ناساندنێکی کورتی «فەرهەنگی زارەکیی موکریان»

هەڵگرتنی شوێن پێی وشە

12:57 - 2022-04-12
کەلتور
172 جار خوێندراوەتەوە

مەحمود شێرزاد

2-2 و کۆتایی

 
بواری مەیدانیی و بواری کتێبخانەیی
فەرهەنگی زارەکیی موکریان لە دوو بواردا کاری بۆ کراوە، یەکەمیان بواریی کتێبخانەیی و دووەمیان بواریی مەیدانی. هەر دوو بوارەکە لە کوردستان هەر یەکەی بە هۆکاریی خۆی قورسن، بەڵام وەک کورد دەڵێ: (کار تا نەتکردووە شێرە، کاتێ لێی رادەبی و دەستی پێدەکەی رێوی تەواویش نیە.) رەوتی کارکردنی مەیدانی و کتێبخانەیی ئەم کارە خۆی رەوتێکی سەرنجڕاکێش و پڕ لە بەسەرهات و تەژیی لە بابەتی شایانی باس و لێ فێربوونە. بۆیە پێویستە سەلاحی پایانیانی هەوڵ و ماندووبوون و بیرەوەرییەکانی خۆی لە کاتی کارکردن لەم پڕۆژەیەدا بەوردی بنووسێتەوە. ئەمەش هەم خۆی دەبێتە بەرهەمێکی جێی بایەخ و تایبەت و هەم بەرچاوی ئەو کەسانەش روونتر دەکاتەوە کە بیانەوێ لەم بوارانەدا کار بکەن.
دکتۆر حەمید حەسەنی زمانناس و لێکۆڵەر و فەرهەنگنووسی فارس لەبارەی «فەرهەنگی زارەکیی موکریان»دا دەڵێ: ( فەرهەنگی زارەکیی موکریانی مامۆستا سەلاحی پاپانیانی، لەناو هەموو ئەو بەرهەمانەی لێکۆڵەری گەلان بەرهەمیان هێناون، تا ئەو جێگەیەی من ئاگادار بم، نەتەنیا بە کوردی و لە ئێراندا، بەڵکو لە رۆژهەڵاتی ناوەڕستدا بێ هاوتایە، بە تایبەتی لەم روویەوە کە بناغەی کارەکە لەسەر بنەمای کاری مەیدانییە. کاری وشەناسیی مەیدانی کارێکی زۆر ئەستەم، قورس و تاقەت پڕوکێنە. لەم بوارەدا و لە بوارە فۆلکلۆرییەکان و رێنووس و رێزماندا، پێشتر لێکۆڵەرانی ئەورووپایی وەک «دیڤید نیل مەکنزی»، ئۆسکارمان، ویلهلم ئایلەرس و...هتد هەوڵێکیان داوە.
تا چەند ساڵیتر، تا ئەو کاتەی دواین بەرگی «فەرهەنگی زارەکیی موکریان» چاپ و بڵاو دەبێتەوە، لەگەڵ هەوڵێک ئاشنا دەبین کە لە جۆری خۆیدا بێ هاوتایە. سەلاحی پایانیانی لەدایک بووی ساڵی 1978 و تەنیا بەم بەرهەمە ناوی وەک رۆژهەڵاتناسێک بە نەمری دەمێنێتەوە.)

