سباستیان فیتزیك (Sbastian Fitzek) (به‌رلین1971-) وه‌كو ئیشپیگل ده‌ڵێت: «پڕۆفشناڵترین و جێی باوه‌ڕترین نووسه‌ری رۆمانی هه‌ژێنه‌ره له ئه‌ڵمانیا». فیتزیك پارێزه‌رێك بوو كه له‌گه‌ڵ بڵاوكردنه‌وه‌ی یه‌كه‌م كتێبیدا به ناوی «چاره‌سه‌ر» پله‌ی پڕفرۆش‌ترین كتێبی ئه‌ڵمانیای داگیر كرد و هه‌ڵبژێردرا بۆ خه‌ڵاتی «فریدریك گلاوسێ». پاش ئه‌وه وازی له پارێزه‌ری هێنا و بوو به نووسه‌ر و هه‌موو كاتی خۆی بۆ نووسین ته‌رخانكرد. فیتزیك تاكه نووسه‌ره كه توانیویه‌تی كۆتایی به ده‌سه‌ڵاتی بێچه‌ند و چوونی به‌رهه‌مه‌كانی «دان براون» نووسه‌ری ئه‌مریكایی خاوه‌نی «کۆدی داڤنشی» و «کۆدی ونبوو» بهێنێت و پله‌ی پڕفرۆش‌ترین نووسه‌رانی ئه‌ڵمانیا بۆ خۆی داگیر بكات. هه‌روه‌ها له‌و نووسه‌ره ده‌گمه‌نانه‌ی ئه‌ڵمانیایه كه به‌رهه‌مه‌كانی له ئه‌مریكا و به‌ریتانیا- خوازیارانی رۆمانی هه‌ژێنه‌ر- چه‌ندین جار چاپكراونه‌ته‌وه.
فیتزیك به درێژایی زه‌مه‌نی نووسینی رۆمانه‌كانی كه «19» رۆمانن، خه‌ڵاتی جۆراو جۆری وه‌رگرتووه. له‌وانیش خه‌ڵاتی كتێبه خۆشه‌ویسته‌كانی خوێنه‌ران له به‌شی رۆمانی تاوانكاریدا له ساڵی «2010» تا «2017»، خه‌ڵاتی باشترین رۆمانی ئه‌وروپایی له به‌شی رۆمانی تاوانكاریدا «2016». به‌ناوبانگترین به‌رهه‌مه‌كانی فیتزیك بریتین له «چاره‌سه‌ر»، «نوح»، «گه‌شتیاری 23»، « چاوكۆكه‌ره‌وه«، «پیاوی ئارایشكه‌ر». ئه‌وه‌ی لێره‌دا ده‌یخوێنیته‌وه گفتوگۆیه‌كه له‌گه‌ڵ سباستیان فیتزیك.
له فارسییه‌وه: محه‌مه‌د كه‌ریم
*له كاتی فۆرمه‌ڵه‌بوونی بیرۆكه‌وه هه‌تا ده‌گاته رۆمانه‌كه، چ قۆناغێك ته‌ی ده‌كه‌یت و چه‌ند ده‌خایه‌نێت؟
-به‌بێ حسابكردنی ئه‌و زه‌مه‌نه‌ی پێش نووسینی یه‌كه‌م رسته بیر له رۆمانه‌كه ده‌كه‌مه‌وه، نزیكه‌ی یه‌ك ساڵ له‌سه‌ر رۆمانێك ئیش ده‌كه‌م. بۆ نموونه بۆ رۆمانی "نوح " پێش ئه‌وه‌ی ده‌ست به نووسین بكه‌م، سێ ساڵ لێكۆڵینه‌وه‌م له‌سه‌ر كرد و له‌سه‌ر پلۆته‌كه‌كه‌ی ئیشم كرد. هه‌ڵبه‌ته نه‌ك به به‌رده‌وامی، به‌ڵكو له‌و ماوانه‌دا كه له نێوان نووسینی باقی كتێبه‌كانمدا هه‌مبوو، ئیشم تێدا ده‌كرد. به‌گشتی بۆ پلۆتی سه‌ره‌تایی شه‌ش مانگم پێویسته و دوای ئه‌وه‌ش به‌لای كه‌مه‌وه سێ مانگ ئیشی له‌سه‌ر ده‌كه‌م.
