گیا دەرمانییەکان دەبنە جێگرەوەی دەرمان؟

11:13 - 2022-04-12
ڕاپۆرت
1634 جار خوێندراوەتەوە

راپۆرتی/ میهرەبان عەبدول

لەدێر زەمانەوە بەشێک لە هاووڵاتیان گژوگیا کوردەوارییەکانیان وەک دەرمان بەکارهێناوە هەندێک بە شارەزایی و هەندێکی تریان دەماو دەم و بەبێ ئەوەی شارەزابن و لەسەر قسەی کەسانی دیکە بۆ چارەسەری نەخۆشی بەکاریانهێناوە، ئێستا چەندین دوکان و شوێنی فرۆشتنی دەرمانی کوردەواری کراوەتەوە کە جۆرەها دەرمان بە شێوەی کەبسول بۆ چەندین نەخۆشی دەدەنە ئەو کەسانەی کە سەردانیان دەکەن، ئەو کەسانەی دەیکڕن و بەکاریدەهێنن بوونەتە دوو بەش بەشێکیان دەڵێن سوودیان لێ بینیووە و بەشێکی تریشیان نەک سوودی نەبووە بەڵکو زیانیشی پێ گەیاندوون و گرفتی تری تەندروستی بۆ دروستکردوون و زانستی پزیشکیش بەکارهێنانیان وەک چارسەر رەتدەکاتەوە.
شارەزایی دەوێت
زانا تەیب خاوەنی دوکانی گیا دەرمانییە لەناو بازاڕی شاری سلێمانی وتی، ساڵانێكی زۆرە دەرمانی کوردەواری دەفرۆشم و شارەزاییەکی باشم تێدا پەیدا کردووە و ئەم دەرمانانە چەن سوودی هەیە  ئەگەر بێت و بە نەشارەزایی بەکاربێت ئەوا زیانی زیاتر دەبێت لە سوودەکەی بۆیە ئەو کەسەی چارەسەرەکە دادەنێت دەبێت  زانیاری تەواوی لەسەر نەخۆشییەکانی کەسەکە هەبێت.
وتیشی، دەرمانە کوردەوارییەکان ئەگەر بێت و لە شووشەدا هەڵبگیرێت و لە شوێنی وشک و فێنکدا بێت ئەوا ماوەیەکی زۆر دەمێنێتەوە، بە پێچەوانەوە ئەگەر لە دەبەی پلاستیکی یان شوێنی گەرم بێت ئەوا زوو تێکدەچن.
لەنجە محەمەد بۆ دابەزاندنی کێشی لەشی دەرمانی کوردەواری کڕیوە و وتی، پارەیەکی زۆری خەرجکردووە هیچ سوودیشی لێ نەبینیوە و کێشی لەشی دانەبەزیوە بۆیە پاش ماوەیەک لە بەکارهێنان وازیلێهێناوە.

جێگەی دەرمان ناگرێتەوە
بنار عەزیز پزیشک و پسپۆڕی هەناوی لەم بارەیەوە وتی: پزیشک بەهیچ شێوەیەک ناتوانێت دەرمانە کوردەوارییەکان وەک چارەسەر بنووسێت لەبەرئەوەی بۆ هەندێک نەخۆشی نەک سوودی نابێت زیانیشی هەیە و زۆربەی نەخۆشییەکانی گورچیلە و جگەر بە هۆی ئەم دەرمانە گیاییانە دروست دەبێت یان هەندێک لە شێر پەنجەی میزەڵدان.
وتیشی، نەخۆشمان هەیە کە بە هۆی بەکارهێنانی دەرمانی سروشتی تووشی بەردی گورچیلە بووە یان هەبووە تووشی لەبیرچوونەوە بووە چونکە کاریگەریی لە کۆئەندامی دەماری کردووە بۆیە نابێت هیچ گیایەک لە جیاتی دەرمان بەکاربێت.
هاوکات هاوڕاز قادر چارەسەرسازی میللی و ئەندامی کۆمەڵەی رووەک ناسانی کوردستان وتی، لە زۆربەی وڵاتان چەند جۆرێکی گژوگیای سروشتی وەک چارەسەر بەکاردەهێنرێت و چەند توێژینەوەیەکی زانستیشی لەسەرە.
ژیانی لە دەستداوە
دیار عەبدولواحید پزیشکی نەشتەرگەری جوانکاری و دروستکردنەوە و پسپۆڕی ورد لە نەشتەرگەری دەست و مایکرۆسکۆپی، رێنمایی هاووڵاتیان دەکات دەرمانە کوردەوارییەکان بۆ چارسەر بەکارنەهێنن  ئەگەرچی  سووتاوییەکەش زۆر کەم بێت  وتی  زۆرجار کەسێک کە رێژەیەکی زۆر کەمی لەشی سووتاوە، بەڵام لەبەر بەکارهێنانی دەرمانی کوردەواری، کەسەکە ژیانی لە دەست داوە لە کاتێكدا بە ئاسانی لە نەخۆشخانە چارەسەر دەکرا.

ئاکامە خراپەکانی  دەرمانی کوردەواری
ئەو دکتۆرە باسی لە  ئاکامە خراپەکانی دەرمانی کوردەواری بۆ چارەسەری سووتاوی کرد و وتی، کەڵەکەبوونی بەکتریا یان کە رووی پێست لەسەر و ژێری برینەکە و هەوکردنی شوێنی سووتاوییەکە و بە دوایدا هەوکردنی خوێن و مەترسی ژەهراوی بوونی سووڕی خوێن و چەندین گرفتی تر بۆیە هەموو کات رێگەی نەخۆشخانە باشترین هەڵبژاردەت بێت و زانستی  چارەسەری سووتاوی گونجاوترین هێڵی فریاکەوتنت بێت. 
دەرمانە کوردەوارییەکان کەمتر لە ناوخۆی هەرێمی کوردستان دروست دەکرێن و زۆرترینیان لە وڵاتانی هیندستان و ئەندەنوسیا ومالیزیا و تایلەندەوە دەهێنرێن، شوێنی فرۆشتنی دەرمانە کوردەوارییەکان لەلایەن لیژنەکانی قائیمقامیەتەوە چاودێری دەکرێن و لەکاتی بوونی هەر سەرپێچییەکدا سزا دەدەرێن.

بابەتە پەیوەندیدارەکان