سەرۆك كۆمار: نابێت هیچ پەنابەرێك لە كەمپەكاندا بمێنێتەوە

09:23 - 2023-01-09
عیراق
443 جار خوێندراوەتەوە

د.لەتیف رەشید سەرۆك كۆمار، دوێنێ لە چەند دیدارێكی جیادا لەگەڵ عەممار حەكیم، ئوسامە نوجەیفی، وەفدی نوێنەرانی پێكهاتە و كۆمەڵی شنگال و وەفدی بەرنامەی نیشتەجێكردنی مرۆیی نەتەوەیەكگرتووەكان، جەختیكردەوە لەسەر « چڕكردنەوەی هەوڵەكان بۆ گەڕانەوەی ئاوارەكان بۆ زێدی خۆیان».
لەمیانی دیداری سەرۆك كۆمار و وەفدی بەرنامەی نیشتەجێكردنی مرۆیی نەتەوەیەكگرتووەكان، باس لە بارودۆخی ئاوارەكان لە سەرتاسەری وڵات و گرنگترین ئەو كێشانە كرا كە رێگرن لە بەردەم گەڕانەوەی ئاوارەكان بۆ زێدی خۆیان، لەوبارەیەوە سەرۆك كۆمار جەختیكردەوە لەسەر «پێویستیی چڕكردنەوەی هەوڵەكان بۆ گەڕانەوەی تەواوی ئاوارەكان بۆ زێدی خۆیان، بەشێوەیەك كە ژیانێكی شایستە و سەقامگیر دەستەبەر بكرێت بۆیان»، بۆ ئەوەش پێویستە هەماهەنگی و هاریكاری لە نێوان دەزگا پەیوەندیدارەكان پتەوتربكرێت و هەموان پشتگیریی لە هەوڵەكان بكەن.
وەفدی میوانیش، ئاماژەیان بە كار و پرۆگرامەكانیان كرد و ئەو پلانانەیان خستەڕوو كە لەگەڵ لایەنی عیراقی داڕێژراون بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی بەردەم ئاوارەكان و دڵنیابوون لە گەڕانەوەیان بۆ زێدی خۆیان.
لەلایەكی دیكەوە، لە دیدارێكدا سەرۆك كۆمار و سەید عەممار حەكیم سەرۆكی رەوتی حیكمەی نیشتمانی، جەختیانكردەوە لەسەر پێویستیی پاڵپشتیكردنی حكومەت بۆ ئەوەی بتوانێت بەرنامەی كاری خۆی بە باشترین شێوە جێبەجێ بكات. تەئكیدیشیانكردەوە لەسەر گرنگیی پەلەكردن لە پەسەندكردنی بودجە.
لەدیدارێكی دیكەشدا لەگەڵ وەفدی نوێنەرانی پێكهاتە و كۆمەڵی شنگال، سەرۆك كۆمار جەختیكردەوە لەسەر گرنگیی چەسپاندنی بەهاكانی برایەتی و هاریكاری لە نێوان تەواوی دانیشتوانی شنگال و پێویستی هەوڵی هاوبەشی نیشتمانی بۆ چەسپاندنی ئۆقرەیی، ئاشتیی مەدەنی و كۆمەڵایەتی، لەپاڵ ئەوەشدا كاری پێویست بكرێت بۆ ئاوەدانكردنەوەی شنگال و قەرەبووكردنەوەی زیانلێكەوتووان.
وەفدی میوانیش، داوایانكرد دەزگا و دامەزراوەكان رۆڵی خۆیان بگێڕن و بودجەیەك تەرخانبكرێت بۆ پەلەكردن لە ئاوەدانكردنەوەی شارەكەدا و كارئاسانی جدی بكرێت بۆ گەڕانەوەی ئاوارەكان بۆ شوێنەكانی خۆیان.
هەروەها، سەرۆك كۆمار و ئوسامە نوجەیفی سەركردەی بەرەی رزگاری و گەشەپێدان، لە دیدارێكدا گرنگیی پشتیوانییان لە هەوڵەكانی حكومەت لە جێبەجێكردنی بەرنامە خزمەتگوزارییەكانیدا، دووپاتكردەوە.

# سەرۆك كۆماری عیراق

بابەتە پەیوەندیدارەکان