شه‌مێران عه‌لی
حه‌بیب عه‌بدولڕه‌ب سرووری، نووسه‌ری ناسراوی یه‌مه‌نی، دانیشتووی فه‌ره‌نسا، یه‌كێكه له نووسه‌ره ناوداره‌كانی ئه‌ده‌بی عه‌ره‌بی. چه‌ندین رۆمانی نووسیوه. یه‌كێك له رۆمانه‌كانی ئه‌م به‌رهه‌مه‌یه به‌ناونیشانی راپۆرتی په‌پووسلێمانكه، ئه‌م رۆمانه نووسه‌ر و وه‌رگێڕ جه‌لیل كاكه‌وه‌یس له عه‌ره‌بییه‌وه وه‌ریگێڕاوه بۆ كوردی و له بڵاوكراوه‌كانی ده‌زگای چاپ و په‌خشی سه‌رده‌مه. له دووتوێی 527 لاپه‌ڕه‌دا چاپ بووه.
ناوه‌ڕۆكی رۆمانه‌كه
ناوه‌ڕۆكی ئه‌م رۆمانه له‌سه‌ر بناغه‌ی كتێبی"رساله الغفران"ی شاعیر و فه‌یله‌سووف "ئه‌بولعه‌لای مه‌عه‌ڕی" داڕێژراوه. نووسه‌ر له‌سه‌ر ئه‌ساسی ئه‌و كتێبه و به سوودوه‌رگرتن له فیكری ئه‌و بیرمه‌نده ناسراوه رۆمانه‌كه‌ی داڕشتووه، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا خه‌یاڵی نووسه‌ر رۆمانێكی لێ به‌رهه‌م هاتووه سیخناخ به رووداو و خه‌یاڵ و په‌یبردن به رووداوه‌كانی جیهان و سته‌مكاری داگیركه‌ران و گه‌ردوونناسی و فیزیا و... ئه‌بولعه‌لا بیانوویه‌كه بۆ نووسه‌ر له‌و رێگه‌یه‌وه چیرۆكێكی دیكه ده‌گێڕێته‌وه، دیوێكی دیكه‌ی ئه‌و كه‌سایه‌تییه و چیرۆكی دروست بوونی دنیا. راسته نووسه‌ر ژیاننامه‌ی مه‌عه‌ڕی ده‌گێڕێته‌وه، ئه‌مما به‌و شێوه‌یه‌ی خۆی نا و تێكه‌ڵی رووداوی خه‌یاڵی كردووه و كۆمه‌ڵێك بیرمه‌ندی جیهانی له ته‌ك ئه‌بولعه‌لای مه‌عه‌ڕیدا داناوه له قاوه‌خانه‌یه‌كی خه‌یاڵی له‌سه‌ر هه‌ساره‌یه‌ك، ئه‌مه‌ش وای كردووه كه‌شی رۆمانه‌كه بچێته دنیایه‌كی خه‌یاڵییه‌وه، به‌جۆرێك خوێنه‌ر ده‌بێ له‌سه‌رخۆ و به ئارامی بیخوێنێته‌وه و له وێزه‌ی ئه‌و خه‌یاڵه فراوانه بێت كه نووسه‌ر به‌كاری هێناوه و رۆمانه‌كه‌ی له‌سه‌ر بنیادناوه. خه‌یاڵ به جۆرێكه جارێك له دۆزه‌خه و جارێك له به‌هه‌شته، له‌پڕ له پاریسه...
شوێن له‌م رۆمانه‌دا، قاوه‌خانه‌ی هه‌ساره‌كه‌یه. ئه‌گه‌رچی چه‌ند شوێنێك هه‌یه، رۆمانه‌كه و گێڕانه‌وه به‌گه‌لێك شوێندا گوزه‌ر ده‌كات. ئه‌مما قاوه‌خانه‌ی هه‌ساره‌كه كه ماركس و فرۆید و داروین و پیكاسۆ و... لێ كۆبووه‌ته‌وه سه‌نته‌ری شوێنه له رۆمانه‌كه‌دا. به‌ڵام شوێنی دیكه‌ی وه‌كو شاره‌كانی جیهان، نیۆرك و پاریس و... تا ده‌گات به دۆزه‌خ و به‌هه‌شت و هه‌ساره‌كانی گه‌ردوون له رۆمانه‌كه‌دا هه‌ن. نووسه‌ر له‌م شوێنه خه‌یاڵییه‌دا چه‌ند كه‌سایه‌تییه‌كی بیرمه‌ندی كۆكردۆته‌وه، كه هه‌ریه‌كه‌یان له سه‌رده‌مێكدا ژیاون، مه‌گه‌ر خه‌یاڵ له قاوه‌خانه‌یه‌كدا جێگایان بكاته‌وه. ئه‌وانه‌ش داروین و فرۆید و ماركس و نیتشه و ئه‌بولعه‌لا و پیكاسۆ... ئه‌مانه هه‌ریه‌كه بیرمه‌ندی سه‌رده‌مێكن كه‌م و زۆر له‌یه‌كه‌وه