*ئیشی تۆ پارێزه‌رییه، له روانگه‌ی منه‌وه ئه‌م پیشه‌یه هێنده داهێنه‌رانه نییه. چۆن بوو كه نووسینی رۆمانت ده‌ستپێكرد؟
-من به‌وه رازی نیم، قانوون زۆر داهێنه‌رانه‌یه. له خۆڕا نییه كه زۆر له نووسه‌ران پارێزه‌رن، "جۆن گریشام و فێردیناند فۆن شیراخ" بۆ نموونه به‌سن. پارێزه‌ره‌كان ده‌بێت به وشه قه‌ناعه‌ت به‌وانی تر بكه‌ن. ته‌نیا ده‌بێت ئه‌و زمانه‌ی له كاتی خوێندنی قانوون‌دا فێری ده‌بیت، بیخه‌یته لاوه. من له رێگه‌ی خوێندنه‌وه‌وه فێری نووسین بووم. عاشقی رۆمانی تاوانكاری و هه‌ژێنه‌رم، ته‌نیا ده‌مه‌ویست تاقیبكه‌مه‌وه ئایا منیش ده‌توانم رۆمانێكی هه‌ژێنه‌ر بنووسم.
*ناڕازیبوونه‌كه‌ت په‌سه‌نده جه‌نابی فیتزیك. تۆ قه‌ناعه‌تت پێ‌كردم. پارێزه‌كاره‌كان زۆر داهێنه‌رن. لێكۆڵینه‌وه تا چ راده‌یه‌ك بۆ تۆ گرنگه؟ چۆن لێكۆڵینه‌وه ده‌كه‌یت؟
-لێكۆڵینه‌وه و به دواداچوون گرنگه، چونكه بنه‌مای راسته‌قینه‌ی رۆمانێكی خه‌یاڵی فه‌راهه‌م ده‌كات. به‌ڵام هه‌میشه رێڕه‌وی رۆمان ئه‌وله‌ویه‌ته، هه‌ر بۆیه من هه‌وڵ ده‌ده‌م سه‌ره‌تا تره‌یله‌رێكی هه‌ژێنه‌ر بنووسم و له ورده‌كاریدا نغرۆ نه‌بم. به‌م پێیه من زۆرجار به لێكۆڵینه‌وه‌یه‌كی ناشیرینی سه‌ره‌تایی ده‌ستپێده‌كه‌م، پاشان پلۆتی سه‌ره‌تایی ده‌نووسم و له كۆتاییدا ئه‌وه ده‌ده‌م به شاره‌زایان بۆ ئه‌وه‌ی بیخوێننه‌وه پاشان رووبه‌ڕوو له‌گه‌ڵیان داده‌نیشم. به‌ڵام ره‌وتی ئه‌م ئیشه له رۆمانێكه‌وه بۆ رۆمانێكی تر ده‌گۆڕێت. بۆ رۆمانی (چاوكۆكه‌ره‌وه) ناچار بووم سه‌ره‌تا له‌گه‌ڵ كه‌سانی نابینا و كه‌مبینا دانیشم و له نزیكه‌وه مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵدا بكه‌م. به‌بێ یارمه‌تی ئه‌وان هه‌رگیز نه‌مده‌توانی ژیانی رۆژانه‌ی كه‌سێكی نابینا وه‌سف بكه‌م.