ئەگەر کورد زمانی زارەکیی نەمێنێ
خۆزگە هەموو ناوچەکان و هەموو زارە کوردییەکان ئەم کارە بکەن. هەموو شێوەزارەکانی زمانی کوردی بە شێوەی زارەکیی زۆر دەوڵەمەندن،  ئێمە بواری نووسینمان دەوڵەمەند نیە و بواری زارەکیمان دەوڵەمەندە، لەڕاستیدا ئەوەی نەتەوەی کوردی لە رەوتی مێژووی لێوڕێژ لە شەڕوشۆڕ و پڕ لە تاڵان و بڕۆی ئەم ناوچەیەدا تا ئێستا بە زیندووی هێشتۆتەوە زمانی زارەکییەکەیەتی، کورد زمانی زارەکیی نەمێنێ، خۆشی نامێنێ. زمانی زارەکیی رۆحی کوردە، کە ئێستا زۆر لاوازبووە و وەک دەڵێن لە ئاویلکەدایە. وەک چۆن هەموو زارە کوردییەکان دەوڵەمەندن، لەهەمان کاتیشدا هەموو شێوەزارەکان بەیەکەوە زمان و کوردییەکی لەئەندازە بەدەر بەهێز دروست دەکەن کە رێک دەچێتەوە سەر ریشە گەردوونییەکەی خۆی کە زمانی سانسکریتییە، بەڵام کەم تاکی کورد هەیە لەم راستییە بەخەبەر بێ. بەداخەوە کوردی ئێستا، بە تایبەتیش زۆربەی نووسەران و میدیاکاران زمانی کوردیی نازانن. هەقیقەتێک لەبارەی زمانەوە هەیە کە کەم زمانناسیش دەیزانێ ئەویش ئەوەیە زمانی زکماکی هەر کەس زمانی هەر زمانی نەتەوەیی ئەو کەسە نیە، بەڵکو زمانی بوونی گەردوونی ئەو کەسەشە، یانی کەسەکە دەتوانێ بەو زمانە باسی بوونی گەردوونی هەم دیار و هەم نادیاری خۆی بکات. هەر بۆیەش ئەو کەسەی زمانی زکماکی خۆی باش بزانێ، یانی رۆحی وشە و زمانەکەی درک کردتبێ، وەک ئەوە وایە هەموو زمانەکانی سەر زەوی و زمانی گەردوون بزانێ، چونکە ئەو کەسە بە دەربڕین دەتوانێ ئاسۆیەکی بێ سنور دەرخا و نیشانی بدا و بیگوازێتەوە، یانی دەتوانێ مانا و تێگەیشتنی بێسنوور لەرێگەی زمان و ئاخاڤتنەوە دەرببڕێ، واتە هەم کەتوار و هەم هەقیقەت و هەرخەیاڵییەکی پێی مەست بێ دەتوانێ بە ئاسانی لە رێگەی زمانەکەیەوە پیشانی بدا. لە کۆندا ریشییە هیندییەکان ئەو کارەیان بە زمانی سانسکرێتی کردووە، کە زمانی کوردیش منداڵی حەڵازادەی زمانی سانسکریتییە. ریشییەکان بە ئاسانی توانیویانە بێسنوور بێنە ناو سنوری بێ سنووری زمانەوە، یان لە رێگەی زمانی سانسکریتییەوە بوونی نادیاریی بێسنور، بوونی بێ شکڵ و شێوە، بوونی نەناسراو بە ئاسانی لە رێگەی زمانەوە وەدیار بخەن، وێنای بکەن و بیناسێنن و باسی بکەن و بینووسنەوە، هەر لەبەر ئەوەیە تا ئێستا بۆ نمونە زمانی ئینگلیزی لە توانای دا نییە هەموو تێکستە کۆنە سانسکرێتییەکان لە پەیوەندی لەگەڵ دارشاناکان، واتە قوتابخانە عیرفانی و فەلسەفییەکانی هیند وەرگێڕێتەوە سەر زمانی ئینگلیزی، لەبەر ئەوەی بۆ زۆربەی وشە و چەمکە سەرەکییەکان هاوتا و هاودەنگیان نیە، بەس بە ئەزموونی کەمی خۆم بۆم دەرکەوتووە لە زمانی کوردیدا کە مەبەستم هەموو شێوەزارەکانە بە یەکەوە، هەموو دەنگەکان و بەشێکی زۆری هاوتاکان هەن، دیارە ئەو کاتە ئەم راستییەمان باشتر بۆ دەردەکەوێ کە گاتاکانی زەردەشت و سەرئەنجام و کەڵامەکانی یارییەکان بخوێنینەوە و گوێ بۆ شێوەزارەکانی تر هەڵخەین.