دوورن. زه‌مه‌نی حه‌قیقی ئه‌مانه چون یه‌ك نییه و نووسه‌ر له‌و قاوه‌خانه خه‌یاڵییه‌دا كۆی كردوونه‌ته‌وه. هاوكات له پاڵ ئه‌مانه‌دا باسی گه‌لێك له نووسه‌ر و رۆشنفكر و هونه‌رمه‌ندی جیهانی ده‌كات و باس له فیكر و فه‌لسه‌فه‌یان ده‌كات. باس له فیزیا ده‌كات. ئه‌مانه كاره‌كته‌ری ئه‌م رۆمانه‌ن كه زه‌مه‌نی گێڕانه‌وه‌ی رۆمانه‌كه ساڵانی 2008 و 2009 و 2010 یه. ئه‌مما زه‌مه‌نی ناو رۆمانه‌كه یاریكردنه له نێوان سه‌ده كۆنه‌كان تاوه‌كو ساتی گێڕانه‌وه. له‌سه‌رده‌می ئه‌بولعه‌لاوه بۆ سه‌رده‌می نیچه و ماركس و داروین و... له‌پاڵ چیرۆكی ئه‌و كه‌سایه‌تییانه‌دا باس له كتێب و بیر و فه‌لسه‌فه‌ی ئه‌وانه‌ش ده‌كات. به‌ڵام كاره‌كته‌ری سه‌ره‌كی رۆمانه‌كه ئه‌بولعه‌لای مه‌عه‌ڕی و هند و نووره. ئه‌مانه پانتاییه‌كی فراوانیان له رۆمانه‌كه داگیركردووه. هه‌روه‌ها له‌پاڵ ئه‌م كه‌سایه‌تییه راسته‌قینانه كه‌سایه‌تی دروستكراوی نووسه‌ری تێدایه، ئه‌گه‌رچی ئه‌وانه‌ی ناویان هاتووه وه‌ك فرۆید و داروین و نیچه و ماركس و... كه‌سایه‌تی رۆمانن. به‌ڵام نووسه‌ر به هه‌مان پیشه‌ی واقیعی خۆیانه‌وه به‌شداری پێكردوون، ته‌نانه‌ت ناوی كتێبه‌كانیان ده‌هێنێ. واته پیكاسۆ وه‌ك هونه‌رمه‌ندی نیگاركێش و ماركس وه‌ك فه‌یله‌سوف و داروین و...
نووسه‌ر ویستوویه‌تی له رێگای ئه‌م كه‌سایه‌تییانه و له رێگای كه‌سایه‌تی سه‌ره‌كی رۆمانه‌كه‌وه ئه‌بولعه‌لای مه‌عه‌ڕی و كتێبه به ناوبانگه‌كه‌یه‌وه" رساله الغفران" رۆمانێك بنووسێ، كه تێیدا خه‌یاڵ له ئه‌وجدایه.
ئه‌وه‌ی گرنگه به‌لای نووسه‌ره‌وه بیرۆكه‌ی رۆمانێكه ئاوێزان به فیكر و ره‌خنه له جیهانی غه‌دار كه چۆن سته‌م له مرۆڤه‌كان ده‌كات. له‌و گه‌شته‌ی نووسه‌ردا وه‌ك چۆن گێڕانه‌وه به زۆر وڵات‌دا ده‌ڕوات، به هه‌مان شێوه له رێگای گێڕانه‌وه‌وه به كوردستانیشدا ده‌ڕوات. هاوكات نووسه‌ر ره‌خنه له عه‌ره‌ب و عه‌قڵی عه‌ره‌بی ده‌گرێ. له‌پڕ ده‌چێته سه‌ر باسی سه‌مفۆنیای پێنجه‌می بیتهۆڤن و مۆسیقای سباستیان باخ، له‌پڕ له ده‌رگای ئه‌نیشتاین ده‌دات و له ده‌رگای داروینه‌وه دێته ده‌رێ... یان ده‌چێته نێو تابلۆیه‌كی سیزانه‌وه. به‌ڵام چیرۆكی ئه‌بولعه‌لا و هند و نوور بناغه‌ی رۆمانه‌كه‌یان داڕشتووه و شا كاره‌كته‌ری رۆمانه‌كه‌ن و ئه‌وانی دیكه هه‌موو لاوه‌كین. به‌گشتی ئه‌م رۆمانه خه‌یاڵێكی به‌رین و به‌هێزه و وه‌كو گوێزان زه‌مه‌ن ده‌بڕێ. ئه‌سپێكی سه‌ركێشه به‌نێو زه‌مه‌ندا ئه‌م سه‌رو ئه‌وسه‌ری شوێن و زه‌مه‌ن ده‌كات. ئه‌مه تێمای رۆمانه‌كه‌بوو كه نووسه‌ر حه‌زی كردووه له رێگای ئه‌و كاره‌كته‌رانه‌وه په‌ی به جیهانی فیكر و فه‌لسه‌فه و ئاین و شیعر ببات.