*جیاوازی نییه رۆمانه‌كانت وه‌كو " چاوكۆكه‌ره‌وه" سه‌باره‌ت به بكوژی زنجیره‌یی بێت یان وه‌كو "حه‌سحه‌س" سه‌باره‌ت به "كابوسی خشۆكی ئارام" بێت، رۆمانه‌كانی تۆ هه‌میشه پڕ فرۆشن. ئایا ده‌لیلێكت هه‌یه بۆ زۆر فرۆشتنی كتێبه‌كانت؟
-نه‌خێر، ده‌توانیت له جیاوازی نێوان رۆمانه‌كانی منه‌وه له‌وه تێبگه‌یت. رۆمانی "چاره‌سه‌ر" له‌گه‌ڵ رۆمانی "لووت و گوێ بڕاو" هیچ په‌یوه‌ندییه‌كیان به‌یه‌كه‌وه نییه و رۆمانی "رۆح شكێن" په‌یوه‌ندییه‌كی ئه‌وتۆی له‌گه‌ڵ "ئاموك شپیل" نییه. هه‌روه‌ها رۆمانی "نوح"یش له‌گه‌ڵ رۆمانه‌كانی تر جیاوازه، تا ئه‌و شوێنه‌ی لای ناشرێكی دیكه بڵاوكراوه‌ته‌وه.
*به‌رنامه‌ی رۆژانه‌ی تۆ چییه؟
-خۆشبه‌ختانه من "رۆژی ئاساییم" نییه. جاریوایه سیانزه سه‌عات بێ وه‌ستان ده‌نووسم، جاریوایه رۆژه‌كه له‌گه‌ڵ ئیمه‌یله‌كه‌م و جاریواشه به چاوپێكه‌وتن و دیدار له‌پێناوی لێكۆڵینه‌وه‌كانمدا رۆژه‌كه به‌سه‌ر ده‌به‌م و جاریواشه رۆژه‌كه‌م به سه‌ردانی شوێنێك ده‌كه‌م و باقی رووداوه‌كانی به شتی خۆش پڕده‌بنه‌وه. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ده‌توانرێت هه‌موو چالاكییه‌كانی من به درێژایی رۆژ له رێگه‌ی تویته‌ر و فه‌یسبووك و لاپه‌ڕه‌ی سه‌ره‌كی خۆمه‌وه متابه‌عه بكرێت. من رۆژانه خه‌ڵكانی زۆر جیاواز و سه‌یر ده‌بینم، له‌وانه: په‌یامنێران، شاره‌زایان و به‌رهه‌مهێنه‌رانی فیلم كه ده‌یانه‌وێت سه‌باره‌ت به دروستكردنی فیملمنامه له ده‌قێكی من قسه‌م له‌گه‌ڵ بكه‌ن، هه‌روه‌ها خوێنه‌رانی به‌رهه‌مه‌كانیشم له‌وانه‌ن. به‌داخه‌وه من له رۆژدا ته‌نیا بۆ كه‌سانێك كه‌م كاتم هه‌یه ئه‌وانیش هاوڕێكانمن.
*تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان، فه‌یسبووك و لاپه‌ڕه‌كه‌ی خۆت و له ئینته‌رنێت، ئه‌م هۆكارانه‌ی راكێشانی هه‌وادارانت چه‌نده به‌لاته‌وه گرنگه؟
-من به مانای "هه‌وادار" و "راكێشانی هه‌وادار" په‌یوه‌ندی دروست ناكه‌م. بۆ بوونی په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ خوێنه‌راندا گرنگه، ئه‌م په‌یوه‌ندنییه به‌هه‌مان راده‌ی وه‌ڵامدانه‌وه‌ی راسته‌وخۆی وه‌رگر، له كاتی مۆسیقاژه‌نینی مۆسیقاكارێكدا گرنگه.
