حەمید ئەبوبەکر بەدرخان ٭
سیانزدە ساڵ پێش ئێستا رەوانشاد مام حەمید رەشاشم ناسی، کاتێک لەگەڵ بەڕێزان کەمال محێدین و عەریف سلێمان و عوسمان زێنەدین هاتنە نووسینگەی ئەکادیمیای بەدرخان بۆ توێژینەوەی رۆژنامەوانی و کەلتور لە شاری هەولێر، پاش یەکترناسین مام حەمید رەشاش وتی: (چما ئەتو کوڕی حاجی بەکری گەراری، کە دەکاتە برازای حاجی عوسمان گەراری کە بە برا گەورەی گەرارییەکانی هەولێرێ ناسراوە، واتە تۆ کوڕی پوری مامۆستا عەبدوڵڵا ئیسماعیلی کە ناسراوە بە مەلا ماتۆر، هەڵیدایێ و دیسان گوتی: دیارە تۆ هەمان ناوی منت لێیە، دڵیشم خۆشە کە خزمی مەلا ماتۆڕی، چونکە من زیاتر لە بیست ساڵ لەگەڵ مامۆستا لە بەغدا لەگەڵیدا ژیاوم. زۆریش دڵگەشم کە خزمانی گەراری رۆڵەیەکی وەکو تۆی پەروەردە کردووە، کە زۆر چاپوک و چالاکی لە کاری نووسین و رۆژنامەوانیی)
منیش سوپاسم کرد و بەخێرم هێنان و پێم وتن ، خۆم و رۆژنامەی بەدرخان لە خزمەتداندان هەرچیتان ویست و پێویست بوو ئێرە هی خۆتانە هی من نییە ، هەموویان وتیان بابەت بڵاودەکەینەوە و چەندین زانیاری و بەسەرهاتمان بەسەردا هاتووە و دەتوانین لێرەدا بڵاویان بکەینەوە، چونکە نەوەیەک پەروەردەبووە، ئاگای لەو سەربووردانە نییە .
منیش گفتم بە هەمووان دا و لەو رۆژەوە تا ساڵی 2017 رۆژنامەی بەدرخان ببووە مینبەری (حەسەن مستەفا و کەمال محێدین و عەریف سلێمان و عوسمان زێنەدین و یەدوڵڵا فەیلی و حەمید رەشاش و ئەوانی دیکە).
لەو چەند ساڵە سەدان بابەتیان نووسیی و چەندین دیداریان لەگەڵ کرا و چەندین رووداو و بەسەرهات و ژیانی ئەوکاتی پێشمەرگایەتییان لە رۆژنامەی بەدرخان بڵاوکردەوە.
مام حەمید رەشاش (1931-2022) کە دەکاتە 91 ساڵ ژیا، بەڵام چ ژیانێک، هەمیشە ژیانی ئەو پڕاوپڕبووە لە هەڵوێست و کۆڵنەدان و پێشمەرگایەتی و لەهەمانکاتیشدا رۆڵبینین بوو لە ئاشتەوایی کۆمەڵایەتیی.
بۆ کەس ئەوەندە بەکوڵ نەگریاوم
مام حەمید رەشاش پیاوێکی قسە خۆش و کوردیزانێکی وریا و کەلتور دۆستێکی بێ وێنەبوو، رێکپۆش و پاک و خاوێنبوو. هەردەم بەتەنگ بیروباوەڕە نەگۆڕەکەی بوو، ئەویش یەکێتیی نیشمانیی کوردستانە. ئەو زۆر سەرسامبوو بە کەسێتیی کارێزمایی سەرۆک مام جەلال، چونکە ئەو دەیوت: «سەرۆک مام جەلال سونبولی بەرخوردان و خەباتی نەپساوەی کوردایەتییە».
بە ژیانئاوایی سەرۆک مام جەلال زۆر تێکچووبوو، ئەوەندە بە کوڵ دەگریا بۆ مام جەلال دەیگوت لە ژیانم بۆ کەس ئاواو ئەوەندە بە کوڵ نەگریاوم . چونکە من دەزانم کورد چ سەرکردەیەکی سیاسی و بلیمەتی لە کیسچوو.
