نیشتمان بۆ قارەمانێکی جوامێری)
*          *         *
گەر سەرکردەیەکی خۆنەویستی
وەک شێخ حسێن - مان دەبوو
هەلەمێژبوو
ئاڵای دەوڵەتی کوردی شەکاوە بوو!
(کۆمەڵێک کادری ماندووی داماوی حزبە کوردییەکان) !
 *        *        *
ئێستا دەزانم 
چەند تاوانبارم
ئاخرمنی خەفێ!
گوناە نییە
لەتەک شێخ حسێن
لەیەک گۆڕبم!
(خەفێ یەکی ئەنفالکراو)
  *       *       *
لەم بەندیخانە تەریکەدا!
لە پانتایی ئەم بیابانە نامۆیەدا
لەتەک مناڵەکانی شێخ حسێن
گەمە دەکەم!
گەربزریش بم
جێم ناهێڵن!
(مناڵێکی ئەنفالکراو)
*         *       *
دوای راپەڕین!
گەر داستانی شێخ حسێنی هەزارکانی
لە وانەکانی پەروەردەی نیشتمانی
بخوێنرایە
دەبووە سەرەتای وەرچەرخان!
بۆ یەکتر قبووڵکردنی
نەوەکانی داهاتوومان
(خەمخۆرێکی نیشتمان)
*        *       *
هەر یەکجار بژیم
نەک رۆژانە بمرم
(دوا نوتقی شێخ حسێن)
*          *        *
سەد شکور
ئەنفالکرام
ئازادیی کوردستانم ئاوا نەبینی
(رۆحیانەتی شێخ حسێنی هەزارکانی)

بابەتە پەیوەندیدارەکان