*ئایا هه‌تا ئێستا ئه‌زموونێكی كۆمیدیت هه‌یه سه‌باره‌ت به په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ هه‌وادارانتدا؟
-هه‌تا دڵت حه‌زده‌كات هەمە. خوێنه‌رانێك هه‌ن رسته‌ی هه‌ڵبژارده له رۆمانه‌كانی من وه‌كو تاتۆ له‌سه‌ر به‌ده‌نیان ده‌نووسن. له‌م دواییانه‌دا په‌رستارێك له‌سه‌ر ده‌سكێشه‌كه‌ی دێڕێكی منی نووسیبوو بۆم ئیمزاكرد.
*له چ بوارێكدا ناتوانرێت چاوه‌ڕێی نووسینی كتێب له تۆ بكرێت؟
-له رێنمایی چێشتلێناندا.
*رۆمانی "چاره‌سه‌ر" ده‌رباره‌ی مناڵێكه كه له عیاده‌ی دكتۆردا دیارنامێنێت. هه‌موان باسی ئه‌وه ده‌كه‌ن كه مناڵێك هه‌ر له‌وێ نه‌بووه. ئه‌گه‌ر كچه‌كه‌ت له عیاده‌ی دكتۆر ون بوایه كاردانه‌وه‌ت چی ده‌بوو؟
-ژیانی من له‌وێدا ته‌واو ده‌بوو، هه‌تا ئه‌و كاته‌ی ده‌مدۆزییه‌وه، بۆ یه‌ك ده‌قه‌ش ئارامم نه‌ده‌گرت.
*تۆ رۆمانی "لووت و گوێ بڕاو" ت به هاوكاری "میخائیل تسوكوس" دكتۆری دادوه‌ریی نووسی. ئایا ئه‌گه‌ری ئه‌وه هه‌یه رۆمانی تر بخوێنینه‌وه كه به هاوكاری هه‌ردووكتان نووسرابیێت؟
-له‌و لایه‌نه‌وه كه ئێمه ئێستا دوو هاوڕێی زۆر نزیكین، دوور نییه به‌رهه‌می هاوبه‌شمان هه‌بێت. ته‌نیا ده‌بێت بیرۆكه‌یه‌كی تازه بدۆزینه‌وه كه هه‌ردووكمان هێنده‌ی رۆمانی "لووت و گوێ بڕاو" بهێنێته جۆش و خرۆش.
*ئایا نووسه‌رێك هه‌یه سه‌رمه‌شقی تۆ بێت؟
-هه‌تا دڵت حه‌زده‌كات هەمە. من هه‌موو ته‌مه‌نم عاشقی خوێندنه‌وه‌ی به‌رهه‌می تاوانكاری و هه‌ژێنه‌ر بووم. نووسه‌رانی وه‌كو "تۆماس هه‌ریس، ئه‌دگار ئالان پۆ، ستیڤن گینگ، هارلین كوبین، بێرت ستیڤن ئه‌لیس" و زۆری تر كاریان تێ‌كردووم و هه‌تا ئێستاش ئه‌م كاریگه‌رییه به‌رده‌وامه. من حاڵی حازر سه‌رقاڵی خوێندنه‌وه‌ی به‌رهه‌مه‌كانی "ئه‌ندریاس شباخ و مایكڵ روبوتام" و نووسه‌رانی تری ژانری دیكه‌ی وه‌كو "جوجو مویز و تۆم وۆڵف"م.
*ئایا رۆمانی "پیاوی ئارایشكه‌ر- ناونیشانی ئه‌سڵی به ئه‌ڵمانی: گورزه " زیاتر له رۆمانه‌كانی دیكه هه‌ژێنه‌ر و خوێناوییه؟
-پێم وانییه خێراتر و زیاتری خواست ئه‌ركی نووسه‌ر بێت. له رۆمانه‌كانی مندا سیناریۆی جیاجیا هه‌یه كه پڕن له رووی جیاجیای توندوتیژی. له یه‌كه‌م كتێبی مندا ته‌نانه‌ت یه‌ك ته‌رمیش نه‌بوو، به‌پێچه‌وانه‌ی ئه‌وه‌وه له رۆمانی "نوح"دا ژماره‌یه‌كی باوه‌ڕپێنه‌كراو ته‌رم هه‌یه، هه‌رچه‌نده هێنده‌ی رۆمانی "لووت و گوێ بڕاو" كه له‌گه‌ڵ میخائیل تسوكوس نووسیومه، بێڕه‌حمانه نه‌بوو.