مام حەمید مرۆڤێکی زۆر سادە و بێوەی بوو، گەلێکیش زرینگبوو لێهاتووبوو لە گێڕانەوەی رووداوەکانی شۆڕش زۆر ورد بوو ، ئەوەندە دڵێکی پاک و سپی هەبوو، لە زاناو دانا و لێزانێک دەچوو کە وەکو ئەوە وابوو، دەرچووی زانکۆ و پڕۆفیسۆرە لە ڕشتەی گێڕانەوە ... لە زمان و ئەدەبی فۆلکلۆر و کەلتوری کوردییش بێ هاوتابوو.
وشەزان و وشەناس بوو
نووسەر و لێکۆڵیاری بواری وشەسازی و فەرهەنگنووسیی عەبدولوەهاب شێخانی کە باسی مام حەمید ڕەشاش دەکات ئاوا پێناسەی دەکات ( وشەزان و وشە ناس بوو هەتا بڵێی شەیدای وێنە و وێنە گرتن بوو. بە سەدان وێنەی هاوڕێ و هاوخەباتی لەلا بوو ، هەردەم کامێرا بچووکەکەی لە باخەڵی بوو ، زۆر بە وردی شارەزای چیا و دۆڵ و گوند و لووتکە و پێدەشتی کوردستان بوو.
کەسێکی ناوازە بوو لە سیاسەت زۆر شارەزابوو. خۆی خۆی فێری خوێندەواری کردبوو. کە دەتدواند دەریایەک بوو لە باسی چیرۆک و پەند و ئیدیۆم . کڕ و بێ دەنگ بوو.زۆر برادەربووین هەموو جار دەیوت بەس تۆ دەتوانی من بکەیەوە و قسانم پێبکەیت، بە پرسیارەکانت سەدان وشەم بیر دێنییەوە .
چوار کتێب بارتەقای چل کتێب
پازدە ساڵی رێک بەیەکەوە بووین بە دەیان بەرنامەی (tv)مان لەسەر زمانی کوردی تۆمار کرد ، کەم کەس وەک مام حەمید شارەزا بوو لە زمانی کوردیی.! دەچووە بنج و بناوانیی وشە . لە کتێبی هەگبەی وشە رەسەنەکان گوتم سەرچاوەکان نەنووسین؟ هێمای بۆ سەری خۆی کرد و وتی : سەرچاوەی نووسینی من مێشکمە وتی : بۆ نازانی شێخانی هەردەم لە یادمە و ناتوانم لە بیری بکەم؟
چوار کتێبی هەیە بار تەقای چل کتێبە. تۆ لە یادمی ناتوانم لە یادت کەم هەزار جار یادت بەخێر هاوڕێی ئازیز و خۆشەویستم مام حەمید رەشاش.
منیش بەمجۆرە باسم کردووە
«مخابن ، ئەمڕۆ هەینی 21/01/2022 لە شاری هەولێر پیاوە جوانەکەی کوردستان و شۆڕەسواری کوردایەتیی و مەردایەتیی و زمانزان و فۆلکلۆریست و نووسەر ( حەمید رەشاش ) ژیانئاوایی لە بنەماڵە و دۆست و کۆمەڵگای کوردەواریی کرد، هەرچەندە ئەو خۆی خۆی فێرە خوێندن و نووسین کردبوو، بەڵام هەمیشە لەدیدارەکانیدا دەیوت: هەفتەنامەی بەدرخان یەکەمین بڵاوکراوەبوو کە دەستیگرت بۆ نووسین و دیداری لەگەڵ کردو بڵاوی دەکردەوە و پێش چەند رۆژێک قسەمانکرد کە بە نیازە بابەتەکانی هەفتەنامەی بەدرخان لەگەڵ رۆژنامەنووس ستار محەمەد ئەمین بکاتە کتێب و بڵاویانبکاتەوە.
مام حەمید ئەوەندە وریا و بیرتیژبوو، هیچ یادەوەرییەکی بیرنەدەچوو، وەکو خۆی دەیگێڕایەوە.
ئەسەف مردن رێگای نەدا کتێبی بیرەوەرییەکانی کە خەریکە چاپبکرێت بیبینێت.
