تانیا كورد میرزا*
وشه‌ی جێنده‌ر ده‌مێكه مشتومڕی زۆری له‌سه‌ره و به‌رده‌وام بۆچوون و پێناسه‌ی دژبه‌یه‌ك و جیاوازی به‌دوای خۆیدا هێناوه. پسپۆڕانی بایۆلۆجی و پزیشكان به‌جۆرێك پێناسه‌ی جێنده‌ر ده‌كه‌ن و فه‌یله‌سوفه‌كانیش به‌جۆرێكی تر. له خواره‌وه پێناسه جیاجیاكان ده‌رخرێنه‌ڕوو دواتر شه‌نوكه‌و ده‌كرێن.
جێنده‌ر له روانگه‌ی زانسته‌وه
پسپۆڕانی بایۆلۆجی جێنده‌ر به‌سه‌ر دوو ره‌گه‌زدا دابه‌ش ده‌كه‌ن كه نێرینه و مێینه‌یه(1). وێڕای هه‌وڵ، چالاكی و ته‌نانه‌ت گوشاری كۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسیش له هه‌ندێك له وڵاتانی ئه‌وروپا و ئه‌مریكا بۆ سه‌ر پزیشكان و پسپۆڕانی بایۆلۆجی، به‌ڵام هه‌تا ئه‌مڕۆ به‌گشتی كۆكن له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی كه مرۆڤ دوو ره‌گه‌زی بایۆلۆجی هه‌یه كه نێرینه و مێینه‌یه. زانست نكۆڵی نه‌كردووه له‌وه‌ی ده‌شێت به‌هۆی گۆڕانكاریی هۆرمۆنه‌كانه‌وه یاخود به‌هۆی هه‌ندێك كێشه‌ی ده‌روونی و جه‌سته‌ییه‌وه یانیش به هۆكاری نه‌زانراو ره‌گه‌زێك مه‌یلی سێكسی به‌لای هاوڕه‌گه‌زه‌كه‌ی خۆیدا هه‌بێت، به‌ڵام ئه‌مه ته‌واو جودایه له خودی ره‌گه‌ز و ته‌نیا مه‌یلی سێكسییه. جگه له‌م هۆكارانه به‌رده‌وام ئاماژه به هۆكارێكی تری شاراوه‌ش ده‌ده‌ن كه پاڵنه‌ری ئه‌م ویست و حه‌زه سێكسییه‌یه كه هێشتا به‌ته‌واوه‌تی نازانرێت چییه! ئه‌وه‌ی گرنگه بوترێت زانستی سه‌رده‌م هاوڕه‌گه‌زخوازی وه‌ك دوێنێ پێناسه ناكات و به نه‌خۆشی له قه‌ڵه‌م نادات.
پوخته
ره‌گه‌ز ته‌واو جودایه له مه‌یلی سێكسی، زانست پێی وایه دوو ره‌گه‌ز هه‌ن كه نێرینه و مێینه‌ن، به‌ڵام ده‌كرێت زیاد له مه‌یلێكی سێكسی هه‌بێت. فره‌یی مه‌یلی سێكسی ده‌شێت هۆكارێكی دیاریكراو و روونی زانستی، بایۆلۆجی و ده‌روونی هه‌بێت ده‌شێت هۆكاره‌كه‌شی نادیار و شاراوه‌بێت.
جێنده‌ر له ئایینی ئیسلامدا
كوردستان كۆمه‌ڵگایه‌كی فره‌ئایینه، به‌ڵام ئاینی زۆرینه ئیسلامه، هه‌ر بۆیه كاتێك باس له‌هه‌ر بابه‌تێك ده‌كرێت، ده‌بێت ئایینی ئیسلام بکرێتە پێوەر و ئایینه‌كانی تریش له‌به‌رچاو بگیرێت. ئایینی ئیسلام له عیراقدا له‌ناو ماڵ و مزگه‌وته‌كاندا نه‌ماوه‌ته‌وه، بگره سه‌رچاوه‌یەکی سەرەکیی یاسادانانیشه و ده‌ستووری وڵاتیش سه‌پاندوێتی كه نابێت هیچ یاسایه‌ك له وڵات‌دا ده‌ربچێت كه دژبه بنه‌ما سه‌ره‌كییه‌كانی شه‌ریعه‌تی ئیسلام بێت.
