ترێند کۆنترۆڵی ژیانمانی کردووە؟

10:23 - 2023-01-22
هەمەرەنگ
554 جار خوێندراوەتەوە

ئا: دڵان سامان

وشەی «ترێند» لە رۆژگاری ئەمڕۆدا لە نێو بەکارهێنەرانی ئینتەرنێتدا لەسەر پێگە کۆمەڵایەتییەکانی سۆشیاڵ میدیا باوە وەکو فەیسبووک و ئینستاگرام و تویتەر و یوتیوب و تیک تۆک..هتد و ترێند لە سۆشیال میدیادا بە مانای شتێک دێت بەربڵاو بێت یان مۆدەی بێت، ترێند دروست دەبێت کاتێک لەلایەن کەسێکی بەناوبانگ لەسەر سۆشیال میدیا یان کەسێکی بەناوبانگ لە کۆمەڵگەدا تەنانەت هەندێکجار لەلایەن کەسێکی ئاساییەوە وشەیەک یان وێنە و ڤیدیۆیەک لە یەکێک لەو پێگانە بڵاودەکرێتەوە و نیشانەی هاشتاگێکی دەخرێتەسەر، دەبینرێت لەپڕ بە هەزاران یان تەنانەت ملیۆنان کەس دووبارەی دەکەنەوە و لەو حاڵەتەدا دەوترێت فڵانە رستە یان وشە، رەفتار، جلوبەرگ و ڤیدیۆ و وێنە..هتد بووەتە ترێند، دەکرێت ئەو ترێندە هەفتەیەک بەردەوام بێت و دەکرێت چەند هەفتەیەک یان تا مانگێک درێژە بکێشێت، بەڵام دواجار وەکو هەر بابەتێکی دیکەی سەر سۆشیال میدیا لە بیر دەکرێت کاتێک بابەت یان ترێندێکی نوێ پەیدا دەبێت و جێی دەگرێتەوە.

سوود یان زیانیان هەیە؟
*دەکرێت ترێندەکان زیانیان هەبێت و ئەوانەی ئەو هاشتاگ و ترێندە دووبارە دەکەنەوە یان هەوڵی دووبارەکردنەوەی دەدەن مەترسیدار بێت و زیانی مادی و گیانی هەبێت بۆیان وەکو ترێندەکەی چەند ساڵێک لەمەوبەر کاتێک لەسەر گۆرانییەکی گۆرانیبێژی ئەمریکی کانی وێست کەسەکە ڤیدیۆی خۆی دەگرت لە ئۆتۆمبێلەکەی دادەبەزێت و گۆرانییەکە دەڵێتەوە و سەمای لەگەڵ دەکات و ئۆتۆمبێلەکەی بێ شۆفێر دەڕوات، بەهۆی ئەو ترێندەوە چەندین کەس لە دنیادا تووشی زیانی گیانی و مادی بوون، بۆیە دەکرێت ترێندەکان ببنە هۆی گیان لەدەستانی کەسەکان بە تایبەت ئەو هەرزەکارانەی ترێند و هاشتاگی مەترسیدار رادەگەیەنن و بەو هۆیەوە چەندین منداڵ و هەرزەکاری دیکە بریندار دەبن یان گیان لەدەستدەدەن.
*کێشەی ترێندە مەترسیدارەکان ئەوەیە تەنیا لەسەر هەمان ئەو پێگانە دەتوانرێت هۆشداری بدرێت لەبارەی مەترسی دووبارەکردنەوەیان یان لابردنی هاشتاگەکە لەلایەن کۆمپانیای ئەو پێگە کۆمەڵایەتییەوە دەنا زەحمەتە دروستکەر و بڵاوکەرەوەی ئەو ترێندە بدۆزرێتەوە و سزا بدرێت.
*لە رووی کۆمەڵایەتییەوە هەندێکجار زیانی هەیە، چونکە ئێستا کەسانێک هەن ئالوودەی ترێندەکان بوون و بەردەوام چاودێری سۆشیال میدیا دەکەن چ هاشتاگ و ترێندێک بەناوبانگە بۆئەوەی دووبارەی بکەنەوە و ناتوانن بەبێ ئەو ترێندانە بژین، بەشێوەیەک ژیانیان هەمووی لە دەوری ترێندەکان دەسووڕێتەوە.
*هەندێکجار ترێند و هاشتاگەکان سوودیان هەیە کاتێک بۆ بابەتی خێرخوازی و هۆشیارکردنەوەی ژنان و گەنجان و کۆمەڵگە بەگشتی بەکاردەهێنرێت بۆ نموونە هاشتاگێک لەبارەی کۆکردنەوەی یارمەتییەوە بۆ قوربانیانی کارەساتێکی سروشتی یان جەنگ رادەگەینرێت یاخود بۆ پاڵپشتی و جوڵاندنی رای گشتی دەکرێت لەبارەی تاوانێک یان مەسەلەیەکەوە و دەبینین بە ملیۆنان لەو هاشتاگە دووبارە دەکرێتەوە و بەهۆیەوە دەسەڵاتدارانی وڵاتێک ناچار دەکرێن کاری جدی و رێوشوێنی یاسایی بۆ چارەسەرکردنی کێشەکە یان سزادانی تاوانباران بگرنە بەر.
دواجار لەبەرئەوەی سۆشیال میدیا دەکەوێتە دەستی هەموو کەسێک، بۆیە ترێندەکان چەکێکی دوو لایەنەیە و دەکرێت زۆر بەخراپی بەکاربهێنرێت و زیان بە کۆمەڵگە بگەیەنێت، لە هەمانکاتدا دەکرێت بۆ دروستکردنی رای گشتی و بابەتی بەسوود بۆ کۆمەڵگە سوودی لێ ببینرێت. 
سەرچاوە: arageek.com

#کەشتیی نـــوح

بابەتە پەیوەندیدارەکان