ماڵئاوا مام حەمید تۆ بۆ کوردایەتی ژیایت و وانەیەکی جوانیشت فێری کۆمەڵگای کوردەواریی و بەتایبەتیی گەنجان و لاوانکرد. تۆ بۆ کۆچی دوایی کارێزمای کورد سەرۆک مام جەلال وتت: ماڵئاوا سەرۆکەکەم، ماڵئاوا مام جەلال، ئێمەش دەستەونەزەر لە بەرامبەر ژیانئاوایی تۆدا دەڵێین: (گەورەم تۆ هەمیشە نەمری و بەنەمریش باست دەکەین و هەر بەنەمریش دەمینێیەتەوە لە نێو کۆمەڵگای کوردەواری و هەموو شۆڕشگێڕانی دونیا، ئەوانەی داکۆکییان لە کێشەی رەوای گەلەکەیان کردووە).
گەنجینە دەوڵەمەندەکەی کەلەپوور
هەر سەبارەت بەمام حەمید رەشاش نووسەر و کەلەپوورناس محەمەد مەردان دەڵێت: «گەنجینە دەوڵەمەندەكەی كەلەپوور بەجێی هێشتین. مام حەمید تێكۆشەر و فۆلكلۆریست، كەسایەتییە كۆمەڵایەتییەكەی شاری هەولێری قەڵاو منارە و خۆشەویستی هەموومان.
هەر دەربارەی ئەو کەڵەپیاوە ئەحمەد حسێن ، سەرنووسەری پێشووی گۆڤاری سلێمانی سەبارەت بە حەمید رەشاش دەنووسێ: حەمید رەشاش هەیبەتێک لە بەرگی پێشمەرگایەتی و تێکۆشاندا، ئەگەر زاراوەی ماندونەناس وەک واتا کۆمەڵایەتییەکەی وەربگرین، دیارە کە مام حەمید رەشاش ئەو واتا پڕ لە شانازییەی بە زیادەوە بۆخزمەتی نیشتمان و خاک نەتەوەی بەڕەوا پێدەبینرێت.
هەروەها ئازاد عەبدولواحید، نووسەر و لێکۆڵیار و سەرنووسەری گۆڤاری رامان بۆ مام حەمید رەشاش لە کاتی ژیانئاوایی بەم جۆرە لێی دەدوێت: بەداخەوە کۆچی دوایی مام حەمید رەشاش زەرەرێکی گەورە بوو لە زمان و فەرهەنگ و کەلەپووری کوردستان بە گشتی و هەولێر بە تایبەتی کەوت . ئەو کەسێک بوو زۆر لە وشە و واژە و دەربڕین و دەستەواژە و پەند و ئیدیۆم و فۆلکلۆری ئەو ناوچەیە شارەزا بوو ، بە تایبەتی ئەوەی پێوەندی بە هەولێر و دەوروبەرییەوە هەبوو ، دەتوانم بڵێم بە مەرگی هەر یەکە لە : کەریم محەمەد شەریف و عومەر شێخەڵڵا دەشتەکی و جەلال مەلا حەسەن خۆشناو و حەمید رەشاش ئیدی فولکلۆر و کەلەپووری کوردی دەشتی هەولێر هەتیو کەوت.
مام حەمید رەشاش کە خاوەنی چوار کتێبە بە ناوەکانی : پەندی کوردی، ژیانی کوردەواری ، هەگبەی زاراوە رەسەنەکان و هەوارگەی وشە و کەلەپووری کوردەواری ، کە نووسین و کۆکردنەوە و ئامادەکردنی ئەم کتێبانە بۆ کتێبخانەی کوردی گرنگ و پێویست بوون.
مام حەمید رەشاش لە 16/9/1961 کاتێک سەرباز بووە ، رەشاشێک دەبات و پەیوەندیی دەکات بە شۆڕشی ئەیلوولەوە، هەر بەو هۆیەوە لەناو شۆڕشدا نازناوی (رەشاش)ی بەسەردا بڕاوە.