ئه‌م روونكردنه‌وه‌یه بۆ ئه‌وه‌یه بڵێم هه‌موو هه‌وڵێك بۆ به‌رچاوڕوونیی كۆمه‌ڵگە، هه‌موو پڕۆژه‌یه‌كی یاسادانان، په‌روه‌رده و په‌ره‌پێدانی تواناكانی مرۆڤ، ده‌بێت هه‌ر له‌م چوارجێوه‌یه‌دا بخولێته‌وه و نابێت سنووره‌كانی ئایینی ئیسلام ببەزێنرێت، چونكه سنووره‌كه به‌ته‌نیا له مزگه‌وتدا نه‌ماوه‌ته‌وه، بگره سنووری یاسا و مۆراڵیشه. قسه‌كردن له‌سه‌ر جێنده‌ریش ده‌بێت سه‌ره‌تا به ئایینی ئیسلام بپێویرێت، بۆئه‌وه‌ی له‌ناو ئه‌م چوارچێوه‌یه‌دا كاری لەسەر بكرێت.
كه‌واته با بزانین چه‌ند جۆر ره‌گه‌ز له ئایینی ئیسلامدا هه‌یه و جێنده‌ر له كوێی قورئاندا جێگه‌ی ده‌بێته‌وه؟
(يَا أَيُّهَا النَّاسُ إِنَّا خَلَقْنَاكُم مِّن ذَكَرٍ وانثی)(2)
قورئانی پیرۆز له سوره‌تی الحجرات له ئایه‌تی (13)دا به روونی ئاماژه‌ی به دوو ره‌گه‌زی مرۆڤ داوه كه نێرینه و مێینه‌ن. واته، به پێوه‌ری ئیسلام له ده‌ره‌وه‌ی ژن و پیاو هیچ ره‌گه‌زێكی تر وجودی نییه و هه‌موو هه‌وڵێك بۆ جێكردنه‌وه‌ی ره‌گه‌زی سێیه‌م، یاخود ره‌گه‌زی بێلایه‌ن دژ به قورئان ده‌وه‌ستێته‌وه و رێگه پێدراو نییه. وه‌ك روونكرایه‌وه به‌ته‌نیا بابه‌ته‌كه له نێوان خودا و مرۆڤدا نامێنێته‌وه، بگره ره‌هه‌ندی یاساییشی هه‌یه، واته هه‌وڵدان بۆ جێگه‌كردنه‌وه‌ی ره‌گه‌زی سێیه‌م ده‌بێته دژایه‌تی ده‌ستووری عیراقیش و هیچكات ئه‌م هه‌وڵه نابێته یاسا و ته‌نیا وه‌ك هه‌وڵ بگره ته‌نیا وه‌ك چالاكی و خه‌ون ده‌مێنێته‌وه، مه‌گه‌ر ده‌ستووری عیراق به‌جۆرێك بگۆڕێت كه چیتر شه‌ریعه‌تی ئیسلام نه‌بێته یەکێک لە سه‌رچاوه سەرەکییەکانی یاسادانان و دان به‌وه‌دا بنێت كه یاساكانی وڵات له‌سه‌ر بنه‌مای شه‌ریعه‌تی ئیسلام داناڕێژرێن!
بە کورتی و پوختی، هه‌ریه‌كه له زانست و ئایینی ئیسلام ته‌نیا دوو ره‌گه‌ز ده‌ناسن و دانی پێدا ده‌نێن كه نێرینه و مێینه‌ن.
