راپۆرتی: ئه‌یاز هه‌ركی
قوتابخانەی قوبەهان میراتێکی مێژوویی گرنگە له دەڤەری بادینان و کوردستان بە گشتی و سەدان ساڵ خوێندن تێیدا بەردەوام بووه، هەزاران خوێندکاری کورد و بیانی لە سەرانسەری کوردستان و جیهانی ئیسلامی به‌مه‌ستی زانین و فێربوون روویان تێکردووه، شارەزایانی شوێنە‌وارناسی لە قه‌زای ئامێدی داوای گرنگیدان بە پاراستنی قوبه‌هان ده‌كه‌ن، وه‌ك هێمای زانست و پەروەردە لە ئامێدی پایتەختی پێشووی میرنشینی بادینان. هەروەها هه‌وڵ دەدەن بخرێتە لیستی شوێنەوارە مێژووییەکانی یونیسکۆوە، وەک کۆنترین شوێنەوار لە کوردستان، بەڵام ئێستا زۆرێک لە دیوارەکانی رووخاون.
دواتر وازی لە کارەکەی هێنا
له‌وباره‌یه‌وه هەیوار ئیحسان ئامێدی پسپۆری شوێنە‌وارناسی و نوێنه‌ری به‌رێوه‌به‌ڕایه‌تی شوێنه‌واری پارێزگای دهۆك، وتی، قۆناغه‌كانی نۆژەنکردنەوەی قوتابخانه‌ی قوبه‌هان لە سەردەمی کابینەی حەوتەمی د. بەرهەم ساڵح لە ساڵی 2010ی دەستیپێکرد، کە نزیکەی 440 ملیۆن دیناری عیراقی بۆ تەرخانکرا، لەلایەن کۆمپانیایەکی ئێرانییەوە سەرپەرشتی دەکرا بۆ ماوەی چوار ساڵ بەشێکی كه‌م لە دیوارەکانی نۆژەن کردۆتەوە و دواتر وازی لە کارەکەی هێنا، بەڵام دوای شه‌ڕی داعش و قەیرانی دارایی هیچ پارەیەکی دیكەی بۆ تەرخان نەکراوه و نۆژەنکردنەوەی وەستاوه، خه‌ڵكێكی دیكه‌ش هه‌بووه به به‌كرێكاری كاری تێدا كردووه تا ئێستا قه‌ره‌بوو نه‌كراونه‌ته‌وه، ئێمە چەندین جار داواکارییەکانمان بەرزکردۆتەوە، بەڵام تا ئێستا كه‌س خۆی لێنه‌كردۆته خاوه‌ن، بەڵام هەوڵێک هەیە بۆ ئەوەی ساڵی 2023 بڕه پارەیه‌ك بۆ نۆژه‌نكردنه‌وه‌ی قوبه‌هان تەرخان بکرێت، جگه له‌وه نۆژەنکردنەوەی قوبەهان جوڵەی گەشتیاریش لە دەڤەری ئامێدی زیاتر دەكات و دانیشتوانی ناوچەکەمان سوودمەند دەبن.
وتیشی: مانگێك له‌مه‌وبه‌ر کونسوڵی فەرەنسی سەردانی ئامێدی و قوبه‌هانی کرد و ره‌زامه‌ندی ده‌ربڕی به‌مه‌بەستی نۆژەنکردنەوەی ئەو بەشانەی لە قوتابخانەکە ماوەتەوە وده‌زگای ئه‌لیف فاوندەیشنی فه‌ره‌نسی ئه‌ركه‌كه‌ی جێبه‌جێ ده‌كات، هه‌روه‌ها سێكته‌ری شوێنه‌وار له‌سه‌رتاسه‌ری كوردستان زۆر لاوازه و وه‌ك پێویست نیه، داوا لە حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکەین بەڕێوبەرایەتییەکی سەربەخۆی شوێنه‌واری لە قه‌زای ئامێدی بکاتەوە هاوشێوەی پارێزگا و قەزاکانی دیکەی کوردستان، بۆ ئەوەی بتوانین خزمەت بە ناوچە شوێنەوارییەکانی سنووری ده‌ڤه‌ری ئامێدی بکەین. هەروەها چەندین پسپۆڕ و ده‌رچووی بواری شوێنەواری لە ئامێدی هه‌ن دابمه‌زرێنن.
هەمان رۆڵی پێشوو ببینێت
لەوبارەیەوە هێرش کەمال رێكانی بەرپرسی سەنتەری توێژینەوەی قوبه‌هان بۆ دەستنووسەکانی مێژووی بادینان وتی: قوبه‌هان قوتابخانه‌یه‌كی مێژوویی و دێرینی هەر چوار پارچەی کوردستانه، بۆیە قوبه‌هان له‌سه‌ر شێوازە کۆنەکەی نۆژه‌ن و ئاوەدان بکرێتەوە و بپارێزرێت، نه‌ك ته‌نیا نۆژه‌نكردنه‌وه‌یه‌كی شوێنه‌واری بێت، هیوادارین قوبه‌هان ببێتە پەیمانگایەک بۆ زانستەكانی ئاینی و زانستەکانی تر و هەمان رۆڵی پێشوو ببینێت و بودجەیەکی تایبەتی بۆ تەرخان بکرێت، هەروەها پێویستە لایەنە پەیوەندیدارەکانی كوردستان لە بەغدا هه‌وڵ و دانوستاندن لەگەڵ حکومەتی عیراق بکەن، بۆ گەڕاندنەوەی بەڵگەنامەكانی مێژوویی و نووسراوەکانی قوبه‌هان کە ئێستا زۆرێک لە نووسخە ئەسڵییەکانی له (دارالمخطوطات العراقیە) هه‌ن. ناكرێت سامانی مێژوویی زاناکانمان بەدەست کەسانی ترەوە بێت و بەرپرسانی ئێمە لە بەغدا پێویسته به‌دواداچوونی جدی بۆ ئه‌م پڕسه بكه‌ن.
