سلێمانی میواندارییەكی گرنگ دەكات

11:40 - 2023-02-06
وەرزش
294 جار خوێندراوەتەوە

لەرۆژی هەینی رابردوو 3/2/2023 –ەوە هۆڵی داخراوی كۆلێجی پەروەردەی وەرزشی زانكۆی سلێمانی میوانداریی چەند هەڵبژاردەیەكی وڵاتانی خۆرئاوای ئاسیا كردووەو پاڵەوانێتی باسكەی كچانی تازەپێگەیشتووی وڵاتانی خۆئاوای ئاسیا (ئەو یاریزانانەی تەمەنیان لە 16 ساڵ كەمترە) دەستیپێكردووە.
پاڵەوانێتیەکە بە هاوکاری بۆردی وەرزشیی (ی.ن.ک) و خاتو شاناز ئیبراھیم ئەحمەد خانمی یەکەمی عیراق و بەسەرپەرشتی یەکێتیی باسکەی عیراق بەڕێوەدەچێت و دەزگای میدیایی کوردسات سپۆنسەری میدیایی دەکات.
لەكۆی 7 وڵاتی خۆر ئاوای ئاسیا، چوار وڵات (عیراق، لوبنان، سوریا،فەلەستین) بەشداریی دەكەن و ئوردون و ئێران و یەمەن كە دەبوو بەشدارییان بكردایە، ئامادە نین.
پاڵەوانێتییەكە ماوەی سێ رۆژ دەخایەنێت، رۆژی دەستپێك كە ژمارەیەكی زۆر لە لێپرسراوانی حكومی و حزبی هەرێمی كوردستان و عیراق ئامادەبوون، سەرەتا بەچەند وتارێك و پاشان چەند نمایشێكی هەمەڕەنگ دەسیپێكرد.
هەرئەو رۆژ واتە هەینی رابردوو 3/2/2023 دوویاریی كران، لەیەكەمیاندا كە یاریی دەستپێكبوو، هەڵبژاردەی عیراق نەیتوانی بردنەوە دەستەبەر بكات و بەئەنجامێكی گەورە (45-62)  بە كچانی سوریا دۆڕان، دواتر یاریی دووەمی هەمان رۆژ كراو تیایدا لوبنانیش بە ئەنجامێكی گەورە (59-32) لە كچانی فەلەستینیان بردەوە.
رۆژی دواتریش واتە شەممە دوو یاریی تری پاڵەوانێتییەكە كراو تیایدا ئەم دوو ئەنجامە تۆمار كران:
*لوبنان    × سوریا       (58-41).
*فەلەستین× عیراق       (27-72).
ئەمڕۆ دووشەممە 6/2/2023 پاڵەوانێتییەكە كۆتایی دێت و پلەکان دیاریی دەکرێن  و جامی پاڵەوان و میدالە زێڕ و زیو برۆنزەكانی پاڵەوانێتییەكە دابەشدەكرێن و پەردە لەسەر ئەم پاڵەوانێتییە دادەرێتەوە.

#ســتادیـۆم

بابەتە پەیوەندیدارەکان