جێنده‌ر له روانگه‌ی فه‌لسه‌فه‌وه
هه‌رچی فه‌یله‌سوفه‌كانه به‌جۆرێكی جیاواز له پێناسه پزیشكییه‌كه وشه‌ی جێنده‌ریان داڕشتووه و پێیانوایه جێنده‌ر به‌گشتی دۆخێكی سه‌پێنراوی كۆمه‌ڵایه‌تییه، ژن بوون و پیاو بوون شتێكی سروشتی نین ئه‌وه كۆمه‌ڵگا، په‌روه‌رده، خێزان و ئاینن ئه‌م ره‌گه‌زانه‌یان سه‌پاندووه. پێشه‌نگی ئه‌م بۆچوونه‌ش فه‌یله‌سوفی فه‌ره‌نسی (سیمۆن دی بۆڤوار)ه. مرۆڤایه‌تی نێرینه‌یه، پیاو ژنی وه‌ك ره‌گه‌زێكی سه‌ربه‌خۆ پێناسه نه‌كردووه، بگره به‌خۆیی به‌راورد ده‌كات.(3) پیاو كاراكته‌ره سه‌ره‌كییه‌كه‌یه، ئه‌و مرۆڤه، ژن ره‌گه‌زی دووه‌مه (ئه‌وه‌ی تره).(4) مرۆڤ وه‌كو ژن نایه‌ته دنیاوه، به‌ڵكو ده‌كرێته ژن(5).
دی بۆڤوار پێیوایه په‌روه‌رده‌ی خێزان و كۆمه‌ڵگە ژنبوونی سه‌پاندووه و ئه‌و رۆڵه‌ی داوه‌تێ كه ئێستا هه‌یه‌تی و رۆڵه‌كه به رۆڵێكی چه‌پاو ناوده‌بات. كاراكته‌ری پاسیڤی ژن له كۆمه‌ڵگەدا شتێكی بایۆلۆجی نییه، به‌ڵكو ده‌ستكردی كۆمه‌ڵگەیه و له منداڵییه‌وه له‌سه‌ری په‌روه‌رده كراوه(6). زۆرێك له فیمینسته‌كان و به‌ناو به‌رگریكارانی مافه‌كانی ژنیش، پشت به‌م تیۆره ده‌به‌ستن و ده‌یكه‌نه بناغه‌ی بیركردنه‌وه و كاركردنیان به چاوپۆشین له‌وه‌ی چه‌ندێكیان ئه‌م كتێبه‌یان خوێندۆ‌ته‌وه یاخود نا! ژن‌بوون و پیاوبوون داهێنانێكی كۆمه‌ڵایه‌تییه، كۆمه‌ڵگە رۆڵ و ئه‌ركی ژن و پیاو دیاری ده‌كات و هه‌ریه‌كه له خێزان، ژن و مێردایه‌تی و یاسا رۆڵیان هه‌یه له دروستكردنی جێنده‌ردا(7).
فه‌یله‌سوفه‌كان پێیانوایه كه بوونی دوو ره‌گه‌زی بایۆلۆجی شتێكه و ره‌گه‌زی كۆمه‌ڵایه‌تیش شتێكی تره. لایه‌نگرانی ئه‌م تیۆره ده‌ڵێن: «ده‌بێت سه‌رله‌نوێ ره‌گه‌ز له‌ژێر رۆشنایی ئابووری، كۆمه‌ڵایه‌تی و زانستی ده‌روونیدا پێناسه بكرێته‌وه». جێنده‌ر به‌م مانایه واته دروستكردنی گومان و پرسیاركردن له ره‌گه‌زی ژن و پیاو و وروژاندنی پرسیاری وه‌ك: تۆ دڵنیایت مێینه‌یت؟ دڵنیایت نێرینه‌یت؟ به‌چیدا ده‌زانیت كه ژنیت، ته‌نیا له‌به‌رئه‌وه‌ی منداڵت ده‌بێت، هێلكه‌دان و مه‌مكت هه‌یه؟ چۆن ده‌زانیت كه پیاویت، ئایا ته‌نیا بوونی ئه‌ندامی نێرینه و تۆ‌و سه‌لمێنه‌ری ئه‌مه‌یه؟ ئه‌مانه كار له‌سه‌ر ئه‌وه ده‌كه‌ن كه ره‌گه‌ز له‌گه‌ڵ له‌دایكبووندا به‌سه‌ر هیچ منداڵێكدا نه‌سه‌پێنین و لێیان گه‌ڕێین خۆیان دواتر ره‌گه‌زی خۆیان دیاری بكه‌ن(8).
