كوردسات 23 ساڵە دەنگ و رەنگی هەموانە

11:21 - 2023-01-03
دووتوێ
581 جار خوێندراوەتەوە

جەمال سەرگەتی

کوردسات کەناڵە رەسەنەکەی هەرێمی کوردستان، دەنگ و رەنگی کوردانە لە هەر چوار پارچەی کوردستان و بە کۆمەڵێک پلانی نوێوە پێی نایە 23 ساڵەی تەمەنی.
کوردسات لە1-1-2000 وەک کەناڵێکی ئاسمانی دەستی بە پەخشکرد، سەرەتا چەند سەعاتێک پەخشی هەبوو دواتر پەخشی بووە 24 سەعات، کوردسات هەر بەوەوە نەوەستا ئێستا دەزگایەکی گەورەی میدیاییە و لە رێگەی دوو کەناڵی تەلەفزیۆنی و سێ رادیۆ و سۆشیاڵ میدیاوە هه‌واڵ و زانیارییەکان دەگەیەنێتە بینەران و گوێگران و خوێنەرانی و شۆڕه‌سوارێكی به‌هه‌یبه‌تی مه‌یدانه‌كه‌یه‌.
کوردسات له‌ ماوه‌ی 22 ساڵی رابردوودا توانیوێتی بە به‌رنامه‌كانی له ‌بواری كەلتور و سیاسیدا خزمه‌تێكی به‌رچاو پێشكه‌ش بكات و وێستگه‌یه‌كی جیاوازبێت له‌ راگه‌یاندنی كوردیدا.
ناوازه‌یی كوردسات له‌ خزمه‌تكردنیدایە‌ به‌ کوردەواری به‌ سه‌رجه‌م چین و توێژەکانییه‌وه‌، بەبێ لادان له‌ به‌ها جوانەکانی كورده‌واری و ئیتیکی كاری‌ رۆژنامەوانی، ئه‌مه‌ش ده‌ریده‌خات كوردسات‌ خاوه‌ن مۆرك و سیمای تایبه‌ت به‌ خۆیەتی.
ئەم دۆسێیەی کوردستانی نوێ- ش رێزلێنانێکە لەو شاشە کوردییە، لە رێگەی ئامادەکردنی راپۆرتێک لەگەڵ کارمەندانی کەناڵەکە کە ناوەڕۆکی دەزگا میدیاییەکە و کارو چالاکییەکانی تێدا خراوەتەڕوو کە هاوکارمان جەمال سەرکەتی ئامادەی کردووە.


كەناڵی كوردسات ماوەی 23 ساڵە وەك میدیایەكی بینراو و بیسترا و نووسراو كاردەكات، لەو ماوەیەشدا توانیوێتی لە بواری راگەیاندنی كوردی رۆڵ و كاریگەریی خۆی هەبێت و چەندین نوێگەریی کردووە لە ناو میدیای كوردیدا، ئەو دەزگایە لە ماوەی كاركردنیدا توانیوێتی بە سەدان كەس لە بوارەكەدا پێبگەیەنێت و ببێتە پردێك بۆ ئەو كەسانەی لە بواری راگەیاندن و میدیادا كاریان کردووە.
دەزگای میدیایی كوردسات لە ماوەی تەمەنیدا توانیوێتی چەندین بەرنامەی بەپێز و گرنگ لە سەرجەم بوارەكاندا پێشكەش بە بینەر و بیسەر و خوێنەرانی بكات و ئێستاشی لەگەڵ بێت بەردەوام كار لەسەر راستگۆیی هەواڵ و گۆڕانكارییەكان دەكات.
كوردسات، ئێستا بە كوردسات NEWS یشەوە خاوەنی چەندین بەرنامەی بەپێز و بەسوودە و گرنگی تەواوی بە سەرجەم چین و توێژەكانی كۆمەڵگە داوە، كاری كردووە لەسەر ئەوەی كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان بە هەر چوار پارچەكەوە ئەو میدیایە بە ماڵێك بۆ هەموان سەیر بكەن، هەربۆیە «كوردسات ماڵی هەموانە» دروشمی دەزگای میدیای كوردسات-ە.
ئەو میدیاكار و رۆژنامەنووسانەی لە كەناڵەکانی كوردسات كار دەكەن كەسانی بە ئەزموون و لێهاتوون ئەوان هۆكارێك بوون تا ئەو دامەزراوەیە بەشێوەیەكی سەركەوتوانە ماوەی 22 ساڵ كار بكات و خزمەتی كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان بكات.