*هێڵ و گرێكانی رۆمانه‌كانی تۆ جیاوازه، به‌دڵنیاییه‌وه هه‌موویان ته‌نیا له‌یه‌ك بیرۆكه‌وه سه‌رچاوه‌یان نه‌گرتووه؟
-بیرۆكه‌ی سه‌ره‌تا ته‌نیا یه‌ك جار ده‌توانێت بێته خه‌یاڵه‌وه. زۆرجار مه‌سه‌له‌كه به‌و شێوه‌یه‌یه كه بیرۆكه‌ی سه‌ره‌تا ئه‌سڵه‌ن به‌ته‌واوه‌تی جێبه‌جێ ناكرێت. بۆ نموونه ئه‌و حاڵه‌ته‌ی "گه‌شتیاری 23" باش بوو. زۆر باشه، كه‌سێك كه له كه‌شتییه‌كی رابواردندا دیارنامێنێت و هه‌موان به‌دوایدا ده‌گه‌ڕێن. به‌ڵام ئه‌م بیرۆكه‌یه له‌لایه‌كه‌وه به‌لای منه‌وه زۆر ئاسان بوو، له‌لایه‌كی تریشه‌وه من به‌رهه‌می زۆرم سه‌باره‌ت به خه‌ڵكانی ونبوو نووسیبوو. پاشان ئه‌و لاف و گه‌زافه‌ی كه هه‌ر كه‌سێك ون ده‌بێت ده‌مرێت، ره‌تكرایه‌وه. به‌ڵام ئه‌و ئیدیعایه به‌س نییه. له رۆمانی "پیاوی ئارایشكه‌ر"دا هه‌روایه. بیرۆكه‌كانی دواتر خۆیان هاتن. بۆ نموونه دووه‌م ئه‌زموونی واقیعی من سه‌باره‌ت به به‌ڕێوه‌به‌ره‌كه‌م بوو له هوتێلێك له نیویۆرك. پاش دوش كردن، شووشه‌كان هه‌ڵمیان كرد و له‌وێدا به گه‌وره‌یی نووسرابوو: "یارمه‌تیم بده" پاشان به‌ڕێوه‌به‌ره‌كه‌م ته‌له‌فۆنی بۆ كردم و وتی: "سباستیان، ئێستا ئه‌مه بابه‌تی رۆمانه‌كه‌ی تۆیه، وانییه؟" پاشان زۆر خێرا به‌وه‌مان زانی كه‌سێك گاڵته‌ی كردووه. ئه‌و كه‌سه رێك دوای ته‌سلیم كردنه‌وه‌ی ژووره‌كه‌ی به په‌نجه قه‌ڵه‌وه‌كانی له‌سه‌ر شووشه‌كه ئه‌و ده‌سته‌واژه‌یه‌ی نووسیبوو، بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌وانی تر بترسێنێت. له رۆمانی "پیاوی ئارایشكه‌ر"دا، ئیما له هوتێله‌كه له گه‌رماو دێته ده‌ره‌وه و له‌سه‌ر شووشه‌كه نووسراوه: "پێش ئه‌وه‌ی دره‌نگ بێت، هه‌تا هێزت تیایه راكه"، ئه‌م ده‌سته‌واژه‌یه گورزی رۆحی سه‌رده‌می مناڵی به‌یادی ئیما ده‌هێنێته‌وه. ئیما تكای له باوكی كردووه، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دا كه ده‌چێت بخه‌وێت، رۆحیانه‌ته‌كان له كۆمه‌دییه ده‌ربکات. به‌ڵام باوكی له‌و كاته‌دا له‌به‌ر مه‌وعیدی گرنگی رۆژی دواتری، به شێوازێكی بێ ئه‌ده‌بانه پێی وتوه: " پێش ئه‌وه‌ی دره‌نگ بێت، هه‌تا هێزت تیایه راكه "، سه‌ركوت و سه‌رزه‌نشتی كرد. ئه‌زموونی تاكه‌كه‌سی ده‌بێته رۆمان. بۆ نموونه، من هه‌میشه پێش خه‌وتن رۆحیانه‌ته‌كان له كۆمه‌دی كچه‌كه‌م ده‌كه‌مه ده‌ره‌وه. هه‌ر بۆیه ئه‌و بیرۆكه‌یه‌م بۆ هاتووه.