ده‌شێت كه‌سێك خۆی نه به كوڕ نه به‌كچ پێناسه بكات و بڵێت بێلایه‌نم. كه‌سێكیتر به جه‌سته كچه، به‌ڵام بڵێ من پیاوم و پیاوێك بڵێ من ژنم. ده‌شێت كه‌سێك ئێواره پیاو بێت، به‌س به‌یانی ژن بێت! یان به‌رده‌وام هه‌ردووكیان بێت. ده‌شێت منداڵێك دوو دایكی هه‌بێت، یاخود دوو باوك. هه‌روه‌ها رۆڵی ژن و پیاو له كۆمه‌ڵگەدا و جۆری جل له‌به‌ركردن، كاركردنیشیان هه‌ر ده‌چێته ئه‌م چوارچێوه‌یه‌وه(9).
پوخته: لایه‌نگرانی ئه‌م تیۆره جێنده‌ری بایۆلۆجی ره‌تده‌كه‌نه‌وه و پێیانوایه ده‌بێت مرۆڤ خۆی ئازادبێت له هه‌ڵبژاردنی یاخود هه‌ڵنه‌بژاردنی ره‌گه‌زدا. زیاتر له دوو ره‌گه‌ز له‌م تیۆره‌دا جێگه‌ی ده‌بێته‌وه و به‌ته‌نیا نێر و مێ وجودیان نییه. به‌ته‌ك نێرینه و مێینه‌وه جووتڕه‌گه‌ز و بێڕه‌گه‌زیش هه‌ن.
جێگه‌كردنه‌وه و باسكردن و پراكتیزەكردنی ئه‌م تیۆره له كوردستاندا
جێنده‌ر له‌خۆیدا له‌وه فراوانتره كه ته‌نیا گومان بخاته سه‌ر ره‌گه‌زه بایۆلۆجییه‌كه‌ی مرۆڤ و پرسیار دروست بكات. جێنده‌ر به‌م جۆره‌ی كه له هه‌موو دنیادا كاری له‌سه‌ر ده‌كرێت و به سیاسی كراوه، نه‌ك هه‌ر نابێته‌هۆی نزیككردنه‌وه‌ی ژن و پیاو له‌یه‌كتر، نه‌وه‌ك ژن كوشتن و توندوتیژی به‌رامبه‌ر ژن و منداڵ كه‌م ناكاته‌وه، بگره زۆر تۆختری ده‌كاته‌وه! ئه‌وه‌ی كه هێنراوەتە كوردستان و كاری له‌سه‌ر ده‌كرێت، ته‌نیا ئه‌م جۆره‌یه‌تی كه ده‌یه‌وێت كاربكات بۆ سه‌لماندنی ره‌گه‌زی سێیه‌م یاخود گومان خستنه سه‌ر هه‌ردوو ره‌گه‌زه‌كه‌ی تر، ئه‌مه‌ش نه پشتیوانی زانستی هه‌یه نه ئایینی و نە یاسایی. به‌بێ بوونی پشتیوانی یاسایی بڵاوبوونه‌وه‌ی بابه‌تێكی لەو جۆرە و هه‌ر بابه‌تێكی تر قوربانی نوێ و توندوتیژیی زیاتری لێ ده‌كه‌وێته‌وه.
