لە 500 هەزار دینار پێنج هەزار دینار لە مووچەی فەرمانبەران بۆ بیمەی تەندروستی دەبڕێت

12:20 - 2023-02-14
عیراق
332 جار خوێندراوەتەوە

دەستەی بیمەی تەندروستی عیراق ئاشكرایكرد، لەهەر 500 هەزار دینارێك لە مووچەی فەرمانبەران پێنج هەزار دینار بۆ بیمەی تەندروستی دەبڕێت، كە دەكاتە 1% مووچەی مانگانەی فەرمانبەران، هاوكات لێبڕینی مووچەی فەرمانبەران بۆ بیمەی تەندروستی لە مانگی تەمووزی ئەمساڵەوە دەستپێدەكات.
د. ئیهاب عەبدولكەریم وتەبێژی دەستەی بیمەی تەندروستی عیراق ئاماژەی بەوەكردووە، ئەو كەسانەی بەشداری بیمەی تەندروستی دەكەن، تێچووەكانیان لە نەخۆشخانە حكومییەكان بەڕێژەی 10% بۆ خەرج دەكرێتەوە و بەڕێژەی 25%یش لە نەخۆشخانە تایبەتەكان.
د.ئیهاب عەبدولكەریم وتیشی، خزمەتگوزاری بیمەی تەندروستی خانەنشینان و ئەو كەسانەی كە مووچەی پاراستنی كۆمەڵایەتییان هەیە دەگرێتەوە، كە ئەوەش وەزارەتی كار و كاروباری كۆمەڵایەتی دیاری دەكات، جەختیشیكردەوە لەوەی، پلانیان هەیە لە داهاتوودا خزمەتگواری بیمەی تەندروستی كرێكارانی كەرتی تایبەت بگرێتەوە.
لەسەرەتای ساڵی 2023 وەزارەتی تەندروستی عیراق فۆرمی ئەلیكترۆنی بۆ تۆماركردنی بیمەی تەندروستی راگەیاند، لەوبارەیەشەوە ساڵح حەسناوی وەزیری تەندروستی عیراق ئاشكرایكردووە، لەماوەی ئەمساڵدا 300 هەزار كەس ناوی خۆیان لە بیمەی تەندروستی تۆمار كردووە.
بیمەی تەندروستی بە مەبەستی بەرەوپێشبردنی كەرتی تەندروستی عیراق و كەمكردنەوەی خەرجی هاووڵاتیانە، لە نەخۆشخانە حكومییەكان و تایبەتەكانیش جێبەجێ‌ دەكرێت.

سەرچاوە:
إیرث نیوز

بابەتە پەیوەندیدارەکان