ناپاکی هاوسەری و ئابووری هۆکاری جیابوونەوەن

10:58 - 2022-04-13
ڕاپۆرت
781 جار خوێندراوەتەوە

ئەسرین محەمەد 

کانیاو ژنێکی تەمەن 28 ساڵە، لە دادگای سلێمانی داوای جیابوونەوەی کردووە لەو پیاوەی ماوەی پێنج ساڵ لەگەڵی ژیاوە و منداڵێکی لێی هەیە.
کانیاو وتی، بێزار بووم لە ژیانی پڕ لە شەڕ و ئاژاوە بۆیە داوای جیابوونەوەم کرد، لە هەموو مافێکی خۆم خۆش دەبم و تەنها داوای پێدانی مافی بەخێوکردنی منداڵەکەمم کردووە.
وتیشی، سەرچاوەی کێشەکانمان نەبوونی و گرنگی پێنەدانی هاوسەرەکەم بوو بە خۆم و مناڵەکەم بۆ هەموو کەس باش بوو، بەڵام هیچ حسابێکی بۆ ئێمە نەدەکرد، هەموو رۆژ شەڕ و جنێودان بوو ئەوە کاریگەریی سلبی لەسەر مناڵەکەشم دروست کردووە، بۆیە بڕیاری جیابوونەوەمدا.

رێژەی جیابوونەوە زیادی کردووە
قەیرانی دارایی و ناسەقامگیریی ئابووری رۆڵی سەرەکی هەیە لە زیادبوونی رێژەی جیابوونەوە، هەر خێزانێک بەڕێژەی داهاتی مانگانەی خەرجی بۆ پێویستییەکانی دیاری دەکات، کاتێک ئەو داهاتە بە هەر هۆکارێک کەم دەکات بەتێپەڕبوونی کات کێشە لەناو خێزانەکاندا دروست دەبێت و جیابوونەوەی بەدوادادێت.
بەپێی ئامارێکی ئەنجومەنی دادوەری هەرێم رێژەی تەڵاق و جیابوونەوە لە ساڵی 2021 بەراورد بە ساڵی پێشووتر 2020 زیادی کردووە، بەشێوەیەک لە ساڵی 2020 لە دادگاکانی هەرێم 7 هەزار و 566 دۆسیەی تەڵاق و لەیەک جیابوونەوەی هاوسەران  تۆمارکراون کە زۆرترینیان لە پارێزگای هەولێر بووە دوای ئەو سلێمانی و دواتر دهۆک، بەڵام لە ساڵی 2021 رێژەی لەیەک جیابوونەوە بەرزبووەتەوە بۆ 11 هەزار و 699 حاڵەت کە زۆرترینیان لە پارێزگای سلێمانی تۆمارکراون پاش ئەو هەولێر و دواتر دهۆک و پاشان کەرکوک و گەرمیان، ئەو ئامارانە هاوکاتە لەگەڵ بەرزبوونەوەی ژمارەی مارەبڕین لە دادگاکانی هەرێم لە 44410 مامەڵەوە بۆ 54837 مامەڵە لە هەمان ئەو دوو ساڵەدا.

لە ساڵی 2021 زۆرترین رێژەی تەڵاق لە پارێزگای سلێمانی تۆمارکراوە پاش ئەو پارێزگاکانی هەولێر، دهۆک و پاشان کەرکوک  و گەرمیان دێن