نه‌بوونی پشتیوانی ئایینی و یاسایی بۆ ئه‌م تیۆره له كوردستاندا، واته تیۆره‌كه هه‌رچه‌ندە كاری بۆ بكرێت، هه‌رچه‌ندە پاره‌ی بۆ وه‌ربگیرێت، له كۆتاییدا نابێته پڕۆژه یاسا، كه نه‌شبووه پڕۆژه یاسا، كه‌واته نابێته یاسا. به‌ڵێ ده‌كرێت پرسیار و گومان له‌لای كوڕان و كچان دروست بكات به‌تایبه‌تی نه‌وجه‌وان و منداڵان. به‌ڵێ ده‌كرێت خه‌ڵك بخاته سه‌ر رێگه‌ی بیركردنه‌وه له جووت ره‌گه‌زی، یاخود بێ ره‌گه‌زی، ئه‌مه‌ش مافی هه‌ر كه‌سێكه، به‌ڵام ئه‌م خستنه سه‌ر رێگه‌یه، به‌بێ بوونی پشتیوانییه‌كی یاسایی له كۆتاییدا جگه له به‌رزبوونه‌وه‌ی زیاتری توندوتیژی و كۆمه‌ڵێك كێشه‌ی یاسایی، ته‌ندورستی و كۆمه‌ڵایه‌تی، هیچی تری لێ سه‌وز نابێت. مرۆڤ به‌م ره‌گه‌زه‌ی ئێستایه‌وه كه هه‌یه‌تی چ ژن چ پیاو گیرۆده‌ی كۆمه‌ڵێك كێشه‌ی گه‌وره و پرسیاری وه‌ڵامنه‌دراوه‌یه چ جای بگات به‌وه‌ی كه چیتر ژن‌بوون یاخود پیاوبوونی خۆیی قبووڵ نه‌بێت، ببێته بێلایه‌ن یاخود ببێته هه‌ردووكیان له كوێش له هه‌رێمی كوردستاندا! ئه‌م دۆخانه یاسای تایبه‌تیان ده‌وێت رێكیان بخات، یاسایه‌كی له‌و جۆره‌ش له عیراقدا رێگه پێدارو نییه، چونكه دژایه‌تی ئایینی ئیسلام ده‌كات. كاركردن بۆ چه‌سپاندنی تیۆرێكی له‌م جۆره كه پشتیوانی یاسایی، ئایینی، زانستی، كۆمه‌ڵایه‌تی و مۆراڵی نییه، نه‌ك ناچێته خانه‌ی هۆشیاركردنه‌وه‌ی كۆمه‌ڵگە و به‌رگریكردن له مافه‌كانیانه‌وه، بگره ده‌بێته هۆی به‌رهه‌مهێنانه‌وه‌ی توندوتیژی و كێشه‌ی یاسایی و بایۆلۆجی و ده‌روونیشی لێده‌كه‌وێته‌وه.
له‌بری ئه‌وه‌ی گومان له كچبوونی كچه‌كان بكه‌ین و پرسیار له كوڕبوونی كوڕه‌كان بكه‌ین، با لێیان گه‌ڕێین كچه‌كان كچ بن به كچێتی خۆیانه‌وه و كوڕه‌كانیش كوڕ بن به كوڕێتی خۆیانه‌وه. راسته ئه‌م تیۆره له هه‌ندێك لە وڵاتانی جیهاندا یاسای بۆ ده‌ركراوه و ئازادی دراوه به گۆڕینی ره‌گه‌ز و پێناسه‌ی ره‌گه‌زی كۆمه‌ڵایه‌تی به‌ته‌ك بایۆلۆجییه‌كه‌وه ماده‌ی تایبه‌تی بۆ ده‌ركراوه، به‌ڵام مانای ئه‌وه نییه كه پشتیوانی ته‌واوی كۆمه‌ڵگەشی به‌ده‌ستهێناوه. وێڕای ئه‌وه‌ش له‌و وڵاتانه‌دا ئایین سه‌رچاوه‌ی یاسادانان نییه و به یاساییكردنی بابه‌تێكی لەو جۆرە پشتیوانیی ده‌ستووری هه‌یه، به‌ڵام ئه‌مه بۆ كوردستان وا نییه.