كوردسات هەڵگری پەیامی كوردایەتییە
كەناڵی كوردسات ئێستا پێ‌ دەنێتە 23 ساڵەی تەمەنی و وەك رۆژنامەنووسانی دەزگاكە ئاماژەی بۆ دەكەن بۆ ساڵی نوێ‌ چەندین بەرنامە و پڕۆگرامی نوێیان دەبێت و زیاتر كار لەسەر كەلتور و فەرهەنگ و هونەری كوردی دەكەن.
ئاری عومەر ماوەی 15 ساڵە لە كەناڵی كوردسات وەك پێشكەشكار كاردەكات، ئەو بەبۆنەی ساڵیادی دامەزراندنی كوردسات دەڵێت: كەناڵی كوردسات پێ‌ دەنێتە 23 ساڵەی تەمەنیەوە کە بەبێ‌ دابڕان لەناو راگەیاندن و میدیای كوردیدا كاری كردووە و فەرهەنگ و كەلتوری كوردی بڵاودەكاتەوە، 23 ساڵە كوردسات هەڵگری پەیامی كوردایەتییە، بەتایبەتی ئەو دروشمەی هەڵی گرتووە ئەوەیە (كوردسات دەنگ و رەنگی كوردانە)، بۆیە لەسەر ئەم دروشمە كار دەكات  و بەردەوام دەیەوێت ئەو دروشمە لەناو بەرنامەكانیدا رەنگ بداتەوە.
وتیشی، كوردسات لە كەناڵێكەوە  بۆتە دەزگایەك  واتە ئێستا كوردسات دوو كەناڵە و خاوەنی دوو رادیۆیە و چەندین وێبسایت و سۆشیاڵ میدیای هەیە كە بە چەند زمانێك هەواڵ و چالاكی و گۆڕانكارییەكان بڵاودەكاتەوە، هەمووشیان یەك پەیامیان هەیە ئەویش ئەوەیە كوردسات دەنگ و رەنگی كوردانە، كوردسات ئامانجێتی وەك چۆن لە رابردوودا كاری كردووە ئێستاش بەو شێوەیە كار دەكات و خزمەتی كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان دەكات .
ئاماژەی بەوەشكرد، ئەگەرچی لە هەندێك شوێن رەخنە لە كوردسات دەگیرێت بەوەی پەیامەكانی لاوازن، ئەوەش غەدرێكە لە كوردسات دەكرێت، چونكە كوردسات جیاوازە لە كەناڵە میدیاییەكانی تری هەرێمی كوردستان، كوردسات لەگەڵ پەیامە نەتەوەییەكاندایە، بۆیە هەندێك كات كوردسات روبەڕوی رەخنە دەبێتەوە و ئەوەش وا لە کارمەندانی دەكات گەرمتر و باشتر لەم دەزگایە كاربكەن.
پێشەنگە لە ئیتیكی كاری رۆژنامەوانیدا
ئاری عومەر باسی لەوەشكرد، ئەگەر باس لە راستگۆیی هەواڵ بكرێت، ئەوا كوردسات بەشێوەیەكی راستگۆیانە كاری كردووە، هەواڵێك باس كرابێت، بەهێندەی خۆی باسكراوە، نە بۆی زیادكراوە  نە كەمیش كراوەتەوە، پلانیشی هەیە لە سەرجەم پڕۆگرام و بەرنامەكاندا بۆ ساڵی نوێ‌ قۆناغێكی نوێی میدیایی دەست پێ بكات و گۆڕانكاریی فراوان دروست دەكەین، ئەو رەخنانەی لە كوردسات گیراون، ئێمە بۆ ساڵی داهاتوو كاری لەسەر دەكەین و گرنگی پێ‌ دەدەین .
ئەو پێشكەشكارەی كوردسات وتیشی، بۆ ساڵی داهاتوو كوردسات-ی فەرهەنگ و كەلتوری، زیاتر بابەتی رەسەنایەتی كوردی لە سەرجەم بەرنامەكانیدا رەنگ دەداتەوە و گرنگی زۆری پێدراوە، هەروەها كوردسات لە هەر چوار پارچەی كوردستان بەرنامە و پڕۆگرامی تایبەتی دەبێت و گرنگی بە پارچەكانی تریش دەدات، بەوەی ساڵی 2022 چەندین بەرنامە لە رۆژهەڵاتی كوردستان ئامادەکراوە و لە باكوری كوردستانیش بەرنامەی زۆرباش پێشكەش كراوە و پلانیش هەیە لە رۆژئاوای كوردستان چەندین بەرنامەی بەپێز پێشكەش بكرێن و گرنگی تەواو بدات بە رۆژئاوای كوردستان.