مێژووی دروستبوونی
شایه‌نی باسه، قوبەهان شوێنه‌وارێكی مێژووییە لە قه‌زای ئامێدی و ده‌ڤه‌ری بادینان بەگشتی، سەرچاوەکان باس لەوە دەکەن مێژووی دروستبوونی دەگەڕێتەوە بۆ سەدەی شانزەی زایینی لە سەردەمی میر حسێن وەلی، لە نێوان ساڵانی 1533 بۆ 1573ی زایینی فەرمانڕەوایی میرنشینی بادینانی کردووە. قوبەهان لە پێنج بەشی سەرەکی پێکهاتووە و لەسەر رووبەری هەشت سەد مەتر چوارگۆشە دروستکراوە، یه‌ك كیلۆمه‌تر دەکەوێتە باکووری خۆرئاوای قەزای ئامێدی، 70 کم، لە خۆرهه‌ڵاتی پارێزگای دهۆک و 50م لە رووباری سۆلاڤی ئامێدی دووره. سەبارەت بەناوەكه بۆچوونی جیاواز هەیە، بەڵام بۆچوونێک لە راستییەوە نزیکە به‌ناوی قوباد بەگ کوڕی سوڵتان حسێن وەلی ناونراوه. قوبەهان بە درێژایی مێژووی دامه‌زراندنییه‌وه ناوەندێکی گرنگی پەروەردە بووە لە ده‌ڤه‌ری بادینان و پەیوەندی بە قوتابخانه‌كانی ئەستەنبوڵ و زانکۆی ئەزهەر لە میسرەوە هەبووە. لەزۆربه‌ی وڵاتانی جیهانی ئیسلامییەوە خوێندكاران بە مەبەستی خوێندن روویان تێكردووه. هەروەها وانه‌كانی ئیسلامی و فیقهه و قورئانی پیرۆز و زانستی پزیشكی و فەلسەفە و کۆمەڵایەتی و جوگرافیایان تێدا خوێندووە. زیاتر لە پێنج سەد ساڵ خوێندن لە قوتابخانەی قوبه‌هان تا ناوەڕاستی شەستەکانی سه‌ده‌ی رابڕدوو بەردەوام و چالاك بووه، بەڵام دوای ئەوەی شەڕ لە نێوان کورد و حکومەتی عەبدولکه‌ریم قاسم ده‌ستیپێكرد، قوبه‌هان بۆ هەمیشە داخرا. هەروەها قوبه‌هان چەندین زانا و رۆشنبیری وەک، ئەبوو سعود عمادی و مەلا مەحمود ئامێدی و شێخ غه‌یاسه‌ددین نەقشبەندی و مەلا ئەنوەری مای و شێخ ته‌های مای و مەلا یەحیا مزووری و مەلا خەلیل سێرتی و شوکری ئەفەندی و شێخ مەحمود مەغریبی و حەسەن نوح قه‌مه‌ری پێگه‌یاندووه. کۆنترین دەستنووسی قوتابخانەی قوبه‌هان، مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 1542ی زایینی و لە نووسینی محه‌مه‌د مەحمود بۆختی، خه‌ڵكی ده‌ڤه‌ری بۆتان بووە و لە قوتابخانەی قوبه‌هان وه‌ك مامۆستا وانەی وتۆتەوه.
کوردستان گه‌ڕاوم
لە قه‌زای ئامێدی 57 شوێنی شوێنەواری ره‌سمی و 300 ناوچه‌ی شوێنەواری دیكه‌ی ناڕه‌سمی هەن. هەندێکیان نۆژەنکراونەتەوە وەک، پردی عیسێ دەلال و ده‌رگای قەڵای ئامێدی و گۆڕستانی كۆنی ئامێدی و...هتد.
گه‌ڕیده به ناوبانگه‌كه‌ی عوسمانی ئه‌ولیا چه‌له‌بی له (كتێبی سیاحه‌تننامه) کە بە باشی ئاشنای پێکهاتە کۆمەڵایەتی و مێژووی کورد بووە، لە ساڵی 1656 سەردانی ئامێدی کردووە و دەڵێت: «قوتابخانه‌ی قوبه‌هان لە 16قوبە و 60 پۆلی خوێندن پێکهاتووە و نزیکەی 300بۆ 400 قوتابی تێدا ده‌خوێنن. دەشڵێت: ساڵانێکی زۆر لە کوردستان گه‌ڕاوم، بەڵام هیچ شوێنێک و قوتابخانەیەکی وەک قوبه‌هانم نەبینیوە، چونكه لە حەوشەی قوتابخانەکەدا باخچە و گوڵ و کانیاوی ئاوی تایبەت هەبووه و جوان و سەرنجڕاکێش بووه.»