جێنده‌ر به‌ته‌نیا ئه‌مه نییه، گه‌لێك به‌ش و سه‌رچاوه‌ی تریشه كه له‌ناو ئایینی ئیسلام و یاساكانی عیراقیشدا جێگه‌یان ده‌بێته‌وه و پشتیوانی كۆمه‌ڵایه‌تی و مۆراڵی باوی كۆمه‌ڵگەشیان هه‌یه. مافی یه‌كسان بۆ هه‌ردوو ره‌گه‌ز، كه‌مكردنه‌وه‌ی جیاكاریی ره‌گه‌زی و توندوتیژی و ره‌خساندنی كورسی خوێندن و كار به شێوه‌یه‌كی یه‌كسان له نێوان هەردوو رەگەزدا، هه‌روه‌ها شه‌ڕی چه‌سپاندنی مافه‌كانی ژن و منداڵ و به‌هێزكردنی پێگه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی ژن شه‌ڕه گه‌وره‌كه‌یه، نه‌ك زیادكردنی ره‌گه‌زی تر و زه‌قكردنه‌وه‌ی جیاواز‌ییه‌كان به‌ناوی له‌ناوبردنی جیاوازییه‌كانه‌وه!
*ماسته‌ر له یاسا، پسپۆڕی زانستی تاوانناسی و ده‌ستوور، راهێنه‌ری به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی توندوتیژی به‌رامبه‌ر ژنان و منداڵان.
پەراوێزەکان:
1- پۆسپۆڕانی بایۆلۆجی هه‌تا ئه‌مڕۆ كۆكن له‌سه‌ر بوونی دوو جێنده‌ر كه ژن و پیاون.
2- سوره‌تی الحجرات ئایه‌تی 13.
3- سیمۆن دو بۆڤوار، ره‌گه‌زی دووه‌م، كتێبی دووه‌م.
4- سیمۆن دو بۆڤوار، ره‌گه‌زی دووه‌م، كتێبی دووه‌م
5- هه‌مان سه‌رچاوه
6- هه‌مان سه‌رچاوه
7- دروستكردنی جێنده‌ر، ڤێست تزیمه‌رمان 1987.
8- پێشه‌نگی وڵاتانی ئه‌وروپی كه كار له‌سه‌ر ئه‌م تیۆریه ده‌كات له دایه‌نگه‌كانه‌وه هه‌تا قۆناغه‌كانی تری خوێندنی سویده.
9- ئه‌مه‌یان جودا له هه‌ڵبژاردنی ره‌گه‌ز باس له مافی كاركردنی بۆ هه‌ردوو ره‌گه‌ز ده‌كات، له‌گه‌ڵ جل له‌به‌ركردن به‌وجۆره‌ی خه‌ڵك خۆی ده‌یه‌وێت وه‌ك له‌به‌كردنی عه‌زی و ته‌نوره له‌لایه‌ن پیاوه‌وه و مكیاجكردنی پیاوان، لێخوڕینی لۆری و كرێكاری له‌لایه‌ن ژنه‌وه و هه‌تا دوایی ئه‌م بابه‌ت به‌گوێره‌ی یاسا و دینی ئیسلام هه‌مان حوكمی جێنده‌ری كۆمه‌ڵایه‌تی نییه و جیاوازه له ئازادی هه‌ڵبژاردنی جێنده‌ر.