گوڵە بەیبوون بە ئەڵمانی Kamilien پێدەوترێت لە زۆربەی وڵاتان هەیە و لە زۆریاندا دەڕوێندرێت، بەڵام لای خۆمان لە کوردستان خۆڕسکانە لە وەرزی بەهاردا لەناو سەوزایی لە بنار شاخ و دەم کانیاو و دۆڵ و دەشتاییەکاندا هەڵدەکشێ وێڕای دیمەنێکی سیحراوی و جوانی هەیە لە دێرزەمانەوە دەرکەوتووە سوودی زۆری بۆ تەندروستی مرۆڤ هەیە، ئێستا زانستیانە سەلماوە بۆ ژانە سک و پاککردنەوەی خوێن و ئارامی ناو سک و جەستە لە شێوەی کەپسول یان دەخرێتە ناو ئاوی گەرم و لە شێوەی چا ئەگەر بخورێتەوە ئەوا دەبێتە چارەسەری سروشتی بەبێ ئەوەی پەنا بۆ دەرمان ببەی، بەهۆی ئەوەی دژە ئۆکسانێکی زۆری تێدایە دڵ و مێشک و ئەندامە هەستیارەکانی تر لە نەخۆشییە درێژخایەنەکان دەپارێزێت، توێژینەوە نوێکان دەریانخستووە بۆ خەوێکی ئارام و خۆشیش بەکەڵکە، ئەگەر شەوان نیو سەعات بەر لە خەوتن وەک چا بیکەیتە ناو ئاوێکی شلەتێن کەمێک چاوەڕێ بکەی ئینجا بیخۆیتەوە، ئەوا بەهۆی ئەوەی مادەیەی Apigenin تێدایە خەوت خۆش دەبێ و زیاتر ئارام دەبیت، هەروەها کۆئەندامی هەرس چالاک دەکات و غازاتی ناو سک ناهێڵێت.
لە زۆر وڵات ئەو گوڵە دەکرێتە دەرمانی تایبەت بۆ هەوکردنی پێست و پێوەدانی زەردەواڵە و ئەکزیما و وەک مادەی باش بۆ کەرەستەکانی جوانکاری بەکاردێت، ئەوانەی کێشەی تەنگەنەفەسیان هەیە دەتوانن لەڕێی هەڵمژینی هەڵمی ناو ئاوی گەرمی ئەو گوڵە لەو کێشەیە دەربازیان بێت، ژنانی هەندێ وڵات کاتێک بەهۆی شیردان بە کۆرپەکانیان مەمکیان بریندار دەبێت یان دەڕوشێت و ئازاری پێدەگات و دەبێتە پەڵە ئەوا چەند جارێک ئەو گوڵەی لەسەر دادەنێن و دەبێتە چارەسەر بۆیان، لەوانەش گرنتر ئەوەیە بۆ هاوسەنگی رێژەی شەکری ناو خوێنیش بەسوودە.
سەرچاوە: www.gesundheit.de