تەنیا ئالڤێس نەخراوەتە زیندانەوە

11:12 - 2023-02-13
وەرزش
302 جار خوێندراوەتەوە

رەوەز ئیسماعیل

لەم راپۆرتەدا باسی ئەو یاریزانە دەكەین كە خاوەنی زۆرترین نازناوی وەرزشییە لەسەر ئاستی جیهانداو ئێستا خراوەتە كونجی زیندانەوە، ئەو یاریزانەش دانی ئالڤێسی بەرازیلییە.
دانی ئالڤێس لەگەڵ مێسی تەنیا دوو یاریزانی جیهانن لە ڕوی بەدەستهێنانی زۆرترین نازناوەكانەوە و هەریەكەیان 42 نازناویان بەدەستهێناوە، بەڵام ئێستا دانی ئالڤێس خراوەتە زیندان و چاوەڕوانی دادگایی كردن دەكات، ئەمەش لەبەر ئەوەی مانگی سێپتەمبەری ساڵی رابردوو لەشاری بارسیلۆنا و لە یەكێك لە یانە شەوانەكاندا، بەشێوازێكی ناشیرین دەستدرێژی سێكسی كردۆتە سەر كچێك.
ئەگەرچی ئەم یاریزانە خۆی زۆر بەتوندی ئەم تۆمەتە رەتدەكاتەوە و خۆی لێ بێبەری دەكات، بەڵام ئەمە نەبۆتە هۆی ئەوەی كە پۆلیسی شاری بارسیلۆنا بێ هەڵوێست بن، بەپێچەوانەوە ئێستا بەبڕیاری داگای ئەو شارە پۆلیس دەستگیری كردووە و ئەم یاریزانە خراوەتە زیندان تا لێكۆڵینەوەكان كۆتاییاندێت و دواتیش دادگا بڕیاری خۆی دەدات.
دانی ئالڤێس یەكەم و دوا یاریزان نییە بەتۆمەتێكی دیاریكراو دەخرێتە زیندان، خرانە زیندانی یاریزانانی ناوداری جیهانی پێشتریش هەبووە و چەندان یاریزانی تری ناوداری جیهانی هەریەكەیان بەتۆمەتێك خراوەتە زیندان، ئەمانەی خوارەوە هێندێك لەو یاریزانانەیە کە ئاماژەیان بۆ دەكەین:
*جۆی بارتۆرنی یاریزانی ناوداری ئینگلتەرا كە بۆ چەندین یانەی وەك مان سیتی و نیوكاسڵ یاریی كردووە، كاتێك یاری بۆ یانەی ماكبایس دەکرد، بۆ ماوەی شەش مانگ زیندانی كرا، لەبەر ئەوەی هێرشی توندی كردبووە سەر كەسێك، بەشەش مانگ زیندانی سزادرا، بەڵام پاش بەسەر بردنی 74 رۆژ لە زیندان، ئازاد كرا.
*رینێ هیگیتای گۆڵپارێزی ناوداری كۆڵۆمبی، نەك تەنیا لەناو یاریگاكاندا بەڵكو لەدەرەوەی یاریگاكانیش سەربەگۆبەند و كێشە بووە، باسی ئەوەش دەكرا كە پەیوەندی لابەلای بە پاپلۆ ئیسكۆباری بازرگانی ناوداری مادە هۆشبەرەكانەوە هەبووە، ساڵی 1993 بەم تۆمەتە دەسگیر كرا، چونكە كاتێك كوڕی بازرگانێكی تری مادە هۆشبەرەكان لەلایەن پاپلۆ ئیسكۆبارەوە دەڕفێنرێت، هیگیتا دەبێتە بازنەی پەیوەندی نێوان ئەو بازرگانەو ئیسكۆبار، دواجار كوڕی بازرگانەكە لەڕێگەی هیگیتاوە  بەرامبەر بڕە پارەیەكی زۆر ئازاد كرا و لەم ناوەندەشدا هگیتا پاداشتێكی زۆری وەرگرت، بۆیە حكومەتی كۆڵۆمبیا هیگیتا دەگرێت و ماوەی حەوت مانگ زیندانی دەكات لەسەر ئەوەی یاسا رێگەی نادات لەم جۆرە كارانەدا نێوەندگیری بكات و لەبەرامبەردا قازانجی مادیش بكات.
*جۆرج بێستی ئەستێرەی ناوداری یانەی مان یونایتد و هەڵبژاردەی ئێرلەندا یەكێكی ترە لەو یاریزانە ناودارانەی كە لە زیندانی كردن بەدوور نەبووە، ئەم ئەستێرە ناودارە ساڵی 1984 خرایە كونجی زیندان لەبەر ئەوەی لەكاتی شۆفێریدا مادەی كهولی خواردبوەوە و بەسەرخۆشی هێرشیشی كردبووە سەر ئەفسەرێكی پۆلیس و لەسەر ئەوە بۆ ماوەی سێ مانگ زیندانی كرا.
