پزیشكە میدیاكارەكەی كەناڵی ئاسمانی گەلی كوردستان بۆ کوردستانی نوێ :

پەنا مەبەنە بەر سەرچاوەی زانیاریی تەندروستیی باوەڕپێنەکراو

11:23 - 2024-11-05
دیدار
178 جار خوێندراوەتەوە

د. تەرزە عەلی عەبدولڕەحمان لە گەڕەكی رزگای لە سلێمانی لەدایكبووە و قۆناغی سەرەتایی لە خوێندنگەی ئاسوودە و ناوەندی و دواناوەندیی لە ناوەندیی رزگاری كچان تەواوكردووە. دواتر چووەتە كۆلێژی پزیشكی لەساڵی(1999-2000) ، لە زانكۆی سلێمانی ساڵی 2005 كۆلێژی پزیشكی تەواو كردووە و دەستی كردووە بە پیشەی پزیشكی و دواتر دكتۆرای لە بەخشی نەخۆشییەكانی منداڵانی هەڵبژاردووە و هەنووكە جگە لە پیشەی پزیشكی وەك پێشكەشكارێك بەرنامەی (تەندروستی) لە كەناڵی ئاسمانی گەلی كوردستان پێشكەش دەكات. 
د. تەرزە عەلی بە دوالاپەڕەی وت: بۆیە پێشكەشكاریم هەڵبژارد، دەمەوێت لەو رێگەیەوە ئەو زانیارییە پزیشكییانەی هەمە بە خەڵكی بگەیەنم و ئاستی هۆشیاریی تەندروستی خەڵك زیاتر بەرزبكەمەوە، پێشكەشكاریی ئەزموونێكی نوێیە بۆمن و زۆر دڵخۆشم بەوهیوایەی بەردەوام بم و بتوانم زیاتر تواناكانم لەم بوارەدا بەرەوپێشەوە ببەم، بێجگە لە كاری راگەیاندن، لەكاری پزیشكی خۆم بەردەوامم. وەك مامۆستا لە كۆلێژی پزیشكی وانەی پراكتیكی لە نەخۆشییەكانی منداڵان بە قۆناغی شەشەمی كۆلێژی پزیشكی دەڵێمەوە، من كە چارەسەری نەخۆشییەكانی منداڵان دەكەم، هەرگیز وەك پزیشكێك لەگەڵ منداڵانی نەخۆش مامەڵەناكەم، من هەموو نەخۆشێكی منداڵ، بە منداڵی خۆم دەزانم و هەر بەو چاوەو بەو هەستەوە چارەسەریان دەكەم، زۆر دڵخۆشم بە كارەكەم و بە بیرم نایەت رۆژێك هەستم بە ماندووێتی، یان بێزاریی كردبێت لە كارەكەمدا .
د. تەرزە عەلی سەبارەت بە بەرنامە تەندروستییەكەی لە كەناڵی ئاسمانی گەلی كوردستان وتیشی: وەك پزیشكێكی منداڵان هەوڵ دەدەم بەشێكی بەرنامەكانم لە كەناڵی گەلی كوردستان تایبەت بێت بە پەروەردەكردنی منداڵان و چۆنێتی هەڵسوكەوت لەگەڵ قۆناغە جیاوازەكانی تەمەنی منداڵ و تەندروستی منداڵ بێت، بەشێكی تری بەرنامەكانیشم تایبەتن بە تەندروستی دایكان و باوكان.
لە كۆتاییدا داوای لە هاووڵاتیان كرد پەنا نەبەنە بەر ئەو سایت و پەیجانەی كە سەرچاوەیەكی تەندروستی باوەڕپێكراویان نییە بۆ وەرگرتنی زانیاریی، خۆشبەختانە ئێستا زۆرێك لە كەناڵ و تەلەفزیۆنەكان بەرنامەی تایبەت بە تەندروستییان هەیە، داواكارم بینەری ئەو بەرنامانە بن و پەنا نەبەنە بەر سەرچاوەی ناڕاست، من وەك پزیشكێك رۆژانە ئەو دیاردەیە دەبینم كە دایك زانیاریی ناڕاستی پێ دەگات، لێی دەپرسم لە كوێ ئەمەت بیستووە دەڵێ لە فڵانە پەیج، ئەمەش هەڵەیە.

ئالان محەمەد جەزا

#دیدار #هەمەڕەنگ

بابەتە پەیوەندیدارەکان