زانا حەسەن یەكێكی ترە لە پێشكەشكارەكانی كەناڵی كوردسات ئەو ماوەی 10 ساڵە لەو كەناڵە كار دەكات و وتی: پیرۆزبایی خۆم ئاراستەی بینەرانمان دەكەم لە هەر چوار پارچەی كوردستان و ئەوانەشی کە لە دەرەوەی وڵاتن، كوردسات پێ دەنێتە 23 ساڵەی تەمەنی، کە لەو ماوەیەدا توانی بە سەركەوتوانە كارەكانی خۆی بکات، كوردسات تەنها هی كارمەند و رۆژنامەنووسەكانی ناو دەزگاكە نییە، بەڵكو هی هەموو خەڵكی كوردستانە بە هەر چوار پارچەیەوە، كوردسات لە سەرەتای دامەزراندنییەوە تائێستا كە 23 ساڵ تەمەنێتی خزمەتێكی گەورەی  لە بوارەکانی كەلتور و فەرهەنگ و هونەر كردووە، هەروەها  لە یادی راپەڕینیش كوردسات NEWS كرایەوە ئەوەش خەرمانێكی تری میدیای كوردییە لە چوارچێوەی ماڵە گەورەكەی كوردساتدا کە تەنها كار لەسەر هەواڵ و گۆڕانكارییە سیاسیەكان دەكات، كوردسات هەر لە سەرەتای دروستبوونییەوە رۆڵی خۆی هەبووە لە بواری سیاسی و پێشەنگ بووە لە ئیتیكی كاری رۆژنامەوانیدا.
کوردسات لە هیچ کەناڵێکی تر ناچێت
وتیشی، خاتوو هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد دامەزرێنەری كوردسات لەگەڵ سەرۆك مام جەلال هاوكارێكی باشی كوردسات بوون، جێدەستیان دیارە و ئێستاش خاتوو شاناز ئیبراهیم ئەحمەد ئەویش هاوكارێكی تەواوی كەناڵی كوردساتە و چەندین كەسی تر هاوكاربوون تاوەكو كوردسات بگاتە ئەم قۆناغە سەركەوتووەی، ئێستا سەرۆك بافڵ تاڵەبانی و قوباد تاڵەبانی ئەوانیش هاوكاری تەواوی كوردسات-ن و ئامانجیانە كوردسات بە سەركەوتوویی بمێنێتەوە، هەروەها گرنگی تەواو دراوە بە نەتەوەییبوونی كەناڵەكە، پاشانیش پێكهاتەكانی هەرێمی كوردستان، كەناڵی كوردسات بە كەناڵی خۆیان دەزانن و دەتوانم  بڵێم ئەو رەنگڕێژییەی بۆ كەناڵەکە كراوە لە هیچ كەناڵێكی تر ناچێت و ناشیەوێت لە كەناڵەكانی تر بچێت.
زانا ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد، كوردسات هەرگیز بیری لەوە نەكردۆتەوە هەواڵی فەیك دروست بكات تا لەسەر ئەو بنەمایە بینەر بۆخۆی زیاد بكات، بەڵكو بە هەواڵە راست و دروستەكانمان توانیومانە سەرنجی بینەر بۆخۆمان رابكێشین. كارمان لەسەر ئەوە كردووە زیاتر كەلتوری رەسەنی كوردی پیشانی بینەرەكانمان بدەین، دڵنیاشین ئاسۆمان روونە.
ئەو پێشكەشكارە راشیگەیاند، زۆرجار خەڵك باس لەوە دەكەن كوردسات پێشتر لەسەرووی میدیاكانی تروە بووە، بەڵام لەماوەی رابردوودا چەند میدیایەكی تر دروست بوون كە بە كۆمەڵێك بابەت كۆمەڵگەیان ژەهرخوارد كرد، بەوەش بینەرێكی زۆریان لە خۆیان كۆكردەوە، بەڵام بەشێك لەو راگەیاندنانە داخران و نەیانتوانی سەركەوتووبن، بەڵام كوردسات ئێستاش بینەرەكانی خۆی لەدەست نەداوە لە هەر چوار پارچەی كوردستان و لە دەرەوەی وڵاتیش بینەری تایبەتی خۆی هەیە، ئەوەش راستگۆیی كوردسات دەردەخات.
دەزگای میدیایی کوردسات بە سەرجەم كەناڵەكانییەوە خاوەنی چەندین پەیامنێرە لە هەموو شارەكانی هەرێمی كوردستان و هەروەها لە هەر چوار پارچەی كوردستان پەیامنێری هەیە و تەنانەت لە دەرەوەی وڵاتیش چەند پەیامنێرێكی هەیە و رۆژانە هەواڵ و كار و چالاكییەكانی هەرێمی كوردستان و عیراق و هەر چوار پارچەی كوردستان و ئەوروپاش دەگوزانەوە، وەك خۆیان ئاماژەی بۆ دەكەن راستگۆی هەواڵ وایكردووە كوردسات ساڵ بەساڵ پێ بنێتە قۆناغێكی نوێترەوە.
