سعودیه‌ جامی‌ سوپه‌ری‌ ئیتالیاش له‌ ئامێز ده‌گرێت

09:40 - 2023-01-18
وەرزش
277 جار خوێندراوەتەوە

سۆزیار یوسف 

بڕیاره‌ ئه‌مشه‌و له یاریگای نێودەوڵەتی شا فەهد لە ڕیازی پایتەختی سعودیە یاریی جامی سوپەری ئیتاڵیا لە نێوان میلان و ئینتەرمیلان به‌ڕێوه‌بچێت. 
یارییه‌كه‌ سه‌عات 10:00 فیكه‌ی‌ ده‌ستپێكردنی‌ لێ ده‌درێت، نزیکەی دوو هەفتە پێش یارییی دێربی خولی ئیتاڵیا دێت کە هەردوو یانه‌ لە یاریگای سان سیرۆ لە پێنجی شوباتی داهاتوو به‌رامبه‌ر یه‌كتر ده‌وه‌ستنه‌وه.‌ 
میلان وەرزی ڕابردوو نازناوی خولی ئیتاڵیای بەدەستهێنا، ئینتەرمیلانیش نازناوی جامی ئیتاڵیای بەدەستهێنا.
بڕیاره‌ زیاتر لە 30 کامێرای تەلەفزیۆنی پەیوەست بە گواستنەوەی مانگی دەستکرد و تەکنەلۆژیای ڤیدیۆی یاریدەدەری VAR و تەکنەلۆژیای ئۆفسایدی نیمچە ئۆتۆماتیکی لە یاریگای نێودەوڵەتی شا فەهد لە ڕیاز ببێت.
 ڕاپۆرتە میدیاییەکانی ئیتاڵیا ئاشکرایان کردووە کە نیشانەی پەخشەکە دەبەخشرێتە 35 کەناڵی تەلەفزیۆنی و ڕادیۆ و دیجیتاڵی بۆ ئەوەی زیاتر لە 165 ناوچەی ئەوروپا و ئەمریکا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقا و ئەفریقای  و ئاسیا و ئۆقیانووس بگرێتەوە».  
میلان لە ئێستادا لە پلەی دووەمی ڕیزبەندی خولی ئیتاڵیادایە و بە نۆ خاڵ لە دوای ناپۆلی پێشەنگەوەیە و بە خاڵێک لە پێش یۆڤانتۆس و ئینتەرمیلانەوەیە.
پێشتر میلان حەوت جار نازناوی جامی سوپەری ئیتاڵیای بەدەستهێناوه، لە ساڵانی 1988، 1992، 1993، 1994، 2004، 2011 و 2016، ئینتەرمیلانیش شەش جار نازناوەکەی لە ساڵانی 1989، 2005، 2006، 2008، 2010 و 2021 بەدەستهێناوه.
جامی سوپەری ئیتاڵیا بۆ جاری سێیەم لە سعودیە بەڕێوەدەچێت پاش ساڵی‌  2018 کە میلان و یۆڤانتۆسی کۆکردەوە و ساڵی‌ 2019، لە نێوان لازیۆ و یۆڤانتۆس.
سعودیە له‌ رۆژانی‌ رابردوو میوانداری جامی سوپەری ئیسپانیای کرد،بەرشەلۆنە لە یاری کۆتاییدا بە ئەنجامی 3/1 لە ڕیال مەدریدی‌ برده‌وه.‌ 

بابەتە پەیوەندیدارەکان