من کە ئێستا خەریکی چاپکردنی کتێبێکم سەبارەت بە (عەبدولواحید حەمە سدیق)ی باوکم کە وەک پارتییەک لە ساڵی 1961دا بەرپرسی هێڵێکی فراوان و گەورەی سەربازی بووە لە ناو سوپای عیراق و لەگەڵ شەمسەددین موفتی و مەلا عەوڵا کە بە مەلا ماتۆڕ ناسراوە کاری کردووە، بەو دوادواییە کە خەریکی کۆکردنەوەی زانیاری زیاتر بووم ناوی (مام حەمید رەشاش )یان هێنا کە لەو بارەیەوە زانیاری زۆری لەبارەی باوکم و رێکخستنەکانی سەربازی ئەو سەردەمەوە هەیە، بەداخەوە من درەنگ بەوەم زانی ، کاتێ ئەو پێشنیارەیان بۆ کردم ، کار لەکار ترازا بوو، چونکە لەبەر نەخۆشییەکەی نەمدەتوانی سوود لە زانیارییەکانی وەربگرم)).
دوا هەفتەی بەرلە ماڵئاوایی چی وت؟
مام حەمید رەشاش بە هەفتەیەک پێش ماڵئاواییکردنی تێلی بۆ کردم و وتی: ناوەکەی خۆم چۆنی باشی، منیش زۆر دڵخۆشبووم بەبیستنی دەنگی مام حەمید رەشاش، منیش وتم ئەمرکە مام حەمید، ئەویش وتی، خەریکی کۆکردنەوەی بەرهەمەکانمم، کاک ستار محەمەد ئەمین خوازیارە چاپی بکات بە کتێبێک (لەگەڵ ئەم وتارە ئەو دەستخەتەی خۆی بڵاو دەکەمەوە).
مام حەمید رەشاش پیاوێکی سەنگین و دنیا دیدەبوو، ئەوەندە هێمن و لەسەرەخۆ مامەڵەی دەکرد بەهیچ شێوەیەک تووڕە نەدەبوو، کاتێکیش لە مەکتەبی کۆمەڵایەتی لقی هەولێر دەوامی رۆژانەی دەکرد، لەگەڵ رەوانشادی هاوڕێی تەمەنی مەلا محەمەدی بەحرکەیی، بەشاهێدی هەمووان یەکێکبوو لە کەسە بەڕێزەکان و خۆشەویستی هەمووانیش بوو .
مام حەمید دەیوت، من گۆشکراوی قوتابخانەی بیروباوەڕی کوردایەتییم، هەمیشە بۆ کوردایەتیی گیانم بەختکردووە و زۆر جاریش دەیوت: حەمید بەدرخان بنۆڕێ و بزانە و سەیربکە، جەماعەتی ئێمە، ئەوانەی هەمەدان و کەسانی دیکەش، بەتایبەتی هاوتەمەنی ئێمە هیچ کەس بۆ بەرژەوەندیی و پلە و پارە سەنگەری کوردایەتییان نەگۆڕیوە و ناگۆڕن، منیش وتم حاڵی نابم مەبەستت چییە مام حەمید؟
هەڵیدایێ و وتی: تۆ سەیربکە هەرچی لەدڵەوە بۆ کوردایەتی تێکۆشاوە کەسیان نەبوونەتە حزبی دیکە و سەنگەریان نەگۆڕیوە هەردەم بۆ کوردایەتی خەبات دەکەن، منیش وتم مەبەستت جیلی ئێوەیە؟ ئەویش لەوەڵامدا وتی: بەڵێ ئێمەی جەلالی کە بە شادەماری شۆڕشی نوێ دەژمێردرێت، چونکە چووینە هەمەدان و لەسەر بیروباوەڕی خۆمان ماینەوە تا ئێستاشی لەگەڵدابێت، بۆیە ئەوانەی ئێستا سەنگەریان گۆڕیوە بۆ کوردایەتیی نییە، بەڵکو بۆ بەرژەوەندیی و پارەیە!
لەیادی یەک ساڵەی ژیانئاواییتاندا بەڵێن دەدەین رێبازی پیرۆزی کوردایەتییت بۆ نەوەکان و لاوانی کوردستان دەگێڕینەوە و بەڵێنێکی کەلتوریشت پێدەدەین کە سەرجەم کارەکانت دووبارە چاپبکرێتەوە و هەمیشە یاد و یادەوەری کۆڕی ئازیزانت بەزیندوویی بکەینەوە.