توانایی بەکارهێنانی تواناکانی زمان
فەرهەنگی زارەکیی موکریان بۆ هەموو کوردێک و بە تایبەتی بۆ هەموو ئەوانەی بە موکریانی و سۆرانی قسە دەکەن ئەو دەورە دەبینێ، بە خوێندنەوەی ئەم فەرهەنگە و بە بەکارهێنانی لە زمانی زارەکیی و نووسیندا توانایی بەکارهێنانی تواناکانی زمان بەدەست دێنین، تواناکانی زمان بریتین لەو توانایانەی کە کەسێک بتوانێ بەو زمانە ئەوەش بڵێ کە بەڕواڵەت لە گوتن نایە و ئەوە بکا کە زەین پێی وایە بە زمان لە کردن نایە، کاتێ تۆ دەقێکی وەک دەقە کۆنە سانسکریتییەکان دەخوێنیتەوە سەرت سوڕ دەمێنێ کە چۆن توانیویانە ئەو هەمووە شتە لەبارەی بوونەوە بڵێن کە تا ئێستاش بێ خەبەران پێیان وایە بە زمان لە گوتن نایەن، بەڵام ئەوان گوتوویانە، یان کاتێ پێشەکی مامۆستا هەژار بۆ کتێبی «شەرفخانی بەدلیسی» دەخوێنیتەوە سەرسام دەبی کە هەژار چۆن توانیوێتی کارێک بە زمان بکا کە پێدەچوو لە کردن نەیە، کەواتە لێرەدا دەردەکەوێ و بە تایبەتیش بۆ زمانی کوردی ئەم قسەیە بەتەواوی راستە کە زمانی کوردیی هەڵگری هەموو تواناکانە، بەڵام کوردەکان، بە تایبەتی نووسەران و میدیاکاران کە خۆم دەمێکە هاوڕێ و هاوکاریانم، لە بەکارهێنانی ئەم زمانەدا کەم تواناین، کەم تواناییەکەشمان دوو بنەمای سەرەکیی هەیە، یەکەم: وشەی کوردیی رەسەن و پاراو یان نازانن یان چەند وشەیەک دەزانین، دووەم بە خەیاڵی رووکەش و بێهوودە مەست و سەرخۆشین، بە بابەتی زۆر لاوەکیی و بێکەڵک و سنووردارەوە سەرقاڵین، کە ئەو جۆرە خەیاڵ و بیر و بابەتە رووکەش و بێهوودانە پێویستی بە زمانی بەهێز نییە، کەواتە لە بواری بەهێزکردنی زمان و بەکارهێنانی زمانەوە ناجووڵێین، من خۆم تا ئێستا لەهیچ یەک لەو رۆژنامانەیدا کە کارم کردووە، نووسینێکم نەهاتۆتە بەردەست وشەیەکی تێدا بێ ناچارم بکا لە شوێنی خۆم هەڵسم و ناو فەرهەنگانی بۆ بگەڕێم و رەنگە نووسینێكی منیش بۆ خوێنەر هەر وا بووبێت.
دکتور کەماڵ سولەیمانی دەڵێ: «فەرهەنگی زارەکیی موکریان» ئەرشیڤێکی زمانیی نەتەوەیی و ئینسکلۆپیدیای ئەدەبی زمانی کوردی‌یە. «فەرهەنگی زارەکیی موکریان» بەبایەخ‌ترین خەڵاتی مێژوویی‌یە کە تا ئێستا پێشکەش بە زمانی کوردی کراوە و گەورەترین فەرهەنگی وشەی نەتەوەیی‌یە کە تا ئێستا کوردستان بەخۆیەوە بینیویه. «فەرهەنگی زارەکیی موکریان» لە راستی‌دا قەڵایەکی لەبن‌نەھاتوو و مێژوویی دروست کردووە و یەکێک لە بزێوترین پارێزەرانی زمان و ئەدەبی کوردی‌یە کە ئەم زمانە بۆ هەمیشه له با و باران دەپارێزیت.

