سەرۆک بافڵ پێشوازیی له‌ وەفدێکی كۆمارى چين دەکات

05:29 - 2023-02-14
کوردستان
405 جار خوێندراوەتەوە

بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە دەباشان پێشوازیکرد له‌ وەفدێکی كۆمارى چين به‌ سه‌رۆكايه‌تی ژوو ‏رووى، یاریدەدەری وەزیر لە فه‌رمانگه‌ى په‌يوه‌ندييه‌كانى ده‌ره‌وه‌ى کۆمیتەی ‏ناوەنديی پارتى كۆمۆنيستى چین.

له‌ ديدارێكدا كه‌ رەفعەت عەبدوڵڵا، بڕیاردەری دەستەی کارگێڕی و د.میران محەمەد، ئەندامی مەکتەبی سیاسی و سەركەوت محەمەد غەفوور، لێپرسراوی بۆردی پەیوەندییەكانی دەرەوەی یەکێتی و چوو وەی، باڵیۆزی چین لە عیراق و لیو زین یونگ، کونسوڵی چین لە هەرێم و ژمارەیەک لێپرسراو و راوێژکاری حزبی کۆمۆنیستی چین ئامادەبوون، گفتوگۆ لەبارەی دۆخی هەرێم و عیراق و پەیوەندییەکانی نێوان هەردوولا کرا و جەخت لە بەردەوامی هەماهەنگی و هاریکارییەکان کرایەوە بەتایبەت لە بوارە سیاسی، ئابووری و کەلتورییەکان بەشێوەیەک کە هاوکاربێت لەبەرەوپێشچوونی هەرێمی کوردستان.

سەرۆک بافڵ جەلال تاڵەبانی پەرۆشیی یەکێتی بۆ پەرەپێدان و پتەوترکردنی پەیوەندی لە مێژینەی نێوان هەرێم، یەکێتی و پارتی کۆمۆنیستی چین دووپاتکردەوە و رایگەیاند، بناغەی ئەم پەیوەندییە پتەوە لەسەر دەستی سەرۆک مام جەلال بونیادنراوە و ئێمەش دريژەپێدەر و هەماهەنگ دەبین.

لە بەرامبەردا وەفدی کۆماری چین جەختیان لە قووڵکردنەوەی پەیوەندییەکان و پشتیوانی زیاتر کردەوە لەپێناوی گەشەپێدانی هەرێم و بەرەوپێشچوونی لە بوارە جیاوازەکاندا.

#بافڵ جەلال تاڵەبانی

بابەتە پەیوەندیدارەکان