سەرۆک بافڵ پێشوازی لە تاقانەکانی کیمیابارانی هەڵەبجە دەکات

04:42 - 2023-02-12
کوردستان
462 جار خوێندراوەتەوە

بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە دەباشان پێشوازی لە تاقانەکانی کیمیابارانی هەڵەبجە کرد.

لە دیدارێکدا کە نوخشە ناسیح، قایمقامی پارێزگای هەڵەبجە و وەهاب هەڵەبجەیی، بەڕێوەبەری گشتیی دژەتیرۆر ئامادەبوون، گفتوگۆ لەبارەی دۆخی تەندروستی و ژیانی تاقانەکانی هەڵەبجە و بەرکەوتوانی چەکی کیمیاییەوە کرا و لە چەند خاڵێکدا تاقانەکان خواست و داواکارییەکانیان خستەڕوو.

لەبەرامبەردا سەرۆک بافڵ جەلال تاڵەبانی پشتیوانی خۆی و یەکێتی بۆ داواکارییەکانیان خستەڕوو و رایگەیاند، ئێوە رۆڵەی ئێمەن و لە هەموو قۆناغەکانی ژیاندا لەگەڵتان دەبین و پشتیوانتانین. کار لەسەر هەموو داواکارییە رەواکانتان دەکەین و نوێنەرانمان لە هەرێم و بەغدا بەدیهێنەری مافەکانتان دەبن. ئەو خوشک و برایانەشمان کە تەندروستیان ناجێگیرە و پێویستیان بە هاوکاری هەیە، بێگومان بەدەنگەوەهاتنی خێرامان دەبێت و لەخزمەتتاندا دەبین.

هەر لە دیدارەکەدا سەرۆک بافڵ ئاماژەی بە مێژووی خەبات و قوربانییەکانی هەڵەبجە و هەڵەبجەییەکان کرد و وتی، بەدرێژایی مێژوو هەڵەبجەییەکان نموونەی خەبات و تێکۆشان بوون لەپێناو کوردستان و لەڕووی فەرهەنگیشەوە مێژوویەکی درەوشاوی هەیە. وتیشی، کیمیابارانی هەڵەبجە بۆ هەمیشە لە یادەوەریماندا ئامادەیی هەیە و هەموو خزمەتەکانی ئێمە بارتەقای قوربانییەکانی ئێوە نییە. بۆیە بەڵێنتان پێدەدەم هەرشتێک لەتواناماندا بێت بۆ خزمەتی ئێوە  دەیکەین.

#بافڵ جەلال تاڵەبانی

بابەتە پەیوەندیدارەکان