له‌م رووه‌وه، ئیما هه‌ر له سه‌ره‌تاوه پاڵه‌وانێكی دوودڵ و نادڵنیایه، چونكه له مناڵییه‌وه رووبه‌ڕووی گه‌لێ كێشه بۆته‌وه. به‌م شێوه‌یه ئه‌زموونی هه‌موو شه‌وێكی من سه‌باره‌ت به كۆمه‌دی كچه‌كه‌م و هوتێلێك له نیویۆرك و گورزه‌ی ته‌سلیمكراو به من و هه‌موو ره‌گه‌زه‌كانی تر له رۆمانێكدا پێكه‌وه په‌یوه‌ست ده‌بن. بۆ ده‌سپێكی كار شتێكی زۆرم پێویست نییه، چونكه كاره‌كته‌ره‌كان خۆیان گه‌شه ده‌كه‌ن. من ناوه‌ڕۆكێكی توندوتیژم هه‌یه و سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ش كۆتایی رۆمانه‌كه‌م ده‌زانم. به‌ڵام من پلۆتێكی له سه‌دا سه‌دم نییه بۆ خۆم. حه‌زده‌كه‌م كاره‌كته‌ره‌كانی رۆمانه‌كه‌م سوپرایزم بۆ دروست بكه‌ن. رۆمانه‌كه په‌یوه‌ندیی به نیشاندانه‌وه‌ی توندوتیژییه‌وه نییه. به‌ڕای من پێویست ناكات راشكاوانه وه‌سف بكه‌م. ترس و تۆقاندن له‌وێوه ده‌ستپێده‌كات كه ژنێك له ژووری هوتێلێكدا به ته‌نیا ده‌مێنێته‌وه، له‌وێ له هه‌موو شتێك ده‌كۆڵێته‌وه، ناتوانێت شتێكی گوماناوی بدۆزێته‌وه. پاشان له كاتێكدا هێشتا له‌ناو پێخه‌فه‌كه‌یدا راكشاوه، به‌رپرسی پێشوازی هوتێله‌كه ته‌له‌فۆنی بۆ ده‌كات. ئایا به‌رپرسی پێشوازی ده‌یه‌وێت بزانێت ئایا ئه‌و هێشتا ژووره‌كه‌ی به‌دڵه یان نا، له كاتێكدا ماوه‌یه‌كی زۆره له ژووری ژماره (1904). به‌رپرسی پێشوازی هوتێل داوای لێبووردن ده‌كات. له هوتێله‌كه‌دا ژووری ژماره (1904) هه‌ر وجودی نییه. رێك له‌و كاته‌دا په‌لامار ده‌درێت و پاشان دیمه‌نه‌كه له تاریكی‌دا ون ده‌بێت.