چیرۆكی سته‌مكاری
له‌ته‌ك ئه‌وانه‌ی باسمان كرد نووسه‌ر ویستوویه‌تی باسی سته‌مكاری زۆردار بكات. ناوبه‌ناو ده‌چێته سه‌رباسی ئه‌و میلله‌تانه‌ی كه سته‌میان لێكراوه، چیرۆكه‌كه ده‌چێته ئه‌و جه‌زایره‌ی كه فه‌ره‌نسا داگیریكردووه و باسی فه‌له‌ستین ده‌كات كه چۆن داگیركراوه و باس له شه‌ڕی ڤێتنام ده‌كات و چیرۆكی ئه‌نفالی كورد و كیمیابارانی هه‌ڵه‌بجه و سته‌می هۆڵۆكۆست نیشانده‌دات. نووسه‌ر ده‌یه‌وێت باس له مرۆڤ بكات كه چۆن به‌ده‌ستی مرۆڤ ده‌چه‌وسێته‌وه. به خێرایی و راگوزه‌ر به‌سه‌ر ئه‌و كۆمه‌ڵكوژییانه‌دا ده‌ڕوات و دیوێكی مرۆڤی ده‌سه‌ڵاتدار نیشانده‌دات كه چۆن مرۆڤی ژێرده‌سته ده‌چه‌وسێننه‌وه، زۆرینه چۆن كه‌مینه ده‌چه‌وسێنێته‌وه.
زمانی رۆمانه‌كه
زمانی ئه‌م رۆمانه ئه‌وه‌نده جوانه، ئه‌وه‌نده ره‌وانه، شایه‌نی ئه‌وه‌یه ده‌ستخۆشی له مامۆستا جه‌لیل كاكه‌وه‌یس بكه‌ین بۆ ئه‌م وه‌رگێڕانه و بۆ ئه‌م كوردییه جوان و شیرینیه. من نازانم ئه‌مانه‌تی به كوردیكردنی رۆمانه‌كه له زمانی عه‌ربییه‌وه له چ ئاستێكدایه، چون ئه‌وه ده‌بێ كه‌سێك به‌سه‌ر هه‌ردوو زمانه‌كه‌دا زاڵ بێت و له‌سه‌رخۆ و به‌وردی به‌راوردیان بكات. ئه‌وه‌یان كاری خه‌ڵكانێكه پسپۆری ئه‌و بواره‌بن. ئه‌مما قسه‌كردن له‌سه‌ر زمانی رۆمانه‌كه و كوردییه‌كه‌ی مامۆستا جه‌لیل شایه‌نی ده‌ستخۆشییه. زمانه‌كه‌ی ئه‌وه‌نده شیرین و ره‌وانه له خوێندنه‌وه‌ی رۆمانه‌كه‌دا ئه‌وه‌ت بۆ روون ده‌بێته‌وه كه وه‌رگێڕ زۆر به سه‌لیقه‌یه و كوردییه‌كی جوان و پاك و پاراو ده‌زانێ، ته‌نانه‌ت له رووی هه‌ڵه‌ی ئیملاییه‌وه، زۆر رێكوپێكه، چه‌ند هه‌ڵه‌یه‌كی كه‌می تێدایه.
حه‌بیب عه‌بدولڕه‌ب سرووری
سرووری پڕۆفیسۆری زانستی كۆمپیوته‌ر و رۆماننووسێكی یه‌مه‌نییه و له فه‌ره‌نسا ده‌ژی. ئه‌م نووسه‌ره ساڵی 1956 له گه‌ڕه‌كی شێخ عوسمان له شاری عه‌ده‌ن له‌دایكبووه، له بنه‌ماڵه‌یه‌كی ئایینی بووه. نووسه‌ر له‌سه‌ر ده‌ستی باوكی له ته‌مه‌نێكی بچو‌وكدا رێزمانی خوێندووه و هه‌ندێك كتێبی لێكدانه‌وه و فه‌رمووده‌ی خوێندووه. هه‌ر زوو ده‌ستی به شیعر نووسین كردووه، یه‌كه‌م شیعری خۆی له ساڵی 1970دا له گۆڤاری ئه‌لحیكمه بڵاوكرده‌وه. له‌و كاته‌وه به‌رده‌وام بووه له نووسین و چه‌ند كتێب و رۆمانێكی نووسیوه، له‌وانه رۆمانی شاژنه خیانه‌تلێكراوه‌كه. رۆمانێكه به زمانی فه‌ره‌نسی چاپكراوه و پاشان كراوه‌ته عه‌ره‌بی. یه‌كێكی تر له رۆمانه‌كانی دووكوڵان. رۆمانی باڵنده‌ی وێران، رۆمانی ره‌گه‌زی خوداوه‌نده‌كان. رۆمانی راپۆرتی په‌پووسلێمانكه كه كراوه‌ته كوردی. رۆمانی كچه‌كه‌ی سوسلۆڤ و... چه‌ند به‌رهه‌مێكی دیكه‌ی فیكری و ئه‌ده‌بی و شیعر و چیرۆكی نووسیوه.
حه‌بیب عه‌بدولڕه‌ب سرووری