راستگۆیی هەواڵ دروشمی سەرەكیمانە
هێمن قادر ماوەی 19 ساڵە لە كەناڵی كوردسات وەك پەیامنێر كار دەكات و رۆژانە هەواڵ و كار و چالاكییەكانی شاری سلێمانی بۆ بینەرانی كەناڵەكە دەگوازێتەوە، هێمن بۆ ساڵیادی كوردسات وتی: پیرۆزبایی خۆم ئاڕاستەی بەڕێوەبەر و كارمەند و سەرجەم  رۆژنامەنووسانی كوردسات دەكەم و پیرۆزبایی لە بینەرەكانی كوردسات دەكەم، لە ساڵ 2005 -ەوە وەک پەیامنێر لە کوردسات کاردەکەم و تائێستاش بەردەوامم، ئەوكاتە كوردسات چەند گەشتێكی هەواڵی هەبوو رۆژانە و چەند بەرنامەیەكیشی هەبوو.
وتیشی، ساڵانی رابردوو بەشێوەیەكی زۆر سادە كاری گواستنەوەی هەواڵمان دەكرد، ئەوكات  زۆرترین راپۆرت و بە دواداچوونمان دەکرد و كەمترین راستەوخۆمان هەبوو، هەواڵ و رووداو و چالاكییەكانمان وەك خۆی دەگواستەوە. ئێستا بەهەمان شێوە هەواڵ و كار و چالاكییەكان بەشێوەیەكی راستگۆیانە وەك خۆی دەگوازینەوە بۆ بینەرەكانمان، ئەوكات  كاركردن زۆر خۆشتر بوو، دەتوانم بڵێم  كاركردن تام و چێژی خۆی هەبوو، هەواڵ نەببوو بە كێبڕكێ‌ وەك ئێستا، بەڵكو كار لەسەر راستگۆیی هەواڵ دەكرا، كوردسات ئەوكاتە رۆڵ و كاریگەریی خۆی هەبوو و زۆرترین زانیاریی بڵاو دەكردەوە.
هێمن قادر ئاماژەشی بەوەدا کە لەگەڵ دروشمی كوردسات ماڵی هەموانە ئەوەشمان كردۆتە دروشم  کە دەبێت لەو هەواڵ و چالاكییانەی دەیانگوازینەوە راستگۆیی دروشمی سەرەكی بێت و بینەر چەواشە نەكەین تەنها کۆکردنەوەی بینەرێكی زیاتر، چەواشەكردنی  بینەر لە بەرژەوەندیی هیچ كەسێكدا نییە، بۆیە كوردسات هەر لەسەرەتای دروست بوونییەوە تائێستاش كار لەسەر راستگۆیی هەواڵ دەكات، لە سۆشیال میدیاكانی كوردسات-دا بەردەوام كارمان بۆ ئەوە كردووە هەواڵەكانمان راستگۆیی تێدابێت.
كوردایەتی و نەتەوایەتی  رەنگ دەداتەوە
ئەو پەیامنێرە وتیشی: ئامانجی  سەرەكیی ئێمەی پەیامنێر گەیاندنی زۆرترین زانیارییە بە بینەرەكانمان نەك خێرایی هەواڵەكە، واتە زۆرترین زانیاری لەپێش خێرایی هەواڵەوەیە هەروەها كارمان كردووە بۆئەوەی لە هەواڵەكانیشماندا كوردایەتی و نەتەوایەتی رەنگبداتەوە.
هێمن باسی لەوەشکرد، كوردسات ژمارەیەكی زۆر پەیامنێری هەیە لە سەرجەم شارەكانی باشووری كوردستان و بەتەنها لە شاری سلێمانیدا شەش پەیامنێری هەیە، لە پارچەكانی تری كوردستانیش لە باكوور و رۆژهەڵات و رۆژئاوا پەیامنێری هەیە و رۆژانە هەواڵ و كار و چالاكییەكان دەگوازنەوە، كوردسات كار بۆ گواستنەوەی هەواڵ و چالاكییەكانی هەر چوار پارچەی كوردستان دەكات .