*تۆنی ئادامس ی بەرگریكاری ناوداری یانەی ئەرسناڵ یەكێكی ترە لەو یاریزانانە، ساڵی 1990 بۆ ماوەی دوو مانگ لە زیندان مایەوە چونكە لەكاتی شۆفێرییكردندا، لە بڕی رێگەپێدراو زیاتر مادەی كحولی خواردبووە و لەكاتی شۆفێرییكردندا خۆشی كێشابوو بە دیوارێكدا.
*ئیان رایت –ی ئەفسانەی گەنەرز، ساڵی 1982 بۆ ماوەی دوو هەفتە خرایە زیندان بەتۆمەتی خۆ دزینەوە لە باجدان.
*دۆنكان فێرگسۆن كە بۆ یانەكانی رەینجەرز و ئیڤرتۆن یاریی كردووە، ساڵی 1994 بەلەقە لەناو سكی جۆن ماكستاین دەدات و بەهۆی ئەو هێرشەشەوە جگەلە ئازاری زۆر، لێوی ماكستاین دەقرتێ و بەپەلە دەیگەیننە نەخۆشخانە، بۆیە دۆنكان بۆماوەی سێ مانگ لەسەر ئەو هێرشە زیندانی كراوە.
*برۆنۆ فێرناندێس دی سۆزای گۆڵچی پێشووی یانەی فلامینگۆی بەرازیلی تاوانبار كرا بەوەی سزای جەستەیی خۆشەویستەكەی داوە و دواتریش كوشتویەتی، بۆیە لەسەر ئەم تاوانە ساڵی 2010، ماوەی 22 ساڵ سزای زیندانیكردنی بۆ دەردەچێت، بەڵام لەبەر ئەوەی لە بەندینخانەش لەژێر چاودێریدا بووەو لەبەرامبەردا رەفتاری زۆر جوان بووە و هیچ سەرپێچییەكی نەبووە، دواجار ساڵی 2019 پاش نۆ ساڵ زیندانی كردن ئازاد كراوە.
*ترۆی دینی هێرشبەری یانەی واتفۆرد یەكێكی ترە لەو یاریزانانەی كە ساڵی 2012  لە زینداندا ماوەی 10 مانگ ماوەتە، ئەمەش لەبەر ئەوە كاتێك لەگەڵ كۆمەڵێك لە برادەرەكانی لەیەكێك لە یانە شەوانەكان دێنەدەرەوە، لەگەڵ چەند كەسێك دەبێتە شەڕیان و دین بە لەقە لەسەری یەكێكیان دەدات و باری تەندروستی كەسەكە زۆر خراپ تێكدەچێت، بۆیە سزای زیندانی بۆ دەردەچێت بەڵام لەبەر ئەوەی لە زیندان رەفتاری باش بووە، تەنیا 10 مانگ تیایدا دەمێنێتەوەو دواتر ئازاد دەكرێت.
*رۆناڵدینهۆی ئەستێرەی ناوداری بەرازیلی یەكێكی ترە لەو یاریزانانە، ئەم یاریزانە ساڵی 2020 لەپاراگوای بەهۆی ئەوەوە كە بەنایاسایی چووبووە ئەو وڵاتەو پاسپۆرتێكی ساختەی بەكارهێنابوو، ماوەی پێنج مانگ زیندانی بۆ دیارییكرا، بەڵام دواتر پاش بەسەر بردنی زیاتر لە مانگێك لەزیندان، سزاكەی دەگۆڕن بۆ هێشتنەوەی زۆرەملێ لە یەكێك لەهۆتێلەكاندا تا تەواو بوونی ماوەكە و دواتر بە كەفالەت ئازاد كرا.
*بنیامین میندیی یاریزانی پێشووی مان سیتیش ساڵی 2021 تۆمەتی 9 دەستدرێژی سێكسی خرابووە پاڵی، بەم هۆیەشەوە بۆ ماوەی زیاتر لە 4 مانگ لە زینداندا مایەوە، دواتر لەكۆی ئەو  9 دەستدرێژییە، دوانیانی بەسەردا ساغ بووەوە، بۆیە  سزاكەی سوك كرا بە مانەوەی زۆرەملێ لە ماڵەكەیدا تا تەواو بوونی وادەی زیندانیكردنەكەی و دواتر ئازاد كرا.

#ســتادیـۆم

بابەتە پەیوەندیدارەکان