ئه‌ده‌ب بریتییه له چه‌ند ژانرێك، چ بۆ گه‌وران بێ، یاخود بۆ منداڵان. به‌ڵام خۆشبه‌ختانه له ئه‌ده‌بی كوردیدا له سایه‌ی چه‌ند قه‌ڵه‌مێكی جوان و دیاردا، رۆمان بۆ گه‌وران قۆناغێكی باشی بڕیوه و جێی خۆی كردووه‌ته‌وه، جگه له زمانی كوردی، به‌شێك له گه‌لانی دیكه‌ش به ژانری رۆمان و ئه‌ده‌بی كوردی ئاشنایه‌تییان هه‌یه، به‌هۆی كه‌سانی خه‌مخۆر و دڵسۆزه‌وه، كه چه‌ندین رۆمانی كوردی‌یان وه‌رگێڕاوه بۆ سه‌ر چه‌ند زمانێك.
به‌ڵام له ئه‌ده‌بی كوردی بۆ منداڵاندا، تاك و ته‌را رۆمانێكت ده‌كه‌وێته پێش چاو بۆ منداڵ یان مێرمنداڵ نووسرا بێ، ئه‌وه‌ی تا ئێستا بۆ منداڵان و مێرمنداڵ نووسراوه، زیاتر شیعر بووه، كه‌متر بیر له نووسینی رۆمان كراوه‌ته‌وه. به‌نده له كتێبی (ئه‌ده‌ب و هونه‌ری منداڵان) كه له ساڵی (2019) ده‌ستمپێكرد و له ساڵی (2022) دا چاپكرا، ته‌وه‌رێكم بۆ نووسینی تایبه‌ت به مێرمنداڵان ته‌رخان كرد، به تایبه‌تی رۆمانی مێرمنداڵان، بۆ ئه‌وه‌ی گۆمه‌كه بشڵه‌قێنم و كه‌سانێك هه‌بن بیری لێ بكه‌نه‌وه و هه‌وڵی نووسینی رۆمان بده‌ن بۆ مێرمنداڵ. جێگه‌ی ده‌ستخۆشییه ئه‌مین محه‌مه‌دی نووسه‌ری بواری ئه‌ده‌بی منداڵان له كۆتایی ساڵی(2022) دا له‌سه‌ر ئه‌ركی خۆی رۆمانێكی چاپ و بڵاو كرده‌وه به ناوی كچی دورگه بچكۆله‌كه، بۆیه به پێویستم زانی و پێم باش بوو له زاری خۆیه‌وه خوێنه‌ران ئاشنا بن به رۆمانه‌كه‌ی، ئه‌م دیداره‌م له ته‌كیدا ساز كرد.
سازدانی: رۆسته‌م خامۆش
*وه‌ك ده‌زانین له ئه‌ده‌بی منداڵانی كوردیدا، ژانری رۆمان گرنگی پێنه‌دراوه، هۆكاره‌كه‌ی چییه؟
-ئه‌ده‌بی منداڵانی كورد، له‌چاو ئه‌ده‌بی گه‌وره ساڵاندا مێژوویه‌كی كورتی هه‌یه. سه‌ره‌تا به‌شیعر ده‌ستیپێكردووه، پاشان چیرۆك و ژانره‌كانی تر، وه‌ك ئۆپه‌رێت و شانۆ و رۆمان. به‌ڵام رۆمانمان ئێجگار كه‌مه و زۆر هه‌ژارین. تا ئێستا ئێمه له سه‌ره‌تای سه‌ره‌تاداین. راسته پێشتر دوو سێ هه‌وڵ هه‌بووه، وه‌ك دوو رۆمانه‌كه‌ی مامۆستا عه‌زیز مه‌لای ره‌ش (گورگ و بزن) و (بۆره)، كه له ساڵانی (1990 و 1991 ) چاپكراون، به‌ڵام ئیتر له‌وساوه هیچیتر نابینرێت، له‌م ساڵانه‌ی دواییدا كاروان عومه‌ر كاكه‌سوور رۆمانێكی چاپ كردووه به ناوی (رێبه‌نێكی سوور و ملپێچێكی ره‌ش) له‌سه‌ری نووسراوه رۆمانێك بۆ لاوان، به بۆچوونی من هیچ په‌یوه‌ندییه‌كی به منداڵه‌وه نییه، وه‌ك هه‌ندێ له نووسه‌ران باسی ده‌كه‌ن، چونكه ناونیشان و قه‌باره‌ی كتێبه‌كه و ناوه‌ڕۆكه‌كه‌شی بۆ منداڵ نین. ئه‌مه هیچ له به‌های رۆمانه‌كه كه‌م ناكاته‌وه، چونكه رۆمانێكی زۆر باشه، به‌ڵام بۆ منداڵ و مێرمنداڵ نییه و به‌ڕێزیشی نووسیویه‌تی بۆ لاوان، باسی منداڵی نه‌كردووه، كه‌واته له‌و بواره‌دا زۆر هه‌ژارین. راسته ئێمه چیرۆكنووسی باشمان هه‌یه له بواری ئه‌ده‌بی منداڵاندا، به‌ڵام جێی داخه هیچ ئاوڕیان له رۆمانی تایبه‌ت به منداڵ و مێرمنداڵ نه‌داوه‌ته‌وه. ئه‌وانیش بۆ هه‌ندێ هۆكار ده‌گه‌ڕێته‌وه، یه‌كه‌م: رۆمان‌نووسین له چیرۆك نووسین جیاوازتره و توانا و جیهانبینییه‌كی زۆر زیاتری پێویسته. دووه‌م: كارێكی زۆر قورس و ئاڵۆزه و نه‌یانویستوه خۆیانی پێوه سه‌رقاڵ بكه‌ن.
