بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە بارەگای مەکتەبی سیاسی لە سلێمانی پێشوازی لە هەریەک لە مامۆستایانی ئاینی مەلا شێخ مەزهەر خوراسانی، حەکیم روستایی، سابیر گرتکی و عوبێد جاوەکە کرد.
لە دیدارێکدا کە فەیسەڵ کەریم خان برادۆستی، ئەندامی سەرکردایەتی ئامادەبوو، سەرۆک بافڵ جەلال تاڵەبانی ئاماژەی بە رۆڵی مامۆستا و زانایانی ئاینی کرد لە قووڵکردنەوەی گیانی تەبایی و پێکەوەژیان لەناو کۆمەڵگەدا و رایگەیاند، لە مێژووی کوردستاندا مامۆستایانی ئاینی رۆڵێکی گرنگیان لە پەرەپێدانی گیانی تەبایی و برایەتیدا بینیووە. بەشداریی گرنگیان هەبووە لە رەتکردنەوەی بیری توندڕەوی و چەسپاندنی رۆحی چاکەخوازیدا، بۆیە هیوادارین بە هەمان رۆحیەتەوە لەو پێناوەدا بەردەوامبن و سیماکانی تەبایی و پێکەوەژیان لە کوردستانە خۆشەویستەکەمان گەشتر بکەن.
لە بەرامبەردا مامۆستا مەلا شێخ مەزهەر خوراسانی ستایشی هەوڵەکانی سەرۆک بافڵی کرد لە بەرامبەر هەنگاوەکانی بۆ یەکڕیزی ناو ماڵی کورد و یەکخستنی هەوڵەکان لەپێناوی سەقامگیریی کوردستاندا. وتیشی، هەنگاوەکەی سەرۆک بافڵ بۆ داخستنی ئەو شوێنانەی دوورن لە ئاین، ئاکار و رەوشتی بەرزی کۆمەڵگەی کوردییەوە جێگەی دەستخۆشییە و هەنگاوێکی گرنگە بە ئاڕاستەی پاراستنی بەها بەرزەکانی کوردەواری.
مامۆستا شێخ مەزهەر داواشیکرد، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان وەک هەمیشە لە سەنگەری بەرگریکردن لە مافەکانی خەڵک بەردەوامبێت و بەردەوامی بەو هەنگاوە نیشتمانییانە بدات کە لەپێناو دەستەبەرکردنی ژیانێکی شایستە بۆ خەڵک و چاکەی گشتیدا گرتوویەتیەبەر.