جەلال شێخ ناجی سەرۆکی ئاژانسی پاراستن و زانیاری / زانیاری پێشوازیکرد لە وەفدێکی باڵای هێزەکانی هاوپەیمانان بەسەرۆکایەتی کۆڵۆنێل خافێر سۆرییا، لێپرسراوی هێزەکانی هاوپەیمانان لە هەرێم و وەفدێکی هاوڕێی.
لە دیدارێکدا گفتوگۆی هەمەلایەنە لەبارەی هەماهەنگی و هاریکاری نێوان هێزە ئەمنییەکانی هەرێم و عیراق و هاوپەیمانانی نێودەوڵەتی کرا لەپێناوی یەکخستنی هەوڵە هەواڵگرییەکان بۆ بەدیهێنانی ئاسایش و سەقامگیری لە هەرێم و ناوچەکەدا.
لە دیدارەکەدا، سەرۆکی ئاژانسی پاراستن و زانیاری / زانیاری تەئکیدی لەپەرەپێدانی پەیوەندییە ئەمنی، هەواڵگری و سەربازییەکان کردەوە، لەپێناوی ریشەکێشکردنی پاشماوەکانی تیرۆریستانی داعش و رووبەڕووبوونەوەی هەموو ئەو مەرامانەی ئاسایشی هەرێم دەخاتە مەترسییەوە و هەموو کارئاسانییەکی لەو رووەوە دووپاتکردەوە و رایگەیاند، پەیوەندی تەواومان لەگەڵ هێزەکانی عیراق هەیە و بەرئەنجامی ئەو هاریکارییەش لە ماوەی رابردوودا چەندین پیلانی تیرۆریستان شکستیپێهێنراوە و لەسەر بنەمای زانیاری دروستی هەواڵگری و پاڵپشت بەهێزەکانی هاوپەیمانان چەندین ئۆپەراسیۆن و کردەی سەربازی کراون بەئاڕاستەی سەقامگیری و ئارامی زیاتر لە هەرێم و عیراق.