*چۆن بوو بیرت له رۆمان نووسین كرده‌وه بۆ مێرمنداڵ؟
-له راستیدا من ده‌مێكه سه‌رقاڵی نووسینم بۆ منداڵان، شیعر و چیرۆكم نووسیوه و كاری وه‌رگێڕانیشم كردووه. له‌م دواییه‌دا هه‌ندێ توێژینه‌وه‌م له‌باره‌ی ره‌خنه و مێژووی ئه‌ده‌بی منداڵان كردووه، بۆم ده‌ركه‌وت تا ئێستا كه‌مترین كار له‌سه‌ر رۆمان بۆ منداڵ كراوه، ئه‌وانه‌شی كراون له ئاستی پێویستدا نین. منیش وه‌ك هه‌وڵێك یه‌كه‌م ئه‌زموونی خۆم ئه‌م كاره‌م كردووه و رۆمانێكم بۆ مێرمنداڵ نووسیوه. به‌و هیوایه‌ی خزمه‌تێك به منداڵ و ئه‌ده‌بی منداڵ بكه‌م و ببێته هاندانێك بۆ هاوڕێكانم، ئه‌وانه‌ی له‌و بواره كار ده‌كه‌ن، تا ئه‌وانیش كاری باشتر و جوانتر پێشكه‌ش بكه‌ن و ئه‌وه‌ی به من نه‌كراوه ئه‌وان ته‌واوی بكه‌ن، چونكه ناكرێ ئێمه هه‌ر دابنیشین و بڵێین رۆمان بۆ مێرمنداڵ نییه. دڵنیام كاری باشتری به‌دوادادێت و به‌هه‌موان ده‌توانین بنچینه‌ی ئه‌و ژانره گرنگ و پێویسته دابنێین.
*پێمخۆشه ناوه‌ڕۆكی رۆمانی كچی دورگه بچكۆله‌كه‌بخه‌یته‌ڕوو، تاخوێنه‌ران زیاتر پێی ئاشنابن و به‌ڵكو بزانرێ باسی چیی ده‌كات؟
-رۆمانی كچی دورگه بچكۆله‌كه ده‌قێكی منداڵانه‌ی پڕ له فه‌نتازیایه، پاڵه‌وانه‌كه‌ی كچێكی ئه‌فسوناویی (سیحری)یه، له‌سه‌ر زه‌وی و ناو ده‌ریا و ئاسماندا به‌ئاسانی دێت و ده‌چێ و رۆڵی خۆی ده‌گێڕێت. هاوڕێی سه‌رجه‌م گیاندارانه و هه‌ڵسوكه‌وتیان له‌گه‌ڵ ده‌كات. ده‌چێته قووڵایی ده‌ریا و سه‌ر لووتكه‌ی چیا بڵنده‌كان و به‌سه‌رپشتی باڵنده‌وه به‌ناو گه‌ردووندان گه‌شت ده‌كات.
*رۆمانی كچی دورگه بچكۆله‌كه چ په‌یامێكی تێدایه بۆ مێرمنداڵان؟
-رۆمانی كچی دورگه بچكۆله‌كه چه‌ند په‌یامێكی روون و ئاشكرای تێدایه بۆ هه‌موو قۆناغه‌كانی ته‌مه‌نی منداڵ، وه‌ك مرۆڤ دۆستی و ئاژه‌ڵ دۆستی و میهره‌بانی و ژینگه‌پارێزی و باوه‌ڕ به‌خۆبوون و كۆڵنه‌دان، چه‌ندین زانیاری گرنگ له‌باره‌ی ئاژه‌ڵ و سروشته‌وه به‌گشتی.
*به‌بۆچوونی تۆ چی بكرێت بۆ پێشخستنی رۆمانی تایبه‌ت به مێرمنداڵ؟
-به بۆچوونی من هه‌موو ئه‌و نووسه‌ره تایبه‌تمه‌ندانه‌ی بواری ئه‌ده‌بی منداڵ، به‌تایبه‌ت ئه‌وانه‌ی چیرۆكنووسی منداڵن و به‌هره و توانا و ئه‌زموونیان هه‌یه له بواره‌كه‌دا، ئاوڕ له‌م ژانره گرنگه بده‌نه‌وه و خۆیانی تێدا تاقی بكه‌نه‌وه، چونكه ئه‌وه كه‌لێنێكی گه‌وره‌یه به یه‌ك كه‌س و دوو كه‌س پڕ نابێته‌وه، بۆیه هیواخوازم له داهاتوویه‌كی نزیكدا، چه‌ندین ده‌قی جوان و گونجاومان هه‌بێت، من له ئێستاوه چاوه‌ڕێم و ده‌ستخۆشی له‌هه‌ر نووسه‌رێكی ئازیز ده‌كه‌م قۆڵی لێ هه‌ڵ بماڵێ و ئه‌سپی خۆی تێدا تاوبدات، به‌مه‌به‌ستی پێشخستنی ئه‌ده‌بی منداڵانی بێنازی نه‌ته‌وه‌كه‌مان.