تێکچوونی شیرازەی خێزان
بەپێی کەیسەکانی دادگا زۆربەی ئەو کەسانەی داوای جیابوونەوە دەکەن ئەوانەن کە بە تەمەنێکی کەم شوویان کردووە یان ژنیان هێناوە و کەژان سدیق توێژەی کۆمەڵایەتی دەڵێت، بەشێک لە کچ و کوڕان لە تەمەنێكی کەمدا و بۆ زوو گەیشتن بەو دونیا خەیاڵییەی دروستیان کردووە شوو دەکەن یان ژن دەهێنن و دواتر کە دەبینن ژیان بەپێی خەیاڵەکانیان ناڕوات هەر زوو داوای جیابوونەوە دەکەن.
خراپ بەكارهێنانی تەكنەلۆژیا و ئامێرەكانی پەیوەندیكردن و ئینتەرنێت و بەخێرایی کرانەوە بەڕووی کۆمەڵگەی دەرەوەدا وایکردووە شیرازەی خێزان تێکبچێت و جگە لەوانە دراما بیانییەکانیش رۆڵێکی زۆریان بینیوە لە ئاساییکردنەوەی ناپاکی هاوسەری لەلای تاکەکان و دروستکردنی دنیایەکی خەیاڵی لە دەرەرەوەی ژیانی پێکەوەیی هاوسەران کە نامۆن بە کۆمەڵگەی کوردی.
کاروان مەحمود ماوەی سێ ساڵە ژیانی هاوبەشی پێکهێناوە و منداڵیان نییە، لە رێگەی سۆشیاڵ میدیاوە کەوتووەتە داوی خۆشەویستی کچێکەوە و ماوەی چەند مانگێک پەیوەندییان هەبووە، دوای ئەوەی ژنەکەی لە رێگەی مۆبایلەکەیەوە بە پەیوەندییەکەی دەزانێت داوای جیابوونەوە تۆمار دەکات.
کاروان دەڵێت، ژنەکەمم خۆش دەویست و هیج گلەیم لێی نەبوو نازانم چۆن کەوتمە داوی خۆشەویستی کەسێکی ترەوە و بە تەواوی ژیانم تێکچوو.

دیارترین هۆکارەکانی جیابوونەوە
سەلمان فاتیح پارێزەر بە کوردستانی نوێی راگەیاند، لەم چەند ساڵەی رابردودا و تائێستاش هۆکارەکانی جیابوونەوە بە پلەی یەکەم  خراپی باری ئابووری و ناپاکی هاوسەرییە لە رێگەی مۆبایل و سۆشیاڵ میدیاوە دوای ئەوانە نەگونجان و لەیەک نەگەیشتن دێن.
وتیشی، خۆم و پارێزەرەکانی هاوڕێشم زۆربەی ئەو داوایانەی جیابوونەوە لەلامانن نەگونجانە کە دەچینە ناو وردەکاری کێشە و گرفتەکانیان دەردەکەوێت هۆکارەکەی خیانەتی هاوسەری یان نەبوونییە.
جگە لەوانە توێژەرانی کۆمەڵایەتی ئاماژە بۆ چەند هۆکارێکی تر دەکەن بۆ جیابوونەوەی هاوسەران، لەیەک تێنەگەیشتن و جیاوازی رۆشنبیری ژن و پیاوەکە، بە منداڵی بەشوودان یان ژنهێنان، دەستێوەردانی خزم و کەسوکار، کاریگەریی دراما بیانییەکان، گرنگی نەدان بە خێزان و پەروەردەکردنی منداڵ و بەزۆر بەشوودان یاخود ژنهێنان.
جیابوونەوەی هاوسەران لەگەڵ ئەوەی لە هەندێک حاڵەتدا وەک چارەسەر دەبینرێت، بەڵام بەگشتی زۆربوونی رێژەکەی  کاریگەریی نەرێنی لەسەر کۆمەڵگە جێدەهێڵێت، بۆیە توێژەرانی کۆمەڵایەتی بە گرنگی دەزانن سەنتەرێکی راوێژکاری خێزانی هەبێت تیایدا تەواوی کێشە و ئاستەنگەکانی ژیان بۆ کچان و کوڕان رونبکرێتەوە و بەرنامە کۆمەڵایەتییەکان لە کەناڵەکانی راگەیاندندا زۆر بکرێن بە ئامانجی کەمکردنەوەی رێژەی جیابوونەوە.

#ژیانی هاوژینی

بابەتە پەیوەندیدارەکان