بەرایی بەرگە چاپ کراوەکان
بۆ زۆربەی بەرگەکانی «فەرهەنگی زارەکیی موکریان» لە لایەن پسپۆڕ و ئاکادیمیسیەنەکانەوە پێشەکی تێر و تەسەل نووسراوە. دکتۆر ئەمیر حەسەنپوور پێشەکییەکی بەناوی «فەرهەنگی زارەکی لە خولی تەکنەلۆژیی زماندا» بۆ بەرگی یەکەم نووسیوە، هەروەها بەراییەکی تری بۆ «فەرهەنگی زارەکیی موکریان – بەشی ژنان» لەژێر سەرباسی «دەنگ و رەنگی ژن لە هونەری زارەکیی دا» نووسیوە. بۆ بەرگی سێیەم دکتۆر رەهبەر مەحمودزادە پێشەکییەکی لەژێر ناوی «نەریتێکی نوێ لەفەرهەنگنووسیی کوردیدا» نووسیوە. هەروەها ئەحمەد ئەحمەدییان بەرایەکی لەژێر سەرباسی « فەرهەنگی زارەکیی موکریان، ئینسایکلۆپێدیایەکی ناوچەیی تاقانە لەسەر بناغەی زمانوێنەی ئاپۆڕەی خەڵک و چینی رەشۆکی» بۆ بەرگی چوارەم نووسیوە.  بۆ بەرگی یونس رەزایی پێشەکییەکی بەناوی «ئاوڕێک لە فەرهەنگی زارەکیی موکریان و روانینێک بۆ رەخنە و پرۆسەی فەرهەنگنووسیی لە کوردستاندا» بۆ بەرگی پێنجەم نووسیوە. بۆ بەرگی شەشەم پڕۆفیسۆر مایکڵ چایت یادداشتێکی به وەزن سووک و به قیمەت گرانی نووسیوه. دکتۆر هاشم ئەحمەدزادە بەراییەکی بەناوی «مەتەڵۆکی زمان و پەڕجوووی مانەوە» بۆ بەرگی حەوتەم نووسیوە. محەمەد رەمەزانی لەژێر ناوی «گاشەبەردێکی جوان تاشراوی نەخشاو بۆ گرتنی سەتان کەلێنی هەراوی زمانەکەمان» بۆ بەرگی هەشتەم نووسیوە. بۆ بەرگی نۆیەم دکتۆر محەمەد خزری ئەقدەم پێشەکییەکی بە ناوی «گەڕان بە شوێن رەسەنایەتیدا – پڕۆژەی سەلاح پایانیانی بۆ میراتی بنزاری موکری لە رەوتی تێکۆشانی فۆلکلۆری کوردیدا»  نووسیوە. دکتۆر ئەحمەد محەمەدپوور بەراییەکی بە ناوی «فەرهەنگی زارەکیی موکریان، هەڵێکی مرۆڤناسانە بۆ زیندووکردنەوەی زمان و شوناس» بۆ بەرگی یازدەیەم نووسیوە. پێشەکی بەرگی دوازدەیەم دکتۆر کەمال سولەیمانی لە ژێر سەردێڕی «دەسەڵات و نەریتی فەرهەنگنووسی» نووسیوێتی. هەروەها دکتۆر جەعفەر شێخولیسلامی پێشەکییەکی لەژێر سەرباسی زمان وەکوو جەستە، ئاوێنە و ئایدۆلۆژی لە فەرهەنگی زارەکیی موکریاندا» بۆ فەرهەنگی زارەکیی موکریان بەشی خورد و خۆراک نووسیوە.
تا ئێستا هەر دوازدە بەرگە سەرەکییەکە و شەش بەرگە تایبەتەکەش دەزگای موکریان چاپی کردوون.

 

سەلاح پاپانیانی

بابەتە پەیوەندیدارەکان