بەشی ئەرشیف لە دەزگای میدیایی كوردسات، بەشێكی گرنگە، رۆژانە ئەو كار و چالاكیانەی پەیامنێران و پێشكەشكاران دەیکەن، ئەرشیف دەكرێن و لەگەڵ ئەوەشدا كوردسات  دەوڵەمەندترین ئەرشیفی هەیە، تەنانەت بەرنامەیەکی رۆژانە بەناوی یادگارییەکان لە کەناڵەکەوە پێشکەش دەکرێت، ئەویش بەشی ئەرشیف ئامادەی دەکات.
گرنگی بە كۆكردنەوەی ئەرشیفی كورد دەدات
سامان سەلام رەشید لە 1-1-2002 ەوە لە بەشی ئەرشیفی كەناڵی كوردسات كار دەكات و بەشێكی زۆری ئەرشیفەكان ئەو كۆی كردوونەتەوە و دەڵێت: لەگەڵ دامەزراندنی كوردسات-دا بەشی ئەرشیف لەو كەناڵە دامەزراوە، كوردسات پشتی بە ئەرشیفی خۆی بەستووە بەشەكەش بەشێكی گرنگی كەناڵەكەیە دوو كاری جیاواز دەکات کە بریتین لە ئەرشیفكردنی بەرنامە و پڕۆگرام و دراما، هەروەها كاری رێكخستنی كاتی بەرنامەكان دەكات.
وتیشی، بەشی ئەرشیفی كوردسات بە چەند قۆناغێكی جیاوازدا تێپەڕیوە، لە ساڵی 2000 كە كەناڵی كوردسات دامەزراوە وەك ئێستا ئامێر و كەلوپەلەكان پێشكەوتوو نەبوو، كوردسات سەرەتا بە VHS و DVKMپەخشی دەكرد، دوای ساڵی 2002 چیتر كار بە VHS نەكرا، هەروەها لەدوای ساڵی 2009 ئێمە توانیمان واز لە كاسێت بهێنین و بیكەین بە سێرڤەر، بۆیە ئەوەش ئاسانكاری كرد بۆ ئەوەی بتوانین زۆرترین ئەرشیف كۆبكەینەوە، هەروەها لە ساڵی 2014 دا كوردسات گۆڕرا بۆ سیستمی HD،  ئەوەش وایكرد ئەرشیفی باشتر كۆبكەینەوە و ئێستا بە سیستمی HD ئەرشیف دەكەین.
سامان سەلام ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد، دەتوانم بڵێم كوردسات تاكە كەناڵە گرنگی بە كۆكردنەوەی ئەرشیفی كورد دەدات، ئەویش هۆكارەكەی دەگەڕێتەوە بۆ هەوڵ و ماندوبوونی خاتوو هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد كە گرنگیداوە بەوەی ئەرشیف كۆبكەینەوە، یەكێك لە ئامانجەكانی دروستبوونی كوردسات بۆ ئەرشیفكردنی دۆسێكانی كورد بووە. ئەگەر بشگەڕێینەوە بۆ سەرەتای دامەزراندنی كوردسات، چەندین بەرنامە و پڕۆگرام کراون كە باسیان لە دۆسێی ئەنفال كردووە و كەسوكاری قوربانیان قسەیان تێدا كردووە، هەروەها داستانەكانی پێشمەرگە و شۆڕشەكانی هەر چوار پارچەی كوردستان باسکراون، ئەوەش ئەرشیفێكی باشە تائێستا لە كوردسات ماونەتەوە، سەرجەم ئەرشیفی كوردسات بە هەوڵ و ماندوبوونی هەریەكە لە خاتوو هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد و هەڤاڵ مام جەلال كۆكراونەتەوە.
دەزگای میدیایی کوردسات لە دوو كەناڵی تەلەفزیۆنی و دوو رادیۆ و چەند وێبسایت و سۆشیاڵ میدیایەک پێكهاتووە لە 1 ی كانوونی دووەمی ساڵی 2000 لە شاری سلێمانی دامەزراوە، هەر لە سەرەتای دامەزراندنییەوە بە چەند زمانێك بەرنامە و هەواڵ و پرۆگرامی پێشكەش كردووە، ئێستاش كە 22 ساڵ بەسەر تەمەنی ئەو كەناڵەدا تێپەڕدەبێت بە هەردوو زاراوەی سۆرانی و کرمانجی هەواڵ و بەرنامە و پڕۆگرام پێشكەش دەكات، بەتایبەتی كوردسات-ی فەرهەنگ و كەلتور گرنگی بە رەسەنایەتی و كەلتور و دابونەریتی كوردەواری دەدات و كوردسات NEWS گرنگی بە هەواڵ و پڕۆگرامە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستان و هەر چوار پارچەی كوردستان دەدات.



بابەتە پەیوەندیدارەکان