*سه‌باره‌ت به‌و بكوژانه‌ی یه‌ك له دوای یه‌ك خه‌ڵك ده‌كوژن چ شتێك سه‌رنجڕاكێشه؟
-ئێمه هه‌موو رۆژێك له رۆژنامه‌كاندا هه‌واڵی توندوتیژی ده‌خوێنینه‌وه. به‌ڵام جۆره‌ها توندوتیژی هه‌یه كه ئێمه نامانه‌وێت له‌باره‌یانه‌وه هیچ بزانین، بۆ نموونه كاتێك داعش فه‌رمان ده‌رده‌كات دایكان كچه بچووكه‌كانی خۆیان خه‌ته‌نه بكه‌ن یان كاتێك كه به‌كارهێنه‌رێكی ماده‌ی هۆشبه‌ر ته‌قه له مناڵی بچووکی ناو عه‌ره‌بانه ده‌كات، ته‌نیا له‌به‌رئه‌وه‌ی دایكی پاره‌ی ناداتێ یان كاتێك مناڵێكی بچووك له دورگه‌ی مایوركا له ئیسپانیا به‌هۆی په‌مپه‌وه له حه‌وزی مه‌له‌دا ده‌مرێت، نامانه‌وێت ئه‌م هه‌واڵانه بزانین. پێم وایه ئێمه ئه‌م جۆره كتێبانه وه‌كو گێڕه‌ره‌وه‌ی هه‌وره بروسكه به‌كارده‌هێنین. ئێمه له‌م كتێبانه‌دا هه‌واڵی ناخۆش ده‌بیستین، ئه‌و هه‌واڵانه‌ی پێمان باشه ترس تیایاندا له دنیای خه‌یاڵیدا به‌تاڵ بكه‌ینه‌وه.
*ئایا تیرۆریزم به‌لای تۆوه بابه‌تێكی ئه‌ده‌بییه؟
-من زیاتر له توندوتیژی به‌كارهێنراو، حه‌زم له كاریگه‌ریی توندوتیژییه له‌سه‌ر قوربانییه‌كان، كه‌سێك چۆن مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ توندوتیژیدا ده‌كات؟ ئه‌مه هه‌مان شته كه رۆمانه‌كانی من ده‌خاته‌گه‌ڕ، هه‌ربۆیه من به‌ده‌گمه‌ن رۆڵی قوربانییه‌ك ده‌ده‌م به لێكۆڵه‌ره‌وه‌یه‌كی پڕۆفیشناڵ، چونكه ئه‌م كه‌سانه ئاسایی بۆ رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی توندوتیژی خولی راهێنان ده‌بینن. توندوتیژی ده‌مامك له روخسارمان داده‌ماڵێت و ناچارمان ده‌كات به پێچه‌وانه‌ی ترسی سه‌ره‌تاوه ره‌فتار بكه‌ین. به‌ڵام تیرۆریزم و له روانگه‌ی ده‌روونزانی و پزیشكیی ده‌روونییه‌وه بابه‌تێكی ئێجگار سه‌رنجڕاكێشه. ئه‌مه به هیچ جۆرێك ئاراسته‌كردن نییه بۆ ئیشی شێتانه كه ده‌یبینین. به‌ڵام بێگومان ئه‌و پرسیاره‌ش ده‌كرێت كه بۆچی ئه‌ڵمانییه‌ك كه لێره گه‌وره بووه، ده‌چێت بۆ جه‌نگی پیرۆز؟ ده‌بێت كێشه‌یه‌كی ده‌روونی به‌رفراون هه‌بێت. تێگه‌یاندنی ئه‌م مه‌سه‌له‌یه، ئیشێكی زۆر گه‌وره‌یه. نازانم ئایا كاتێ ئه‌م ئیشه ده‌كه‌م و تیرۆریزم بۆ بابه‌تی ئه‌ده‌بی به‌كارده‌هێنم؟ به‌ڵام دره‌نگ یان زوو له‌وانه‌یه ببێته ئه‌و بابه‌ته‌ی من حه‌زی لێده‌كه‌م. ئێمه‌ش له رێگه‌ی جه‌نگاوه‌رانی پیرۆزه‌وه، كه هه‌موویان مناڵی كۆچه‌ر نین، ترس و تۆقاندن و تیرۆر هه‌نارده ده‌كه‌ین.
سه‌رچاوه: ketabnews.com