ئاسۆ رۆستەم ئەنجامی یاریی یەكلاكردەوە

02:11 - 2023-01-10
وەرزش
743 جار خوێندراوەتەوە

یارییەكانی خولی جامی كەنداو بەردەوامە و عیراق لە دووەم یاریی خۆیدا توانی 2-0 لە سعودیە بباتەوە و ببێتە هەڵبژاردەی تۆپی گرووپی یەكەمی هەڵبژاردە بەشدارەكان.
هەردوو یاریزانی كوردی بەشداری هەڵبژاردەی عیراق، ئاسۆ رۆستەم و شێركۆ كەریم دوو ئەستێرەی دیاریی هەڵبژاردەكەن، بە تایبەتیش ئاسۆ رۆستەمی هێرشبەری پێشووی یانەی نەورۆز كە بەم دواییە چووە یانەی سالمییەی كوێت، لە یارییەكەی سعودیەدا ئەستێرەیەكی دیاری هەڵبژاردەكە بوو بەوەی توانی لە كاتە هەستیارەكانی یارییەكەدا كە ترسی یەكسانبوونی هەردوو هەڵبژاردە 1-1 لە ئارادابوو، بەسەرێكی جوان گۆڵی دووەمی عیراق و بردنەوەكەیان 2-0 لە سعودیە بكات.
بردنەوەی عیراق 2-0 لە سعودیە ورەیەكی باشی بەهەڵبژاردەكە بەخشی، هەرچەندە لە یەكەم یارییاندا 0-0 لەگەڵ عومان یەكسانبوون، ئێستا عیراق و عومان هەریەكە بە 4 خاڵ یەكەم و دووەمی گرووپەكەن و سعودیە خاوەنی 3 خاڵە و سێیەمە و یەمەنیش لە پلەی چوارەمدایە و هیچ خاڵێكی نییە.
رۆژی چوارشەممە 11/1/2023 پشووی هەڵبژاردە بەشدارەكانە و رۆژانی پێنجشەممە و هەینی داهاتوو، دوا جەولەی یارییەكان لە هەردوو گرووپەكەدا دەكرێن و پاشان خولەكە پێدەنێتە قۆناغی چوارگۆشەی زێڕینی خۆیەوە.
پێنجشەممە 12/1/2023
*سعودیە×عومان (گروپی یەكەم) سەعات 6 ی ئێوارە.
*عیراق×یەمەن (گروپی یەكەم)-سەعات 6ی ئێوارە.
هەینی 13/1/2023
*بەحرەین×كوێت (گروپی دووەم) -سەعات 6ی ئێوارە.
*قەتەر ئیمارات (گروپی دووەم) -سەعات 6ی ئێوارە.

بابەتە پەیوەندیدارەکان