سەرۆكی پەرلەمان: هەموان كۆكن لەسەر ئەوەی لەمساڵدا هەڵبژاردن بكرێت

09:29 - 2023-01-25
کوردستان
691 جار خوێندراوەتەوە

«دەبێت رێكارە یاسایی و تەكنیكی و كارگێڕییەكان بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن پێش تەواوبوونی ئەو ماوەیەی درێژكراوەتەوە، تەواوبكرێت. نەتەوەیەكگرتووەكانیش رۆڵ بگێڕن و هاوكاری پەرلەمان بن»

دوێنێ، د.رێواز فایەق سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان، پێشوازیی لە رۆزماری دیكارلۆ جێگری سكرتێری گشتیی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ كاروباری سیاسی و بنیاتنانی ئاشتی، كرد.
لە دیدارێكدا، كە خاتوو جێنین پلاسخارت نێردەی تایبەتی نەتەوە یەكگرتووەكان لە عیراق و وەفدێكی باڵا یاوەرییان دەكرد، دوایین پێشهاتە سیاسییەكان، پرسی هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی كوردستان، كاراكردنەوەی كۆمسیۆن و هەمواركردنەوەی یاسای هەڵبژاردن، گفتوگۆیان لەبارەوە كرا. لەوبارەیەوە، سەرۆكی پەرلەمان تیشكی خستەسەر دواكۆبوونەوەی دەستەی سەرۆكایەتیی پەرلەمان لەگەڵ سەرۆك فراكسیۆنەكانی پەرلەمانی كوردستان سەبارەت بە پرسی هەمواركردنەوەی یاسای هەڵبژاردنەكان و كاراكردنەوەی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان «ئێستا لێكنزیكبوونەوە لەنێوان لایەنە سیاسییەكاندا هەیە و هەموان كۆكن لەسەر ئەوەی كە دەبێت لەمساڵدا هەڵبژاردن بكرێت».
راشیگەیاند: بەپێی یاساكە، دەبێت رێكارە یاسایی و تەكنیكی و كارگێڕییەكان بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن پێش تەواوبوونی ئەو ماوەیەی درێژكراوەتەوە، تەواوبكرێت. داواشیكرد «نەتەوەیەكگرتووەكان رۆڵ بگێڕن و هاوكاری پەرلەمان بن بۆ نزیككردنەوەی روانگە و دیدی جیاوازی لایەنە سیاسییەكان».
تەوەرێكی دیكەی دیدارەكە، گفتوگۆكردن بوو لەبارودۆخی ئێزدییەكان، بەتایبەتی پرسی گەڕانەوەیان بۆ زێدی خۆیان و دۆخی كچان و ژنان و ئەوانەی چارەنووسیان نادیارە.
لای خۆیەوە، خاتوو رۆزماری، پشتیوانیی بۆ هەنگاوەكانی پەرلەمانی كوردستان دەربڕی بەتایبەتی لە هاوئاهەنگی و نزیككردنەوەی لایەنەكان و گەیشتن بە رێككەوتن.

#سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان

بابەتە پەیوەندیدارەکان