پرەنسیپەكانی كاری رۆژنامەوانی لە كوردسات-دا

11:45 - 2023-01-03
دووتوێ
228 جار خوێندراوەتەوە

كۆمار عەلی

زۆربەی ئەو میدیا جیهانییانەی مێژوویەكیان هەیە، هەمیشە خۆیان پەیوەست دەكەن بەو پرەنسیپ و ئەرك و ئیتیكانەی بۆی دامەزراون، بۆیە ئەو میدیایانە دەبنە میدیای جێ متمانەی هاووڵاتیان و دەبنە سەرچاوەی وەرگرتنی زانیاری راست و دروست. بەداخەوە لەم فەوزای دیجیتاڵ میدیاییەی لە جیهاندا باوە، ئەم راستی و دروستییەی من باسی دەكەم ئێجگار كەم بۆتەوە.

لەنێو میدیای كوردیی، بەشێوەیەكی گشتیی دەتوانم بڵێم تەنیا چەند میدیایەك بەداخەوە لە پەنجەكانی دەست تێپەڕ ناكەن، تائێستا وابەستەی ئەو پرەنسپ و ئەرك و ئیتیكانەن كە بۆی دامەزراون، دیارە لە سەرووی هەموویانەوە كەناڵی میدیایی (كوردسات) دێت.
بۆیە پێمخۆش بوو لەم ساڵیادەیاندا، ئەوە بەبیر بینەران بێنمەوە، تائێستاش كوردسات، بەفیعلی دەنگی هەموو كوردانە و بەردەوامە لەسەر ئەو رێچكەیەی خۆی كە خزمەتكردنە بە بواری كەلتور و فەرهەنگ و مێژوو و پێگەی كوردستان لە هەموو رووەكانەوە.
كوردسات، رێچكەیەكی هەیە، کە خزمەتکردنە بە كۆمەڵگە، هەموو پەیامێك كە لەو میدیایەوە دەردەچێت، ئامانجێكی لەپشتە، دواجار كاریگەریی و خزمەت بەكۆمەڵگە دەگەیەنێت، ئەمەش وایكردووە كوردسات و كوردسات نیوز، هەردووكیان ببنە سەرچاوەی وەرگرتنی زانیاری دروست  و تەندروست بۆ هاووڵاتیان.
یەكێكی تر لەو شانازییانەی بەر كوردسات دەكەوێت، ئەوەیە كەناڵەكە كەناڵی خێزانە و هەمیشە فاكتەرێكی باشە بۆ گەیاندنی پەیامی باش بۆ خێزانەكان و كۆمەڵگە بەگشتی، دیارە بەهۆی بوونی كۆمەڵێك كەناڵی تری تەرفیهی بێ‌ بەرنامە و بێ‌ مۆڕاڵ وایان كردووە وەرگرەكانمان تووشی دڵەڕاوكێ‌ و نا ئارامیی ببنەوە و خێزانەكان تووشی جۆرێك لە ترس ببن لەوەی پەیامی ئەو كەناڵە بێ‌ بەرنامانە كاریگەریی خراپ لەسەر منداڵ و خێزانەكانیان دابنێت، بۆیە كاتێك خێزان موتابەعەی كوردسات دەكات، ئەوكات تێدەگات میدیای راستەقینە و راستگۆ كامەیە، ئەو ترس و دڵەڕاوكێیە نامێنێت، چونكە كوردسات بە هەردوو كەناڵەكەی و رادیۆكانی و بەشەكانی دیجیتاڵ میدیاكانی، هەمیشە رەچاوی ئەو پرەنسیپانە دەكات كە لەسەرەوە ئاماژەمان پێكرد.
بۆیە جێی خۆیەتی دەستخۆشی و پیرۆزبایی لە بەڕێوەبەران و ستافی كەناڵی میدیایی كوردسات بكەین و هیوایان بۆ بخوازین هەر لە گەشانەوە و گەشەكردندابن، لە پێناوی هێشتنەوەی میدیایەكی پڕۆفیشناڵ و پەیوەست بە دابونەریتی كۆمەڵگە.

بابەتە پەیوەندیدارەکان